د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ سەردانی بارەگای وەزارەتی ناوخۆی كرد و لەلایەن عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆ و سەركردە و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتەوە پێشوازیی لێكرا.
لە دیدارێكدا، سەرۆك كۆمار پیرۆزبایی لێكردن بەبۆنەی رۆژی پۆلیسەوە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن لە راپەڕاندنی ئەركە نیشتمانییەكانیاندا و دووپاتیكردەوە كە «بەرپرسیارێتییەكی گەورە لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەكانی وەزارەتی ناوخۆدایە بۆ پاراستنی هاووڵاتیان، بەرقەراركردنی ئاسایش، سەقامگیری، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەستگیركردنی تۆمەتباران، هاوكات ستایشی ئەو هەنگاوانەی كرد كە ئێستا دەگیرێنەبەر بۆ نەهێشتن و سڕینەوە سیمای سەربازی و چەكداری لەناو شارەكاندا، هەروەك هەموو جۆرە پاڵپشتی و پشتیوانییەكیشی بۆ دووپاتكردنەوە لە دابینكردنی پێویستییەكانیان و راپەڕاندنی ئەركەكانیاندا.