یەكێتی وەك ئەندامی رێكخراوی ئینتەرناشناڵ لە خەمی ژینگەدایە

09:50 - 2023-01-04
ڕاپۆرت
453 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتی، لەخەمی ژینگەیەكی باشتردایە بۆ نەوەكانی داهاتوومان و لەو چوارچێوەیەشدا هەڵمەتی رواندنی یەك ملیۆن نەمامی دەستپێكردووە، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیش لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: «یەكێتی ئەندامی رێكخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵە و پاراستنی ژینگە بە كاری لەپێشینەی خۆی دەزانێت».
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نزار ئامێدی وەزیری ژینگەی عیراق، رایگەیاند: «ئێمە هاوكار و پشتیوانتان دەبین بۆ هەر هەوڵێك كە لە خزمەت پاراستنی ژینگەی وڵاتەكەماندا بێت، پرسی ژینگەمان كردۆتە ئەولەویەتی كاری خۆمان و هەڵمەتی رواندنی یەك ملیۆن نەمام-یش لە هەرێمی كوردستان هەر لەو پێناوەدایە».

حكومەتی عیراق پشتیوانی هەڵمەتەكەیە
پاراستنی ژینگە كاری لەپێشینە و داهاتووی یەكێتییە، هەڵمەتی رواندنی یەك ملیۆن نەمام جێی بایەخی حكومەتی عیراقە و پشتیوانی ئەو هەڵمەتە دەكات.
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لیدوانێكیدا بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: «هەڵمەتی رواندنی یەك ملیۆن نەمام، كە لەلایەن سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە راگەیەندراوە، جێی بایەخی حكومەتی عیراقە و وەزیری ژینگەش بە گرنگییەوە لەو هەڵمەتە دەڕوانێت». وتیشی: «بەهۆی ئەوەی یەكێتی ئەندامی رێكخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵە، پاراستنی ژینگە بەكاری لەپێشینەی خۆی دەزانێت، لە ئاستی جیهانیش پرسی ژینگە گرنگی زیاتری پێدەدرێت، بێگومان هەڵمەتەكەی سەرۆكی یەكێتیش لەو چوارچێوەیەدایە».

یەكێتی، لە خەمی نەوەكانی داهاتوودایە
یەكێتی، لە خەمی گەورەی دابینكردنی ژینگەیەكی باشتردایە بۆ نەوەكانی داهاتوو، هەوڵەكانیشی لەو پێناوەدا چڕكردۆتەوە و دەیەوێت ژینگەیەكی خاوێنیان پێشكەش بكات.
لوقمان وەردی ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی كوردستان لە لیدوانێكیدا بۆ PUKMEDIA، دەڵێت: «پاراستنی سەوزایی و ژینگەی هەرێمی كوردستان لە بنەما سەرەكییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بڕیارەكەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی-ش بۆ رواندنی یەك ملیۆن نەمام، خزمەتێكی گەورە بە كوردستان دەكات، ئێمەش پێشوازی و پشتیوانیی تەواو لە هەڵمەتەكەی دەكەین». دووپاتیشیكردەوە كە «ئاشكرایە لەسەر ئاستی جیهان بایەخێكی زۆر بە ژینگە دەدرێت، ئومێددەكەین هاووڵاتیانی كوردستانیش لەو بایەخپێدانە تێبگەن و پشتیوانی ئەو هەڵمەتە بن، لەبەرئەوەی ژینگە سەرچاوەی سەلامەتی و تەندروستیی گشتییە، بۆیە یەكێتی و سەرۆك بافڵ، كردوویانەتە ئەولەویەتی كارەكان و مەبەستیش لێی ژینگەیەكی خاوێنە بۆ نەوەكانی داهاتووی وڵات».

سەرۆكی یەكێتی، بەڵێنەكەی بردەسەر
لە یادی دامەزراندنی یەكێتی-دا، سەرۆك بافڵ، بەڵێنیدا بە دەستپێكردنی هەڵمەتی رواندنی یەك ملیۆن نەمام و هەڵمەتەكەش دەستیپێكردووە.
سەبارەت بە هەڵمەتەكە، ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، لە لێدوانێكدا بۆ PUKMEDIA دەڵێت: سوپاس بۆ سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، هەنگاوە نوێیەكەی بۆ رواندنی یەك ملیۆن نەمام، رۆحێكی نوێ دەكاتەوە بە بەری هەرێمی كوردستاندا. وتیشی: سەرۆك بافڵ، لە یادی دامەزراندنی یەكێتیدا بەڵێنی رواندنی یەك ملیۆن نەمامی دا، بە خۆشحاڵییەوە ئێستا بەڵێنەكەی كراوەتە كردار و ئێمەش پشتیوانی لەو هەڵمەتە دەكەین.
ماوەی هەفتەیەكە، لەسەر بڕیار و راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لەچوارچێوەی پڕۆژەی ئاشتكردنەوەی سلێمانی و سەوزكردنی كوردستاندا، هەڵمەتی نیشتمانیی رواندنی یەك ملیۆن نەمام لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە و بڕیارە ماوەی شەش مانگ بەردەوامبێت.

PUKMEDIA

##ئاشتکردنەوەی_سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان