یەكێتی شەڕی مافی كورد لە بەغدا دەكات

09:34 - 2022-12-28
ڕاپۆرت
659 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جووڵە سیاسییەكانی لە بەغدا لەپێناوی پاراستنی پێگەی كورد و پاراستنی مافەكانی خەڵكی كوردستانە، تەوەرێكی سەرەكیی سەردان و دیدارە سیاسیی و دیپلۆماسییەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بەغدا لەو پێناوەدایە، پێشتریش لە پێكهێنانی كابینە و بەشداریكردنیشی لە حكومەتی نوێی عیراقدا پێداگری كردووە و ئەو بڕگانەی جێگیركردووە كە دەچنە خزمەتی گشتی و باشتركردنی بژێوی هاونیشتمانیانەوە.

پرسی ناردنی 400 ملیار دینار بۆ مانگەكانی 11 و 12ی 2022 لەو چوارچێوەیەدایە و پێشتریش قوباد تاڵەبانی كە سەرۆكایەتیی تیمی حكومەتی كرد بۆ بەغدا، پێداگری كرد و ئەنجامی هەبووە، هەروەك لە دوا دیداری سەرۆكی یەكێتیشدا، سەرۆك وەزیرانی عیراق دڵنیایی بە سەرۆك بافڵ، دا كە ئەو مافە داراییە دەنێرێت و ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت: بە هەوڵی سەرۆك بافڵ و قوباد تاڵەبانی، بەغدا ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم دەنێرێت.

 یەكێتی جەخت لە دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران دەكاتەوە
كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاند: یەكێتی، هەمیشە پێیوابووە باشتروایە كێشەكان لەژێر رۆشنایی دەستووردا چارەسەر بكرێن و بە رێكەوتن لەگەڵ بەغدا، مووچە و قووتی هاووڵاتیانی هەرێم، فەراهەم بكرێت، وتیشی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرۆكایەتیی تیمی حكومەتی هەرێمی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عیراق كردووە و زیاتر لە ساڵێكە كێشەی مووچەی مووچەخۆران چارەسەركراوە و 200 ملیار دیناریش لە بەغداوە بۆ هەرێم دەنێردرێت، لە دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقیش، یەكێتی جەختی لە دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان كردۆتەوە كە نابێت بكرێتە ململانێی سیاسی.

یەكێتی هەوڵەكانی بۆ دیاریكردنی بەشە بودجەی هەرێم چڕ دەكاتەوە
یەكێتی دەیەوێت كێشەكان لەژێر رۆشنایی دەستووردا چارەسەر بكرێن و لە رێی سەرۆك بافڵ-ەوە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و لەنێویشیاندا كێشە داراییەكان و دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان  لە بودجەی عیراقدا.

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راشیگەیاند: ئێستا كە لە سەروبەندی گفتوگۆ و گەڵاڵەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عیراقداین، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و فراكسیۆنی یەكێتی  لە بەغدا و تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم، هەوڵەكانیان بۆ رێكەوتن لەسەر دیاریكردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی عیراق، چڕكردۆتەوە، وتیشی: لە سەرەتای ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە وەك یەكێتی، هەوڵمانداوە لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان رێكبكەوین و نەچینە هیچ هاوپەیمانییەك تا بەڵێنی دیاریكردنی بەشە بودجەی هەرێم و فەراهەمكردنی قووتی هاووڵاتیانی هەرێمان پێنەدەن.

یەكێتی لە رێی سەرۆكەكەیەوە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا  چارەسەر دەكات
زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەیی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاند: لە سەردەمی سەرۆك مام جەلال-ەوە پەیوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ سەركردە و لایەنە سیاسییەكانی عیراق لەوپەڕی باشیدا بووە و شایستە داراییەكانی هەرێم لە ناوەندەوە دەنێردران، بەڵام دواتر ناردنی شایستە داراییەكان بۆ هەرێم راگیران، ئێستاش یەكێتی لە رێی سەرۆك بافڵ-ەوە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و لەنێویشیاندا كێشە داراییەكان و دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عیراق، وەك چۆن بە هەوڵەكانی تیمی یەكێتی لە حكومەت، پشكی كورد لە بودجەی ساڵی 2021 پارێزرا، راشیگەیاند: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوامە لە هەوڵدان و جەختكردنەوە لە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەك چۆن لەسەر ئاستی هەرێمیش یەكێتی بەردەوام تێدەكۆشێت لەپێناوی كۆكردنەوەی داهات و دابەشكردنەوەی بە یەكسانی بەسەر هەموو شارەكاندا.

بە هەوڵی یەكێتی بڕیاری ناردنی 400 ملیار دینارەكەی بەغدا بۆ هەرێم درا
سەرۆكی لیژنەیی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند: ئومێد دەكەین هەوڵەكانی یەكێتی بەرهەمی زیاتریان هەبێت و پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق پارێزراوبێت، لەئێستاشدا چاوەڕوانی جێبەجێكردنی بڕیاری ناردنی 400 ملیار دینارەكەی بەغداین بۆ هەرێم، كە بە هەوڵی بەردەوامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك بافڵ، بڕیاری لێدرا، ئاماژەی بەوەش دا: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سیاسەتی روونە، لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە بە ئاشكرا رایگەیاندووە كە پێویستە لە بەغدا و لەژێر رۆشنایی دەستووردا كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند چارەسەر بكرێن.

پێشتر رێكەوتن لەگەڵ تیمی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی كراوە كە حكومەتی عیراق پابەندی ناردنی 200 ملیار دینار بێت، ئەمە لەوكاتەدا بوو كە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەوپەڕی خراپیدا بوو.

د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKMEDIA ی راگەیاند: ناردنی ئەو پارەیە لە عیراقەوە بۆ هەرێم، لەچوارچێوەی ئەو رێكەوتنەیە كە پێشتر لەلایەن قوباد تاڵەبانی وەك سەرۆكی تیمی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عیراق ئیمزا كرابوو، بەڵام وەفدی یەكێتی لەكاتی پێكهێنانی ئەم كابینەیەدا ئەو رێكەوتنەی زیندووكردەوە، وتیشی: قوباد تاڵەبانی دوای زیاتر لە 20 جار سەردانی بەغدا و درێژەدان بە گفتوگۆكان، توانی لە بودجەی ساڵی 2021 دا، بڕی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم جێگیر بكات، بێگومان ئەو پارەیەشی بڕیادراوە بۆ هەرێم بنێردرێت، درێژەپێدەری ئەو میكانیزمەیە كەپێشتر حكومەتی عیراق بۆ هەرێمی ناردبوو، دەشڵێت: ئەگەر هەوڵەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، نەبووایە، هەرگیز حكومەتەكەی سودانی ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێم نەدەنارد، چونكە حكومەتی هەرێم پابەندنەبووە بە رێكەوتنەكەیەوە لەگەڵ حكومەتی ناوەند.

PUKMEDIA

#یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان