قەدری غەریبان

11:13 - 2022-12-19
کەلتور
498 جار خوێندراوەتەوە

ئا: نیما کامیل 

ئێمە ئەو كەسانەین کە ئەوانی تر دەمانبینن و خۆمان، خۆمان نابینین. بە درێژایی تەمەن هەوڵدەدەین تێبگەین چۆن كەسێكین، بەڵام ئەوە ئەوانی ترن دەماندۆزنەوە.
لێكۆڵینەوەكان دەریدەخەن یەكەم بەریەككەوتن دەبێتە هۆی ناسینمان لە مێشكی ئەوانی دیكەدا.لەڕاستیدا تەمەنێك دەستوپەنجە لەگەڵ ئەوەدا گەرم دەكەین تا خۆمان بناسین، بەڵام گوایە شوناسی ئێمە لە یەك چاوتروكاندا بەخێرایی بۆ ئەوانی دیكە ئاشكرا دەبێت.ئاوێنە، وێنە، فیلم و دەنگی تۆماركراو ئەو تەكنۆلۆژیایانەن شوناسی ئێمە ئاشكرا دەكەن و ئەو كەسە نیشان دەدەن كە ئەوانی تر دەیبینن و خۆمان نایبینین.بەڵام چەند كەس لە ئێمە توانای ئەوەی هەیە لەگەڵ ئەمەدا بەرەوڕوو بێتەوە؟ چونكە بەڕاستی زۆربەی ئێمەمانان لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆمان رادەكەین.

پێویستیت بە دەمامك نییە
 نووسەری ئەمریكی (Meghan OGieblyn) دەڵێت: سەرەتای وانەوتنەوەكانم لە كۆلێژ، یەكێك لە هاوڕێكانم ئەزموونی وانەوتنەوەی لە من زیاتر بوو، لەبارەی لێكۆڵینەوەیەكەوە قسەی بۆ كردم نەمدەزانی لێكۆڵینەوەیەكی وا هەر هەیە و منیش هەرگیز بە دوایدا نەچووم.ئەو هاوڕێیەم وتی: ئەو لێكۆڵینەوەیە دەریدەخات پێنج چركە دوای دەستپێكردنی وانەكان لە نیوەی ساڵی خوێندندا، خوێندكاران مامۆستاكەی خۆیان هەڵدەسەنگێنن و كەم تا زۆر هەمان نمرە بۆ مامۆستاكەیان لە كۆتایی وەرزی خوێندندا دادەنێن. یانی لە سەرەتای دەستپێكردنی وانەكانەوە ئەگەر مامۆستا بە دڵی خوێندكاران بوو، ئەوە دوای سێ مانگی تریش بە هەمان رادە مامۆستاكە لای خوێندكاران شیرینە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر لە هەمان رۆژی یەكەمەوە مامۆستاكە سەختگیر و توندوتیژ دەركەوێت تا كۆتایی ناتوانێت روانینی هیچ كەسێك سەبارەت بە خۆی بگۆڕێت.هاوڕێكەم پێی وایە ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوەیە لە روانگەی ئەوەوە مایەی دڵخۆشییە، چونكە كاتێك تۆ قبووڵی بكەی كەسایەتیت دەستبەجێ بۆ هەموان ئاشكرا دەبێت ئیتر ناچار نیت بە رواڵەت خۆت بە جۆرێک دەربخەیت و پێویستیت بە دەمامك نییە. ئەو رایسپاردم هەر كاتێك تووشی دڵەڕاوكێ بووم چۆن روخساری خۆم لە ماوەی كۆرسی خوێندندا دەربخەم، ئەوەم لەبیر بێت خوێندكاران پێشتر خۆیان لەگەڵ من یەكلاكردۆتەوە.هەر لە هەمان رۆژی یەكەم كەلوپەلەكانم لە سەر مێزەكە داناوە، خوێندكاران منیان ناسیوە و بۆ گۆڕینی ئەوان هیچ كارێكم لە دەست نایە.ئەمە یەكێكە لە سەیرترین ئەو پەند و ئامۆژگارییانەی لە ژیانمدا بیستوومە.

چ جۆر مرۆڤێكین
 هەر جارێك چوومەتە پشت مایك یان بۆ یەكەمجار لەگەڵ كەسێك تەوقەم كردبێت دەستبەجێ ئەو قسانەی هاوڕێكەم وەبیر هاتۆتەوە.ئەو شتەی خەڵكانی تر لە پێنج چركەی یەكەم ئاوا بە دڵنیاییەوە لێی تێگەیشتوون چییە؟ بە رای من ئەوەی هاوڕێكەم وتی چیرۆكێكە لە بارەی سنووری خۆناسینەوە بوو. ئێمە بە درێژایی تەمەن هەوڵدەدەین تێبگەین چ جۆرە مرۆڤێكین، بەڵام ئەوە ئەوانی ترن لە یەك نیگا و روانیندا دەتوانن ئێمە بدۆزنەوە.
 هانا ئارنێت لە كتێبی «دۆخی مرۆڤ»دا دەنووسێت: شوناسی ئێمە لەناو هەموو كردار و قسەكانی ئێمەدا شاراوەیە. بەڵام ئەوەیە توانای دیتنیمان نییە، بەپێچەوانەوە ئەگەری زۆری هەیە تۆ « كێیت» وەها بۆ خەڵكانی تر ئاشكرا و دیار بێت لە دیدی خۆمانەوە شاراوە بێت.لە یۆنانی كۆندا دایمۆن (رێز، قەدر)، لە هەموو ژیاندا لەگەڵ مرۆڤە، بەڵام بە بەردەوامی شاراوە بووە و تەنها بۆ ئەو كەسانە ئاشكرا دەبێت بە تایبەتی رووبەڕووی دەبنەوە.

لە زمانی كەسانی دیكەوە
دایمۆن وشەیەكی یۆنانییە و بە مانای «قەدر و رێزە» و لە كاتی لەدایكبوون بە شێوەیەكی هەڵكەوت بە مرۆڤ دەدرێت. باوەڕێك هەیە ئەگەر مرۆڤ كەسێكی بەختەوەر بێت ئەوە لەبەر رێز و قەدری خۆیەتی، ئەگەر كەسێك ناپاك و دڵڕەش و ترسنۆك و شەڕانی بێت هەمدیسان ئەوە ئەو رۆحەیە خەتابارە.
ئێمە ناتوانین هەمیشە دایمۆنی خۆمان ببینین، بەڵام هەندێكجار چاومان پێی دەكەوێت. زۆربەمان لە زمانی كەسانی دیكەوە وەسفی خۆمان دەبیستین كە لە بنەڕەتدا لەگەڵ ئەو وێنەیەی خۆمان لە خۆمان هەیە، نامۆیە. بۆ نموونە كاتێك هاوڕێیەكمان راستگۆیانە دەڵێت تۆ هەمیشە زۆر جددیت.

خەڵكەكە بڕیاریاندا
نزیكەی ساڵێك لەمەوپێش یەكێك لە ئەكتەرە پیاوە ناودارەكانی جیهان تەنیا لەبەرئەوەی لە بەرنامەیەكی رادیۆیی چاوپێكەوتنێكی ئەویان بۆ چەند خولەكێك بڵاوكردەوە تووڕە بوو و بەرنامەكەی بەجێهێشت، بۆ؟ چونكە لە دەنگە تۆماركراوەكەی خۆی بێزار بوو. ئەو رووداوە یەك دوو رۆژ وێردی سەر زمانی خەڵك بوو. دەكرا بە شێوەیەكی ئاسایی خۆی لەو بابەتە بەدوور گرتبا. دواتر خەڵكەكە بڕیاریاندا لێی خۆشبن. تەندروستی دەروون بابەتێكی هاوبەشە بۆیە بەرگریان لێكرد. گومان لەوەدا نییە ئێمە هەموومان زۆر بەباشی لە هەستی بێزاری ئەو تێدەگەین. دەنگ هەر لە كۆنەوە بەشێك بووە لە رۆحی مرۆڤ.زۆر جاری وا هەبووە پاش وتاردان لە كەسانی دەوروبەری خۆم بیستوومە دەنگم هێوركەرەوە بووە. بەڕای من ئەو كەسانەی قسەیەكی وا لەبارەمەوە دەكەن وا بیردەكەنەوە وەسفی منیان كردووە، لەكاتێكدا هەموان دەزانن وتاربێژی باش بەر لە هەر شتێك دەبێت بە شۆڕ و شەوقەوە وتار بدات. خۆم باش دەناسم و لەوەی دەیوت دڵنیام و لە وتنی ئەو شتانەی دەیوت زۆر بە شەوق و زەوقەوە بووە، كەواتە چۆن دەنگی من جگە لەوە شتێكی دیكە دەگەیەنێت. بەڵام هەرجارێك گوێ لە دەنگی تۆماركراوی خۆم دەگرم وەها حاڵەتێك بەسەرمدا دێت. دەنگێكی یەكسان و یەكجۆر بەبێ بەرزی و نزمی. سەرەڕای هەموو هەوڵەكانم بۆ ئەوەی بە شەوقەوە وتار پێشكەش بكەم، پێدەچێت نەتوانم بیگۆڕم. 

خۆت بناسە
یۆنانییەكان لە كۆندا بڕوایان وابوو كەسێتی مرۆڤ لە قەدر و رێزی خۆیدایە. پەرستگەی دلفی دەڵێت: «خۆت بناسە» بڕیارێك بۆ شیكاری رۆح نییە، بەڵكو دەڵێت: ئەو رۆڵەی سروشت پێی داوی قبووڵی بكە، هەر وەك ئەو ئەكتەرەی لە نمایشێكدا رۆڵێكیان بۆ دیاری كردووە. بەڵام هەر وەك هاوڕێكەم گوتی: رێزلێنان ئۆقرەییەكی تایبەت بە خۆی هەیە. كاتێك ڤێرجینیا وۆلف بیستی خەڵكی وەسفی نووسەرێكی دیكە دەكەن لە حەسوودیدا نوقم بوو، بەڵام ئەوە بەو مانایە نەبوو ئەو دەستبەجێ بەپەلە بچێت قاتی سەرەوەی ژوورەكەی و لە پشت مێزەكەی دابنیشێت و هەوڵ بدات لەو كەسە باشتر بێت، بەڵكو لە بری ئەوە پیاسەی دەكرد و لەبەر خۆیەوە دەیوت،» من، منم».

 هەموو مرۆڤەكان وا بیر دەكەنەوە بە باشترین شێوە رۆحی خۆیان دەناسن، بەڵام هەزاران ساڵە فەیلەسووفەكان بۆچوونێكی جیاوازیان لەوبارەیەوە هەیە.فلۆتین یەكەم كەس بوو نیشانی دا خۆناسی پێویستی بە جۆرێك دوو كەرتبوونەوە هەیە.ئەگەر ئێمە بتوانین خۆمان بناسین، ئەو كەسەی دەبێت كرداری ناسینەكە بكات كێیە؟ ئەو شتەی دەناسرێت بە وردی چییە. شوپنهاوەر ئەو كێشەیە بە (weltknoten) واتە گرێی جیهانی لە قەڵەمدەدات.ئەم لێكدژە زۆربەی فەیلەسوفانی ئەمڕۆ بە سڕینەوەی بەشێك لە ناخ دەیانەوێت چارەسەری بكەن، پێی دەگوترێت خود، ئەم خودە چەمكێكی سەرمایەدارییە و هەڵەیەكی رێزمانییە.

كاتێك گەنجتر بووم
ئەم بۆچوونە هەموو كەسێك نیگەران دەكات، بەڵام گرووپێك لە ئێمە هەست دەكات لە دنیای تەنیایی خۆیدا لە خودی خۆیانەوە نزیكن، زیاتر تووشی دڵەڕاوكێی دەكات. كاتێك گەنجتر بووم هەستكردن بە خود بە شێوەیەكی شەفافتر دەردەكەوت و راست لەو كاتەی ناچار بووم لەگەڵ ئەوانی تر هەڵسوكەوت بكەم ئەو حاڵەتە نادیار دەبوو. هەموو ئەو كۆڕ و كۆبوونەوانەم چۆڵكرد كە قەدر و رێز تێدا دەخرایەڕوو. هەموو ئەو شتانەی دەوت كە مەبەستی من نەبوون، بەو نوكتە و قسە خۆشانە پێدەكەنی كە بەلای منەوە خۆش نەبوون و پاشملە باسی ئەو كەسانەی دەكرد كە من بە خراپم نەدەزانین. هەمیشە هەوڵمدەدا ئیتر ئەو كارانە نەكەم و هەوڵبدەم باشتر بم، بەڵام پێدەچوو كردەوەكان لە چنگی شتێكی دیكەدا بێت. دەتوت رێنوێنكەرێكی ئۆتۆماتیك بەسەر ئەواندا زاڵ بوو من نەمدەتوانی بەسەریاندا زاڵ بم. منیش وەك زۆربەی كەسانی تر كە دەبنە نووسەر پێموابوو نووسین رێگایەك یان كڵاوڕۆژنەیەك بۆ راكردن لەم گرێ جیهانییەم نیشاندەدا. پێموابوو تەنها بە كاركردن و تێڕامانە رۆح جەستە وەردەگرێت و من دەتوانم بە هەمان ئەو دەنگەی كە لە خۆمی دەزانم دەتوانم قسە بكەم. یانی زاتی مرۆڤ دەتوانرێت ببینرێت و هەم سەیر بكات، هەم كەسایەتی چیرۆك بێت و هەم نووسەر. 
ئەوەندە خۆشباوەڕ نیم
ئایا ئەم وێنەیە لە روانگەی فەلسەفەوە شتێكی قووڵ نەبوو؟  پێموابوو بیركردنەوەكانم هەر وەك وەهم و خەیاڵ گرنگیان نییە. بەڵام ئەو وشانەی دێنە سەر كاغەز ناكرێت نكۆڵیان لێبكرێت و ئەگەر ئەو وشانە لەو خودەی تەنها خۆم باشتر لە هەموو كەس دەیناسم سەرچاوەی نەگرتبێت كەواتە لە كوێوە هاتووە؟ بەڵام ئێستا وەك جاران ئەوەندە خۆشباوەڕ نیم، زمان ئەو كاتەی بەكاری دەهێنیت ئەوەندە رەوان و نەرمە تۆ تووشی وەسوەسە دەكات كە باوەڕ بكەی رۆح زیندووە و جەستەی ئێوەی لەناو خۆیدا پاراستووە. بەڵام ئەگەر ساڵانی تر سەیری ئەم نووسینانەی ئەمڕۆتان بكەن لەبری ئەوەی رەنگدانەوەی خۆتانی تێدا ببین بەرەوڕووی روخسارێكی ناشیرین دەبنەوە. هەموو ئەو لە خۆباییبوون و شتانەی فریوتان لەبارەیەوە خواردووە دەستبەجێ لەبەر چاوی خەڵك دەردەكەوێ.بە وتەی هاوڕێیەكی نووسەرم «بە دڵنیاییەوە تێدەگەم من ئەو بابەتەم نووسیوە هەروەك چۆن دەزانم ئەو دەنگەی تۆماركراوە دەنگی خۆمە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەو خودە، خودی من نییە.» 
دەستخۆشیمان لێكردوون
ئەرستۆ فێری كردین دەتوانین لە رێگەی ناسینی خەڵكانی تر خۆمان بناسین، ئێمە بەهۆی هاوڕێكانمەوە لە مانای رێز و راستگۆیی تێگەیشتووین، چونكە رێز و راستگۆییمان لە هاوڕێكەماندا بینیوە و دەستخۆشیمان لێكردوون. ئێمە كاتێك لە كارە ناشیرینەكانی خۆمان تێدەگەین ئەو كارانە لە هاوڕێ و كەسانی دیكەدا دەبینین.
یەكێك لە شوێنكەوتووەكانی ئەرستۆ دەڵێت: بە هەمان شێوە كە روخساری خۆمان لە ئاوێنەدا دەبینین ئەوكاتیش كە دەمانەوێت خۆمان بناسین دەبێت وەك ئاوێنە سەیری هاوڕێكانمان بكەین چونكە هاوڕێ خودێكی دیكەیە.بابەتی خۆناسین زۆربەی جار لە چوارچێوەی ململانێیەكدا لە نێوان خودی حەقیقی و خودی ئاشكرا دەردەكەوێت.مشتومڕێكی ئەزەلی و هەمیشەییە لە نێوان یەكەم كەس و سێهەم كەسدا.مەسیح لەسەر ئەو بڕوایەیە ئێمە عەیبەكانی خەڵك دەبینین و چاومان لە عەیبی خۆمان پۆشیوە.

سەیری خۆی دەكات
پووشێك لە چاوی براكەماندا دەبینین و بە تەوسەوە باسی دەكەین لە كاتێكدا دارێك لە چاوی خۆماندایە و چاوپۆشی لێدەكەین، بەڵام ئەوەش بە واتای ئەوە نییە ئێمە بۆ چاوپۆشیكردن لە عەیبی كەسانی تر ئامادەیی زیاترمان هەیە لە چاوپۆشێكیكردن لە عەیبی خۆمان. یەكێك لە شێوازە باوەكانی دەروون دەرمانی ئەوەیە داوا لە نەخۆش بكەین بە جۆرێك لەگەڵ خۆی قسە و گفتوگۆ بكات وەك ئەوەی لەگەڵ كەسێكی دیكە قسە و گفتوگۆ دەكات. لە دۆخێكی وادا ئاڵوگۆڕی زەینی دێتە ئاراوە كە كەسەكە بە شەفافییەتەوە سەیری خۆی دەكات و میهرەبانی ئەزموون دەكات. سیمۆن وەی دەڵێت: من لەگەڵ ئەوەی لە خەیاڵ و مێشكمدا زۆر جیاوازم و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە خۆم خۆشبم. ئەگەر پڕۆسەی نووسین نوورێكی كەم لە زانین و ئاگایی دروست بكات ئەوە بە هۆی هەوڵێكەوەیە دەمانەوێت لە چاوی خوێنەرەوە خۆمان ببینین.هەوڵێكە بۆ ئەوەی خۆتان لە شوێنی ئەو دابنێن و نووسینەكەت بە شێوەیەك بخوێنەوە كە هەست دەكەی كەسێكی دیكە نووسیویەتی.
ربكا گلدستێن فەیلەسوف و رۆماننووس پێی وایە نووسین كردارێكە بۆ دووبارە ناسینەوەی خود و ئەم ناسینە پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لایەن هەیە.ئەو كارەی زۆربەی ساتەكانی ژیانی منی بە خۆیەوە سەرقاڵكردووە ئەوەیە بتوانم ئەو رێزە دەروونییەی خۆم بدەمە دەرەوە بۆ ئەوەی هەم خۆم بیبینم و هەم كەسانی دیكەش بیبینن.
سەرچاوە/ فصلنامەی ترجمان 

بابەتە پەیوەندیدارەکان