مرۆڤ و هاوبەشیکردن، داهێنان و گەشەپێدان

09:48 - 2022-12-18
ئابووری
769 جار خوێندراوەتەوە
#پێداویستییەکانی مرۆڤ بە گوێرە قووچەکەکەی ئەبراهام ماسلۆ

فەیسەڵ عەلی

ئەو ناونیشانەی سەرەوە، چوار وشەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، هەر یەکێک لەو وشانە پرشنگدارن، بەڵام کاتێک چواریان بەیەکەوە دەبنە تەواوکەری یەکتر پرشنگدارتر دەبن، وشە بنچینەییەکەی نێوان ئەو چوارە مرۆڤە، بەهای مرۆڤ لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە هەموو بوونەوەرەکانی تر جودایە، هەروەها توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ دەوروبەری خۆی هەیە و سوودی لەسەرچاوەکان وەرگرتووە و توانیویەتی داهێنانی تێدا بکات. 
مرۆڤ لە کاروانی ژیانیدا، توانیویەتی مەعریفەی زۆر و هەمەجۆر بەدەست بهێنێت. بە هاوبەشی مرۆڤیتر رۆڵی لە داهێنان و کاری بەرهەمهێن و گەشەپێداندا هەبێت، نەک لەسەر ئاستی یەک نەوە، نەک لە چوارچێوەی یەک شارستانی، بەڵکو لەسەر ئاستی نەوە لە دوای نەوەو شارستانییە جیاوازەکان، کە بە درێژایی مێژوو مرۆڤی پێیدا تێپەڕبووە.

بیرۆکەی دەستی شاراوە
مەبەستی ئەم نووسینە، خستنەڕووی پرسی هاوبەشیکردنە لە ژیانی مرۆڤ و رۆڵییەتی لە داهێنان و گەشەپێداندا، دەشێ خاڵی دەستپێکی ئەم هاوبەشیکردنە لە خودی سروشتی مرۆڤ و پێداویستییەکانی ژیانییەوە سەرچاوەی گرتبێت. ئەگەر لە پێناسەکەی ئەبراهام ماسلۆ- وە، لەو پێداویستییانە بڕوانین، لە پێنج ئاستدا دەیبینین، ئەمانە دەگرێتەوە، پێداویستییە بنچینەییەکان ئاستی یەکەمیەتی، پێداویستییەکانی ئاسایش ئاستی دووەمیەتی، پێداویستییەکانی وابەستەیی و خۆشەویستی ئاستی سێیەمیەتی، پێداویستیی پێگە و رێز ئاستی چوارمیەتی، ئاستی پێنجەمیشی پێداویستییەکانی ناوازەیی و دەستەبەرکردنی خودە.
رەنگە گونجاو بێت لێرەدا، لە پرسی پەیوەندیی ژیانی مرۆڤ بە هاوبەشییەوە، باس لە بیرۆکەی دەستی شاراوە  بکەین کە ئادەم سمس لە کتێبی سامانی نەتەوەکاندا باسی لێوە کردووە. ئەو بیرۆکەیە دەڵی، مرۆڤ بە تەنها ناتوانێ  پێداویستییە هەمەجۆرەکانی دابین بکات، بەڵکو لە رێی هاوبەشیکردنی ئەوانی ترەوە دابینی دەکات. ئەو دەتوانێ لە بوارێکی دیاریکراودا کارێک بکات کە بۆی گونجاو بێت، وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی، کڕین و فرۆشتن، یان هەر کارێکی تر، تا لێوەی پێداویستیی خۆی و پێداویستیی ئەوانی تری ناو کۆمەڵگەکەی دابین بکات، لە بەرامبەریشدا لە بوارەکانی تردا پێداویستییەکانی تری دەست بکەوێت. بیرۆکەکە وای بۆ دەچێت کە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییدا ئەو پرسە بە شێوەیەکی سروشتی روو دەدات، بەبێ ئەوەی پلانی پێشوەختەی هەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی جیاوازیی ئاست و تواناکانی مرۆڤ لە بوارە هەمەجۆرەکاندا، لەبەرئەوەی ئەوە بەشێوەیەکی خۆڕسکانە روو دەدات، بیرۆکەی هاوبەشیی خۆڕسکانەی نێوان مرۆڤەکان بە دەستی شاراوە ناونراوە.

هاوبەشیی سەرکەوتوو ئاسۆی فراوان
قسەی زۆر کاریگەری هەندێک لە ناودارانی خاوەنکار لەمەڕ هاوبەشیی سەرکەوتوو هەیە، لێرەدا دوو وتەی گرنگ هەڵدەبژێرین، یەکێکیان دەڵێ:» هاوبەشیی سەرکەوتوو، ئاسۆیەکی فراوان بۆ هەر هاوبەشێک دەڕەخسێنێت». دووەمیشیان، دەڵێ:» هاوبەشیی سەرکەوتوو پێویستی بە هاوبەشی بەهێز هەیە». لە وتەی یەکەمدا راستییەک هەیە، کە هاوبەشیکردن دەرفەتی فێربوون لە هاوبەشەکانی ترەوە دەڕەخسێنێت، تا لە میانی ئەو هاوبەشییەدا ئاسۆی نوێی کار و کارە هەمەجۆرەکانیان یەکدی تەواو بکەن. لە وتەی دووەمیشدا راستییەک هەیە، لەوەی هاوبەشیی سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت، ئەگەر هەر هاوبەشێک رۆڵێکی کارای لەو هاوبەشییەدا نەبێت، رۆڵی هاوبەش هێزی ئەو لەو هاوبەشییەدا پیشان دەدات، ئەگەر ئەو رۆڵەی وەک پێویست نەبوو، ئەوا پێناچێت ئەو هاوبەشییە بەردەوام بێت.
لای خاوەنکار داهێنان بزوێنەری سەرەکی بزنسی نوێ و نوێبووەوەیە. لەم چوارچێوەیەدا ئەم وتەیە دەخەینەڕوو:»پێشەنگیی کار تەرکیز، ناوازەیی، رێکخستن، داهێنان و بەردەوامی دەگرێتەوە». تەرکیز ئاراستەی کاری بە ئامانجگیراو دیاریدەکات، ناوازەیی لایەنە هەمەجۆرەکانی ئەو کارە بەهێزتر دەکات، رێکخستن کڵێشەی پەیکەری کار و رێوشوێنەکانی دیاری دەکات، داهێنان بیرۆکەی نوێ و نوێبووەوە پێشکەش دەکات کە دەرهاویشتەی کارەکە سودی زۆری بۆ سودمەندانی بەرهەمەکانی دەبێت، لە دواییشدا، بەردەوامی دێت، کە لە کاتی پێویستدا داوای هاوبەشیی لەگەڵ ئەوانیتر دەکات، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە، بازاڕکاری دەکات و بەشێوەیەکی دروست بەرهەمەکان دەخاتەڕوو، بەجۆرێک ئارەزووی بەکاربەران جێبەجێ دەکات.

خاوەنکار و داهێنانی پێداویستییەکان
لە چوارچیوەی ئەوەی سەرەوە، وتەی یەکێک لە دیارترین پێشەنگانی بزنس لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا بە نموونە دەهێنینەوە، ئەویش ستیڤ جۆبز-ی دامەزرێنەری کۆمپانیای  ئەپڵە کە دەڵێ: «داهێنان و پێشکەشکردنی بەرهەمی نوێ و خستنە بازاڕی، ئەرکی کڕیاران نییە و دەبێ ئێمە خواستەکانیان دیاری بکەین». مەبەست لەم قسەیە ئەوەیە کە پێویستە پێشەنگانی بزنس و هاوبەشەکانیان و ئەو داهێنەرانەی لەگەڵیاندان ئەو بەرهەمانە بخەنە بازاڕەوە کە کڕیاران پێویستیانە، بەرلەوەی ئەوان هەست بەو پێویستییەیان بکەن، واتە، ئەوەی لێرەدا ناوازەیە، هەڵگێرانەوەی ئەو وتەیەیە کە دەڵێ:(پێویستیی دایکی داهێنانە) بۆ (داهێنان پێش پێویستییە).
ستیڤ جۆبز، لە بواری رۆڵی کۆمپانیاکان لە پێشکەشکردنی دەستکەوتی نوێدا، وتەیەکی تری هەیە کە دەڵێ: «دەستکەوتە گەورەکانی پێشەنگەکانی بزنس لە کەسێکەوە سەرچاوە ناگرن، بەڵکو لە رێی تیمێکی کارکردنەوە بەرهەم دێن». دەستکەوتی لەو جۆرە، بەتایبەتی لەم سەردەمەی تێیدا دەژین، ئاڵۆزە و تاکەکەسێک بە تەنها ناتوانێ ئەنجامی بدات. پرۆگرامەکانی سیستمی کۆمپیوتەری چ ئەوانەی «مایکرۆسۆفت» یان «ئەپڵ» یان ئەوانیتر، بەرهەمی ئاڵۆزن و ژمارەیەکی زۆری شارەزا تێیدا بەشداربوون، لێرەدا دەبێ جیاوازیی بکەین لە نێوان سەرکردایەتیکردنی بزنس لەگەڵ جێبەجێکردنی بزنس و داهێنان. بزنس پێویستی بە سەرکردایەتی و تەواوکاریی هەیە، هەروەها هاوبەشییشی پێویستە.

زانکۆکان خزمەتی کۆمەڵگە دەکەن
لێرەدا رەنگە گونجاو بێت، نموونەیەکی زیندوو لەمەڕ هاوبەشیی و داهێنان و گەشەپێدان بخەینەڕوو، ئەویش هاوبەشیی نێوان زانکۆکانە کە مەعریفە بڵاودەکەنەوەو بایەخ بە داهێنان لە بوارە هەمەجۆرەکاندا دەدەن، لە لایەکیتریشەوە، کەرتەکانی مەعریفە وەگەڕدەخەن و بەرهەمی نوێ و نوێبووەوە پێشکەش دەکەن. سەرکەوتنی ئەم جۆرە هاوبەشییە مسۆگەرە، چونکە هەرلایەک رۆڵی سەرەکی خۆی تێدا دەگێڕێت، هەروەها ئاسۆیەکی فراوانی کار بە لایەکەی تر دەبەخشێت. بەو جۆرە مەعریفە و پێدراوەکانی لە زانکۆکان خزمەتی کۆمەڵگە دەکەن چ بەوەی پێداویستییەکانی دابین دەکەن و چ بەوەی بەرهەمی نوێ دەخانە بازاڕەوە کە بەدەرە لە پێویستی کۆمەڵگە، هەروەها وەگەڕخستنی مەعریفە لە کەرتە هەمەجۆرەکانی ناو ئابووریدا، تا توانای کێبڕکیی زیاتر بێت و لە ژینگەی پێشبڕکێی مەعریفی جیهانییدا رۆڵی بەرچاوی هەبێت، کە یەک لە خەسڵەتە دیارەکانی ئەم سەردەمەیە.
بەم جۆرە ئەم نووسینە، گرنگیی پێدانی خۆڕسکی مرۆیی بە پرنسیپی هاوبەشیی و پێشەنگیی بزنس و داهێنان و بەرهەمی نوێ و نوێبووەی روون کردەوە، هەروەها کاراکردنی توانای کێبڕکێ و دەستەبەرکردنی گەشەپێدان. دەکرێ ئەوانە لەسەر ئاستی جیاواز دەستەبەر بکرێن، لەسەر ئاستی ناوخۆییەوە تا بە ئاستی فراوانی جیهانی دەگات. بە هیوام لە داهاتوودا لەسەر ئەم پرسە نوسینی تریشمان هەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان