ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، رۆژی یەکشەممە، لە گوندی ئەلقەتنە لە شاری مەنسوورە لە پارێزگای داکالیە لە باکووری قاهیرە، پێکدادانێکی سەخت لە نێوان پاسێکی گواستنەوەی خوێندکارانی زانکۆی هورۆس و ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا روویدا و بەهۆیەوە 17 خوێندکار بریندار بوون.
شەریف مەکین یاریدەدەری وەزیری تەندروستیی میسریش لە داکەلیا لە لێدوانێکدا بۆ "سکای نیوز عەرەبی" رایگەیاندووە: رووداوەکە لەسەر رێگای مەنسوورە-گاماسا لە بەردەم گوندی ئەلقەتنە لە سەنتەری بێلقاس لە داکەلیا روویداوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەندێک لە بریندارەکان برینەکەیان سووک بووە و فریاگوزاریی سەرەتاییان وەرگرتووە و نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە، بەڵام 8 کەسیان برینەکەیان قورسە و پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە.
ئاژانسەکان باس لەوە دەکەن کە دوو رۆژ لەمەوبەریش لە هەمان شوێن بەهۆی خراپی کەشوهەواوە، مینی پاسێک وەرگەڕاوە و لە ئەنجامدا 16 کەس بریندار بوون.