ڤاتیکان، بچووکترین وڵات

12:25 - 2022-12-18
دووتوێ
501 جار خوێندراوەتەوە

ئا: بورهان ئەمین

ڤاتیکان رووبەرەکەی تەنها نیو کیلۆمەترە، لەسەر ئاستی جیهان لە رووی رووبەرەوە بچووکترینە، ژمارەی دانیشتوانەکەی 825 کەسن، لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە بە سێ لە بچووکترین وڵاتی سەر زەمین دەژمێردرێت، هەموو خەڵکەکەی قەشەو پیاوی کڵێسای پاپان بریتین لە 17 کاردیناڵ و 104 پاسەوانی سەر بە سوپای سویسری و 304 کارمەندی حکومەت، ئەوانی تریش خزمەتگوزار و کابان و قاوەچی و بەردەستییەکانی کڵێساو ماڵی پاپا و خەڵکانی تری جیاجیان، بەشی هەرە زۆریان پیاون و تەنها 5 ٪ یان ژنن، جاران ژنان هیچ مافێکی تایبەتیان نەبوو، بەڵام ئێستا جۆرێک لە مافی یەکسانیان لەگەڵ پیاوان پێدراوە، لێکجیابوونەوەی هاوسەرەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، لەوێ کەس موڵکی نییە هەموو خانوو ماڵ و بەرژەوەندییەکان هی کڵێسایە و پاپا و ستافەکەی سەرپەرشتی دەکەن، مافی هاوڵاتیبوون تەنها بۆ ئەوانەیە لەوێ دەژین، کە لەو وڵاتە کار بکەیت یەکسەر رەگەزنامە وەردەگری، بەڵام کاتێک کارەکەت تەواو دەبێت یەکسەر ئەو مافەت لێ دەسەندرێتەوە. 
ئەوەی گەشتی ئەو وڵاتە بکات و بیەوێت لەوێ بمێنێتەوە دەبێت بچێت ئوتێڵێک لە نزیک ئەوێ و ناو رۆما بەکرێ بگرێت و دواتر سەردانی ئەوێ بکات، ساڵانە لە هەموو وڵاتانەوە سەدان هەزار گەشتیار روو لەو وڵاتە دەکەن و بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەکە و کەلتورەکەی ئاشنادەبن و ئەوانەی بیانەوێت سەرێک لە پاپا بدەن دەبێ پێشوەختە وادە لەگەڵ ستافی کڵێسا دیاری بکەن و بە شێوازێکی پرۆتۆکۆلی پێشوازی لە میوانان دەکرێت و دەبێت گەشتیار جلی فەرمی و ماقوڵ لەبەربکات و ژنانیش نابێت جلی رووت و جلی دەرەوەی ئاسایی لەبەر بکەن، بەڵکو دەبێت لەناو کڵێساو لە بەردەم پاپا جەستەیان تەواو داپۆشراو بێت و عەبای تایبەتی بپۆشن.
سوپای پاسەوانان
ڤاتیکان سوپایەکی بچووکی 110 سەربازی تایبەتی پرۆفێشناڵی هەیە، مەشقی تایبەتیان پێکراوە و جلی رەنگاو رەنگ و پۆشتە لەبەردەکەن، کاری سەرەکیان پاسەوانکردنی پاپا و پاراستنی دامودەزگاکانی سەر بەکڵێساو حکومەتە، هەر 25 ساڵ جارێک ئەو سوپایە نوێ دەکرێتەوە، بڕیار وایە لە سی ساڵی داهاتوودا بە زیادکردنی 25 پاسەوانی تر سوپاکە دەکەنە 135 کە هەموویان سەربە سوپای وڵاتی سویسران، لە ئێستادا دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ دامەزراندن کراوەتەوە، مەرجەکانیان بریتییە لەوەی دەبێت داواکار دەبێت زگورتی بێ و تەمەنی لەنێوان 19 - 35 ساڵ بێت و تەندروستی باش بێت، خاوەن رەوشت و مۆراڵێکی بەرزبێت و باڵای لە 174 سم تێپەڕ نەکات.
بۆچی سویسرا ؟
لەسەدەی شانزەهەم بەهۆی هەژاری زۆربەی کانتۆنەکانی سویسرا خەڵک بەناچاری دەچوونە ریزی سوپای وڵاتانی بێگانە و لە پێناو دابینکردنی بژێوی ژیانیان خزمەتی سەربازی بێگانەیان دەکردە سەرچاوەی ژیانیان، پاپای ئەو سەردەمە داوای لە سویسرا کرد  ژمارەیەک سەربازیان بۆ بنێرێت بۆ پاسەوانیکردنی ڤاتیکان، لە 1506 یەکەمین کەتیبەی سوپای سویسرا رەوانەی ئەو وڵاتەکرا و لە ئەرکەکەیاندا سەرکەوتوو بوون، قوربانییەکانی سوپای ئەو وڵاتە لەپێناوی پاپادا بێ وێنە بوون، لە ئایاری ساڵی 1527 کاتێک سوپای ئەڵمانی سەردەمی کارلی پێنجەمی ئیمپراتۆری ئەڵمانیا پەلاماری ڤاتیکانیان داوە، ئەو سەربازانە بە رشتی بەرگریان کردووە و لە کۆی 189 سەرباز 150 یان لێ کوژراوە و داستانێکی ئازایانەیان تۆمارکردووە، لەپای ئەو قوربانیانەیان لەو کاتەوە سوپای سویسرا سەرپەرشتی دەستەی پاسەوانانی پاپا دەکات، بۆیە رۆژی 6 ی ئایاری هەموو ساڵیک بۆتە رۆژی رێزلێنانی سوپای پاسەوانانی پاپا و رێوڕەسمی شایستەیان بۆ سازدەدەن.

سەرچاوە: Vatikan
 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان