قادر سەیاحی، هونەرمەندێكی دڵسۆز، بەڵام مافخوراو

11:57 - 2022-12-18
کەلتور
520 جار خوێندراوەتەوە
# هونەرمەند قادر سەیاحی

جەواد حەیدەری 

قادر سەیاحی كوڕی محێدین سەیاحی رۆژی 4ی حوزەیرانی ساڵی 1941 لە شاری مەهاباد لە بنەماڵەیەكی ئایینیدا چاوی بەدنیا هەڵێناوە و قۆناغی خوێندنی سەرەتایی هەر لەو شارە تەواوکردووە و پاشان روویکردۆتە تاران و لەوێ لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان بەشی میوزیكی تەواو کردووە و دواتر بۆتە مامۆستای میوزیك.
قادر سەیاحی جگە لە گۆرانی وتن، ژەنیار و ئاوازدانەرێكی بەتوانا بووە، هەرچەند ئەو هونەرمەندە بەرهەمی كەمە، بەڵام ئەو بەرهەمانەی كە بڵاویكردوونەتەوە، چەند بەرهەمێكی زۆر بەپێز و ناوازەیە.
  17 ی نیسانی 2022 لە شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ لەكاتی نەشتەرگەریدا تووشی جەڵتەی دڵ دەبێت و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە میوزیك و گۆرانی و هونەری كوردی دەكات و تەرمەكەی لە گڵكۆی هونەرمەندان و ناودارانی شاری مەهاباد بەخاك سپێردرا.

تاران بوو بە دەروازەیەك بۆ سەیاحی  
بەهۆی ئەوەی كە بنەماڵەكەیان ئایینی بووە و هەروەها دۆخی ئەوسای شاری مەهاباد لەبارنەبووە بۆئەوەی كە گەشە بە تواناكانی خۆی بدات، رێگەی تاران دەگرێتەبەر و پاش تەواوكردنی خوێندن لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان لە بەشی میوزیك، دەبێتە مامۆستا، پاشان وەك سەرۆك و سەرپەرشتیاری ئۆركێسترای «یانەی ئەفسەرانی ورمێ» دادەمەزرێت و تا شۆڕشی گەلانی ئێران لەساڵی 1979 لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە. 
سەرەتا تەنها ساكسیفۆن ئاڵتۆی دەژەنی، بەڵام دواتر بەهۆی هۆگربوونی بۆ كلارنێت، ئەو ئامێرە هەڵدەبژێرێت و هەتا كۆتایی تەمەن تەنها كلارنێتی دەژەند. 
لە سەرەتای شەشتەكانی سەدەی رابردوودا لە تاران دەگیرسێتەوە و پاشان دەچێتە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان و پاش تەواوكردنی پەیمانگە سەرقاڵی وانەبێژی و وەرگرتنی ئەزموون و تاقیكردنەوە دەبێت لە بواری میوزیكدا. دواتر لە كۆتایی شەستەكانی سەدەی رابردوو بەهۆی ئاشنابوونی لەگەڵ یانەی ئەفسەران و كۆشكی لاوان لەگەڵ كۆمەڵێك ژەنیار و گۆرانیبێژی گەنجدا یەكەمین گروپی میوزیكی سێ زمانەیان ( كوردی، فارسی، توركی) لە رادیۆ و پاشان لە تەلەفزیۆنی ورمێ دامەزراند. 
ئەگەرچی وەك كاربەدەست سەرقاڵی كاری رۆژانەی بووە، بەڵام بۆخۆی سەرپەرشتی ئەو گروپەشی خستۆتە ئەستۆی خۆی، هۆكارەكەشی ئەوە بووە كە هیچ یەك لە ئەندامانی گروپەكە بەشێوەیەكی زانستی و ئەکادیمی میوزیکیان نەخوێندووە، ئەو ناچاربووە هەموو كاری دابەشكردن و ئامادەكردن لە ئەستۆی خۆی بگرێت. 
گروپەکە بریتی بووە لە هەریەک لە ئیسماعیل شاهی، عەسكەر سادقی، فاروق مەتین، ئیرەج شارۆخ، مەلیحە ئابادی
(گۆرانیبێژ)، ئێران موجەڕەد 
(گۆرانبێژ)، رەشید فەیزی نەژاد و فەرەیدوون وەردە (گۆرانیبێژ) پەری نیك نەواز و هیدایەت قانعی، ئەم گروپە زۆربەی بەرهەمەكانی میوزیکی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئەوسای ورمێ-یان تۆماركردووە.

لە كرماشان هاوكاری ناكرێت 
سەیاحی چەند بەرهەمێكی ئامادەكراوی هەبوو بۆئەوەی تۆماریان بكات، بۆ ئەو مەبەستەش چەند جارێك سەردانی رادیۆی كرماشان دەكات بۆئەوەی لەوێ تۆماریان بكات، بەڵام بەداخەوە هاوكاریی ناكەن و ئەو بەرهەمانە بۆ ماوەی چەند ساڵێك دەمێنێتەوە. دواتر لە كۆتایی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا لە مهاباد دەرفەتێك دەڕەخسێت و لەوێ تۆماریان دەكات و هەر لەو شارەش لەگەڵ چەند گەنجێكی ژەنیار بە ناوەكانی ئەحمەد ( خانە) ئەحمە دزادە، بەهمەن مەتڵوب و ئەحمەد نازڵو و دۆستایەتی پەیدا دەكات و پێكەوە وەك گروپێك كاردەكەن و هونەرمەندێكی وەك شەهید جەمال موفتی و كەسانی تریش بە هاوكاریی سەیاحی و گروپەكەی توانیان چەندین بەرهەم و گۆرانی تۆماربكەن.
 
بەرهەمەكانی سەیاحی
گۆرانییەكانی وەك بێ تۆ (بە قسەی عیشق) ناسراوە، كیژی مەهابادی، یادم كە، خۆشم دەوێی، جەمیلە، یارەكەم چاوی شینە، تۆی نازەنیم و دوعا لە بەناوبانگترین گۆرانییەكانی قادری سەیاحی-ن، كە لە بواری زانستی ئەكادیمی و جوانناسی و نوێگەریی لە ئاستێكی باڵادان.
قادر سەیاحی وەك دابەشكار و ژەنیار و سەرپەرشتیاری ئۆركێسترا لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندانی ئەوسای موكریان، عەزیز شارۆخ (تۆ دەریامی) شەهید جەمال موفتی، ئەحمەد ئیسلامی كاری كردووە و جێ پەنجەی بەسەر بەرهەمی ئەو هونەرمەندانە دیارە.
ساڵی 1977 لەسەر شەقامی ورمێ تووشی رووداوێكی سامناك دەبێت و چەندین نەشتەرگەریی بۆ دەكرێت، بەشێوەیەك كە هەموو ددانەكانی بۆ هەمیشە لەدەستدا و ئەمەش كاریگەریی لەسەر كارە هونەرییەكانی دانا و هەتا كۆچی دواییشی كرد، بەدەست ئەو ئازارەوە ناڵاندی.
لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا و پاش ئەوەی كە دەزگای چاپ و پەخشی سەڵاحەدینی ئەیبوبی لە شاری ورمێ دامەزرا، داوایان لە قادر سەیاحی كرد كە هاوكاریان بێت، بەو هۆیەشەوە جارێكی دیكە دەرفەتی بۆ رەخسا كە دەست بكاتەوە بەكارەكانی، ئەمە لە كاتێكدا بوو كە پێشتریش مامۆستا هێمن موكریانی لە گۆڤاری ئەدەبیی سروە سەرقاڵی كاركردن بوو. 
گروپی مۆسیقای سروە پێكهات كە چەند هونەرمەندێكی لەخۆ دەگرت لەوانە قادر سەیاحی ئاوازدانەر و ژەنیاری كلارنێت و گۆرانیبێژ و دابەشكار، محەمەد سەفایی (زەڕب)، هیدایەتی قانعی(كەمان)، عەسكەر سادقی (تار)، هۆشەنگ هیربوود( عود) و محەمەد بەرزین(گۆرانیبێژ).
كەسانی دیكەی وەك ئیسماعیل شاهی، رەشید فەیزی نەژاد، كەریم سەفەری سەرای، عەلی زەندی، ئەحمەد لاوە، ئیرەج شارۆخ-یش وەك ئەندامی میوان لەگەڵ گروپی سروە هاوكارییان دەکرد. 
ئەو گروپە زیاتر لە 10 ساڵ چالاكیی هونەرییان پێشکەش كرد و لە زۆربەی شارەكانی كوردستان و هەندەران كۆنسێرتیان بەڕێوەبرد و لە ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا شینیان گێڕا. 
ساڵی 1990 فیلمێك بە ناوی بووكی هەڵەبجە سەبارەت بە كیمیابارانی هەڵەبجە بەرهەمهێنرا، كە سەیاحی تێیدا گۆرانی « كاڵێ دەڵێت و لە بەشی میوزیکی فیلمەكەش رۆڵی بەرچاوی هەبووە كە بە داخەوە ناوی تەنها وەك گۆرانیبێژ لەسەری نووسراوە.

گۆرانی بێ تۆ
كەم كەس هەیە لە كوردستان گوێی لە گۆرانی « بێ تۆ» نەبووبێت، ئەم گۆرانییە لە باكووری كوردستان بە بەیادی(Beyadî)  لە باشووری كوردستان بە ناوی قسەی عیشق ناوبانگی دەركردووە. زۆر كەس ئەو گۆرانییەیان وتۆتەوە، لەكاتێكدا ئاماژەیان بە ناوی ئاوازدانەرەكە نەكردووە و بەناوی خۆیانەوە بڵایانكردۆتەوە، هەر بۆیە چەندین ساڵ ئەم گۆرانییە لە باكوور و رۆژئاوای كوردستان بە ناوی هۆزان سەرحەد و لە باشووری كوردستانیش بە ناوی زیاد ئەسعەدەوە لە قەڵەمدەدرا، لەكاتێكدا هی ئەوان نەبوو و لەراستیدا هی قادر سەیاحییە و ئەو گۆرانییە ساڵی 1972 لە شاری مەهاباد تۆمار كراوە.

گۆرانی بێ تۆ 
هەر ئەمنم ئەو كەسە ژینی بۆ تۆ ماوە
حەز لە كەس ناكەم، قەت تاكو دونیا ماوە
هەر تۆ قسەی عیشقم تووخوا مەمخە لاوە
تووخوا مەمخە لاوە جەرگم سووتاوە
 ئەتۆی خۆشەویستم بە دڵ دەتپەرستم
هەر ئەتۆی تەكیەگاهی شیعر و هەڵبەستم
بە یادی دوو چاوت بە خودای بێ مەی مەستم
وەڵڵا بێ مەی مەستم تۆ قسەی عیشقم 
رەنگ زەرد و چاو بە گریانم بە خودای بێ تۆ
بێدەنگ و مات و غەمبارم وەڵڵا بێ تۆ 
جا بۆ چیمە ئەمن ئەو ژیانە بێ تۆ
ئەو ژیانە بێ تۆ ئەی قسەی عیشقم

سەرچاوە/ wikipedia.org

بابەتە پەیوەندیدارەکان