سەرچنار دەگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی زێڕین

09:32 - 2022-12-25
ڕاپۆرت
836 جار خوێندراوەتەوە
#ئاشتکردنەوەی سلێمانی لە سەیرانگەی سەرچنارەوە دەستپێدەکات

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد


ئەحمەد عەبدوڵڵا دانیشتووی گەڕەکی سەرچنارە لە شاری سلێمانی، لە بڕیاری فرۆشتنی خانووەکەی پەشیمان بووەتەوە وتی، بەڕاستی ئێستا هەست بە شکۆ و پارێزراوی خێزانەکەم دەکەم، ساڵێک بوو بە ناچاری خانووەکەم دانابوو بۆ فرۆشتن، بەڵام ئێستا پەشیمان بوومەتەوە و نامەوێت ئەو یادگارییانە جێبهێڵم مناڵەکانم لێرەدا تۆماریان کردووە.
شەوی 23/12/2022  سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕیاری داخستنی کۆمەڵێک شوێنی سەرچناری دا کە دوور بوون لە ئاین، ئاکار و رەوشتی بەرزی کۆمەڵگەی کوردییەوە ئەوەش کاردانەوەی هاووڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێنا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر گلەیی و سکاڵای هاووڵاتیانی پێگەیشتبوو بڕیاریدا بە داخستنی هەموو ئەو شوێنانەی دوورن لە ئاین، ئاکار و رەوشتی بەرزی کۆمەڵگەی کوردییەوە لە گەڕەکی سەرچنار.
سەرۆکی یەکێتی خۆی چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دەکرد و رایگەیاند، سەرچنار یادەوەرییەکی شیرینی شارە حەیاتەکەیە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی خێزانەکانی شار بۆ پشوو و کات بەسەربردن روویان تێدەکرد و هەستیان بە ئارامی دەکرد.
رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ هاووڵاتیان
بڕیارەکە لەپێناو پاراستنی ئارامی و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ هاووڵاتیانی سلێمانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، یەکێتیی پارێزەری مافە کەسی و تایبەتەکانە، بەڵام ئەوکاتەی سنوورەکان دەبەزێنرێت و رێز لە بەها باڵاکان ناگیرێت هەڵوێستمان دەبێت.
کاوە میرزا دانیشتووی گەڕەکی سەرچنارە و وتی، چەند ساڵێکە نابینین وەک رابردوو خێزانەکان روو لە سەرچنار بکەن، بەهیواین سیما جوانەکە بگەڕێتەوە بۆ سەرچنار.
هەروەها سەردار جەمال وتی، پێش بڕیارە دروستەکەی بافڵ تاڵەبانی، ئەو رێگایەی لە ترافیک لایتەکەوە تا دەگەشتیتە ناو سەرچنار رووت نەدەهات پیایدا بڕۆیت خەڵک پێی شەرم بوو لەگەڵ خێزانەکەی خۆشی بەویادا تێپەڕێت.
تەنها دانیشتووانی گەڕەکی سەرچنار نین بەبڕیارەکە دڵخۆشن، بەڵکو کاردانەوەکان سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی هێناوەتە سەر خەت و دەستخۆشییەکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە و یار و نەیار لەسەری کۆکن.
 لەشکرد حەمید ئەندازیاری خۆراک دەڵێت، داخستنی شوێنه‌کانی کاری نه‌شیاوی تێدا دەکرێت یه‌کێکه‌ له‌و بڕیاره‌ دروستانه‌ی که‌س جورئه‌تی نه‌ده‌کرد بیدات، باشترین بڕیاره‌ له‌مێژووی شاری سلێمانیدا درابێت و رێگره‌ له‌ بڵاوبوونه‌وەی‌ چه‌ندین جۆری نه‌خۆشی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌یان خێزان.
بیتوێن عەلی هاووڵاتیەکی سلێمانییەو دەڵێت، سوپاس هاووڵاتیانت دڵخۆشکرد بە بڕیارەکەت و جوانترین شوێنی شارت رزگارکرد.

بەپێی یاسا لەشفرۆشی قەدەغەیە
ئەو شوێنانەی لە سەرچنار بڕیاری داخستنیان درا کاری لەشفرۆشیان تێدا دەکرا، کە بەپێی یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان قەدەغەیە.
بەپێی یاسای نەهێشتنی لەشفرۆشی ژمارە 8  ساڵی  1988 لە عیراق دەرچووە و لەهەرێمیش کاری پێ دەکرێت تایبەتە بە نەهێشتنی دیاردەی لەشفرۆشی جا لە ماڵ یان لە شوێن و محەلی تایبەتکراو بێت بەو کارە و دادگایکردنی کەسانی دەڵاڵ و خاوەنکار لەگەڵ کەسانی لەشفرۆش .
بەپێی ماددە (3 / بڕگەی / أ و ب و ج) لە یاساکە سزای تا حەوت ساڵی داناوە بۆ کەسانی دەڵاڵ و ئەو کەسانەی ئەو محل و شوێنانە بکاتەوە و ئەو کارانەی تیادا بکرێت جا ماڵ یان هۆتێل یان شوێنی تر کە خەڵک بچن سەردانی بکەن و بەپارە ئەو کارانەی تێدا بکرێت یان ئاسانکاری و یارمەتییان بدەن .
هاوکات سزای کەسی لەشفرۆش بریتییە لەدانانی لەشوێنی شیاندنەوە چاکسازی بێت یان زیندان بۆ ماوەیەک لە سێ مانگ کەمتر نەبێت و پاشان تێکەڵ بە کۆمەڵگە بکرێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان ئەم یاسایە وەک یاسایەکی بەرکار کاری پێکراوە، بەڵام زیاتر بۆ ئەو حاڵەتانە بووە کە خەڵک شکاتیان لە ماڵێک لە شوێن و گەڕەکێکدا کردووە و لەلایەن پۆلیس یان ئاسایش چاودێری کراون و دەرکراون یان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کردوونەتەوە و رەوانەی دادگا کراون، بەڵام بەشێوەیەکی پێویست بۆ نادی و یانەی شەوانە و شوێنە تایبەتەکان بەو کارە جێبەجێ نەکراوە.

ئاشتکردنەوەی سلێمانی
بڕیارەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەنها داخستنی ئەو شوێنانە نییە کە دوورن لە ئاین، ئاکار و رەوشتی بەرزی کۆمەڵگەی کوردییەوە، نووسینگەی رۆژنامەوانیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، سەرجەم پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان کە پێویست و گونجاون بۆ سەیرانگەی سەرچنار و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ خێزانەکان لە سەرچنار دابین دەکرێت.
کە خزمەتگوزارییەکان رووناککردنەوەی شەقامەکان، ناشتنی نەمام و سەوزکردنی زیاتر و جوانترکردنی باخچەکان، پاککردنەوەی سەیرانگەکان، دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ خەڵک لە رووی ئاسایش و ئارامییەوە هەروەها دروستکردنی شوێنی یاریی منداڵان لە خۆدەگرێت.
ئەم هەنگاوەی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی دەستپێکی راگەیاندنی پڕۆژەیەکی گەورەترە بەناوی (ئاشتکردنەوەی سلێمانی) و لە سەیرانگەی سەرچنارەوە وەک سیمایەکی مێژوویی و گرنگی شارەکە دەستپێدەکات و لەپێناو ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ سلێمانی بەردەوام دەبێت.
#ئاشتکردنەوەی_سلێمانی

##ئاشتکردنەوەی_سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان