به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، له میانه‌ی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی دیداری تایبه‌تی كه‌ناڵی ئاسمانی گه‌لی كوردستان، تیشكی خسته‌سه‌ر كه‌میی پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان و داواكاریی هاووڵاتیان و ده‌ستوه‌ردانی حزبی له كاروباری حكومه‌ت و قۆڕخكردنی بازاڕ و خراپیی سیستمی حكومڕانی له كوردستاندا، كوردستانی نوێ پێی باش بوو پوخته‌یه‌كی دیداره‌كه بڵاوبكاته‌وه».
دیداری : سامان حه‌مه‌غه‌ریب
له هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی جدی هه‌یه
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا رایگه‌یاند: «له كوردستاندا كێشه‌ی جدی هه‌یه، هه‌ر له سیستمی حكومڕانی تا ده‌گاته پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان و داواكاریی هاووڵاتیان و شێوازی ئیداره‌دانی ململانێ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان».
سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشان پێیوایه «فه‌لسه‌فه‌ی حكومڕانی كوردستان پێویستی به پێداچوونه‌وه و گۆڕین هه‌یه و نه حزبه سیاسییه‌كان و نه هاووڵاتیانیش متمانه‌یان به سیستمی حكومڕانی و سیاسه‌تكردن نه‌ماوه له هه‌رێمی كوردستاندا»، به‌ڵگه‌ی بۆ قسه‌كانیشی به‌شداری نه‌كردنی به‌شێكی زۆری هاووڵاتیان بوو له‌دوا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراقدا كاتێك 70 % ی هاووڵاتیان به‌شدارییان له ده‌نگداندا نه‌كرد، ئه‌مه‌ش په‌یامی هاووڵاتیان بوو كه ئه‌م سیستمی حكومڕانی و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنه‌ی وڵاتیان به‌دڵ نییه».
دووپاتیشكرده‌وه كه «نه‌توانراوه له كوردستاندا حكومه‌تی هاووڵاتی دروست بكرێت و ئه‌وه‌ی هه‌یه حكومه‌تێكی حزبییه و به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی خستووته پێش به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیانەوە. وتیشی: «حزب هەژموونی به‌سه‌ر ته‌واوی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و بازاڕ و بازرگانی و جووڵه‌ی ئابوورییەوە هه‌یه و هیچ بوارێكی بۆ هاووڵاتیان نه‌هێشتۆته‌وه».
كاراكردنی یاسای سندوقی نه‌وت و غاز
له‌سه‌ر كێشه‌ی حكومڕانی وردتر قسه‌ی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه «ئه‌م حكومه‌ته‌ی هه‌رێم نه‌یتوانیووه به‌شێوه‌ی یه‌كسان خزمه‌تگوزاری بگه‌یه‌نێت به هه‌موو شاره‌كانی كوردستان، هه‌روه‌ها نه‌یتوانیووه خاوه‌ندارێتی له هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان بكات و عه‌داله‌ت په‌یڕه‌و بكات له زۆربه‌ی كایه‌كاندا».
سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشان پرسیارێكیشی ورووژاند و وتی: «بۆچی تائێستا یاسای سندوقی نه‌وت و غاز كاری پێ نه‌كراوه؟ ئه‌مه گومانی لای هاووڵاتییان دروستكردووه له‌سه‌ر داهاتی نه‌وت و غاز، چونكه كه‌س نازانێت داهاته‌كه‌ی چه‌نده و ده‌چێته كوێ و چی لێدێت».
هه‌روه‌ها به‌شێكی تری گرفته‌كانی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه، كه تائێستا له هه‌رێمی كوردستاندا دوو زۆن و دوو هێزی پێشمه‌رگه و دوو سه‌رچاوه‌ی داهاتی جیاواز هه‌ن، كه ئه‌مه‌ش «مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاینده‌ی كوردستان دروست ده‌كات»، داواشیكرد یه‌ك حكومه‌تی سه‌رتاسه‌ری له كوردستاندا هه‌بێت كه ده‌سه‌ڵاتی له هه‌موو شاره‌كاندا وه‌ك یه‌ك بێت و هاوكات ده‌بێت ئه‌و حكومه‌ته «پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانیشی بۆ هه‌موو شاره‌كان وه‌ك یه‌ك بێت و جیاوازیی نه‌كات له‌نێوان شار‌و شارۆچكه‌كاندا.
رێكه‌وتنی نێوان به‌غدا و هه‌رێم
سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، گه‌شبینه به رێكه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم، به‌ڵام پێیوایه كه ده‌بێت «رێكه‌وتنه‌كه له‌سه‌ر دوو ئاست بێت، یه‌كه‌میان له‌نێوان ئه‌و حزبانه‌ی به‌شدارن له حكومڕانی كوردستان پێكه‌وه له‌سه‌ر ئه‌جێندایه‌ك رێکبكه‌ون، بۆ چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان»، رێكه‌وتنی دووه‌م له نێوان هه‌موو حزبه سیاسییه‌كانی هه‌رێم بێت و «پێكه‌وه سیاسه‌تی ئاسایشی نەتەوەیی و رێكه‌وتنی نێوان به‌غدا و هه‌رێم و مه‌ترسییه ئیقلیمییه‌كانی سه‌ر كوردستان تاوتوێ بكه‌ن و له‌سه‌ر ئه‌جێندایه‌كی سیاسی رێبكه‌ون».
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش وتی: «ئه‌گه‌ر ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا جێبه‌جێ بكرێت، بژێویی و گوزه‌رانی هاووڵاتیانی هه‌ریمی كوردستان گۆڕانی باشی به‌سه‌ردا دێت».
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه «مه‌ترسی جدی له‌سه‌ر كورد له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان هه‌یه به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، بۆیه پێویسته یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست و یه‌كگرتوو بین».