خانمی یەكەمی عیراق جەژنی كریسمس لە مەسیحییەكانی هەرمۆتە پیرۆز دەكات

09:27 - 2022-12-22
کوردستان
570 جار خوێندراوەتەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، دوێنێ، سەردانی گوندی هەرمۆتەی لە سنووری كۆیە كرد و لەنزیكەوە پیرۆزبایی خۆی گەیاندە قەشە و خوشك و برا مەسیحییەكان بەبۆنەی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح (د.خ).
لەسەردانەكەیدا، خانمی یەكەمی عیراق سەرەتا سەردانی كڵێسای مەریەم عەزرای كرد و لەلایەن زیا شابا قەشەی گوندی هەرمۆتە و شاری كۆیە و دانیشتوانی مەسیحیی گوندەكەوە پێشوازیكرا و هیوای خواست جەژنەكەیان بە خۆشی و لەئارامیدا بەسەربەرن. لەوتەیەكیدا رایگەیاند: هەرمۆتە و كۆیە بەگشتی پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوەی زیاترە لەدابینكردنی خزمەتگوزارییەكاندا و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانتان بدەین. وتیشی: دڵنیاتان دەكەمەوە وەك هەمیشە پشتوپەناتان دەبم و لەسەر بەڵێنەكەی خۆمم كە بەقەشە زیام راگەیاند «جێتان ناهێڵم».
پاشان، خاتوو شاناز، سەردانی دانیشتوانی هەرمۆتەی كرد بۆ زانینی گرفت و پێداویستییەكانیان، كە ئاواتیان «پاراستنی ئارامیی گوندەكەیان و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان و ئاوەدانكردنەوەیەتی بەجۆرێك كە زامنی گەڕانەوەی خێزانەكانی تر بكات». لەهۆڵی دەستەی ئارموتەی خێرخوازی-ش، لەگەڵ چینوتوێژەكانی گوندەكەدا كۆبۆوە و گوێبیستی داواكاری و پێشنیازەكانیان بوو، كە بەتایبەتی گرفتی رێگاوبان و كۆنیی بینای خوێندنگەكەیان، هەبوو.
هەروەها، خاتوو شاناز، ماڵی شەهید سەلیم حەنا كەریم-ی بەسەركردەوە، كە تێكۆشەر و كادری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شەهیدی رێگای رزگاری و ئازادیی كوردستانە و ساڵی 1987 شەهیدبووە.
مەسیحییەكانی هەرمۆتە، سوپاسی خانمی یەكەمیان كرد بۆ سەردان و دەربڕینی پشتیوانییەكانی و هیواداربوون بەزوویی كاربكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان.
دواتریش، خاتوو شاناز، سەردانی مەڵبەندی 14ی رێكخستنی كۆیەی كرد و لەلایەن ئەبوزید ساڵح لێپرسراو و كارگێڕ و كادرانەوە پێشوازییكرا.

#شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان