مەحمود شێرزاد
مرۆڤ نەخۆش ناکەوێ، نەزانییەکانی خۆی تووشی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی دەکات. رەنگە بەم قسەیە تووشی شۆک بی، هیچ نەخۆشییەکی جەستەیی و دەروونی لەئارادا نیە، ئەوەی هەیە تەنیا و تەنیا خراپ بەکارهێنانی جەستە و توانا جۆراوجۆرەکانی جەستەیە، لەسەروو هەمووشیانەوە خراپ بەکارهێنانی توانای درک و تێگەیشتن و بیرکردنەوەیە.
خورافی و بێ بنەما دەردەکەون
ئەم قسانەی سەرەوە هەندێ گەمژانە و لە رووی زانستیەوە بەتەواوی خورافی و بێ بنەما دەردەکەون، بەڵام ئەگەر مرۆڤ و بەشێک لە تواناکانی مرۆڤت وەک ئەوەی هەیە درک کردبێ و ناسیبێت، یان ئەزموونت کردبێ بۆت دەردەکەوێ ئەم قسانە راستن! ئەم قسانەی سەرەوە بەرهەمی ئەزموونەکانی هەزاران ساڵەی یۆگییەکان و حەکیمەکانن، هەروەها خاکەڕایانە بیڵێم بەرهەمی ئەزموونەکانی چەند ساڵی ئێمەشن لە «ماڵی یۆگای هەناسە»ی سلێمانی و لقی هەولێر، تا ئێستا دەیان حاڵەتی دەروونی و جەستەییمان هەبووە لە ئەوروپا، ئەمریکا، هیندستان، ئێران و کوردستان پزیشکەکەی ئیزنی داوە و گوتوویەتی ئەم حاڵەتەی تۆ چارەسەری نیە و بە هیچ شێوەیەک و بە هیچ رێگەیەک چارەسەر نابیت، بڕۆ ماڵەوە و لەگەڵی هەڵبکە و هەوڵبدە لەگەڵیدا رابێیت، واتە بسووتێ و بسازێ! کەچی لە ماڵی یۆگای هەناسە چارەسەر بوون و دەبن. هەرچەند ئامانجی زانستی یۆگا خۆناسییە نەک چاککردنەوەی نەخۆشییەکان، بەڵام بە گشتی یۆگا پزیشکی جەستە و گیانە، ئەگەر کەسێک بە بەرنامە و رێک و پێکی یۆگا بکات کەم وایە نەخۆشی و ناخۆشییەک بتوانێ زەفەری پێبەرێت.
هەموو نەخۆشییەک زەینییە
لە پزیشکیی یۆگادا دەڵێ هەموو نەخۆشییەک لە درک و بیرکردنەوەوە دەست پێدەکا، یانی هەموو نەخۆشییەک زەینییە، سەرەتا لە بیرکردنەوەدا روودەدا و پاشان جەستە بە شێوەی جیاجیا پیشانیاندەدا.
درک و تێگەیشتن و بیرکردنەوە بە دوو ئاراستەی دژ بەیەکدا دەکرێ، یانی کاتێ من و تۆ تێدەگەین یان بیردەکەینەوە، تێگەیشتن و بیرکردنەوەکانمان یان ئەرێنییە یان نەرێنی، یانی تێگەیشتن و بیرکردنەوەی ئاراستەی سێیەممان نیە، بەڵکو سەروو درک و تێگەیشتن و بیرکردنەوەمان هەیە، ئەوەی لە یۆگادا پێی دەڵێن بێ زەینی و خامۆشبوونی زەین، واتە تاکە ئاستی درک و تێگەیشتن و بیرکردنەوەی راستەقینەشە کە تێیدا «هەقیقەت» وەک ئەوەی کە هەیە دەردەکەوێ، بەڵام ئەو ئاستە لە دەرەوەی جەستە و زەینە، لە دەرەوەی کات و شوێنە، بەڵام جەستە و زەینی ئێمە هەم خۆیان کات و شوێنن و هەم لەناو کات و شوێندان، لەبەر ئەوەیە لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا یان دەبێ ئەرێنی یان نەرێنی بین، بۆیە کاتێ درک دەکەین یان بیردەکەینەوە یان ئەرێنین یان نەرێنین. ئەگەر تێگەیشتن و بیرکردنەوەکانمان ئەرێنی بێ لەشساغیمان بە شێوەیەکی فرەرەهەند مسۆگەر دەبێ، ئەگەریش تێگەیشتن و بیرکردنەوەکانمان نەرێنی بێ ئەوە نەخۆشییە جیاجیاکان کەم تا زۆر روومان تێدەکەن.
مرۆڤ لە خانەکانەوە تا خەرمانە
مرۆڤ قەڵایەکی تۆکمە و لە ئاستێکی زۆر رژدی ژیان هەڵکەوتووە، نە بە ئاسانی زەفەری پێ دەبرێ و نە بەئاسانی دەستی نەیارانی پێدەگا، ئەی باشە ئەگەر وایە ئێستا بۆ لە ئاست سەربازێکی شڕوشۆڵی ڤایرۆس و وزە زیانبەخشەکاندا ئەوەندە بێ بەرگریی و بەردەستە؟! مرۆڤ لە «خانە»کانەوە تا «خەرمانە» بە جۆرێک دروستبووە ئەگەر ئاگای لە خۆی بێ و جەستە و تواناکانی جەستەی بە دروستی بەکاربێنێ، هیچ شتێک لە ڤایرۆس و وزە زیانبەخشەکانەوە ناتوانن زەفەری پێ بەرن. بۆ نمونە ئێمە کاتێ رووداوێکمان بۆ دێتە پێشەوە بیری لێدەکەینەوە، بەڵام هەیە رووداوەکە هەر چییەک بێ بە ئەرێنی بیری لیدەکاتەوە و هەیە بە نەرێنی بیری لێدەکاتەوە، ئەوەی بە ئەرێنی بیری لێدەکاتەوە بەو رووداوە لە هەموو روویەکەوە بەهێزتر دەبێت، بەڵام ئەوەی بە نەرێنی بیری لێدەکاتەوە لە هەموو روویەکەوە پێی بێ هێزتر دەبێت، بە زمانی زانستی پێی دەڵێن وزە و شەپۆلی کەسەکە بە بیری ئەرێنی بەرز دەبێتەوە و بە بیری نەرێنی دادەبەزێ. هەرکەس بۆ ماوەیەک بیری لەسەر رووداوێکی نەرێنی رابگرێ و بە نەرێنیش بیری لێبکاتەوە تووشی هەندێ شێواوی زەینی و وزەیی دێ، ئەم شێواوییانە بە شێوەی جیاجیا و لە بواری جیاجیادا دەردەکەون، هەندێکیان لە جەستەدا دەردەکەون و هەندێکیان هەستەکان داگیر دەکەن، زانستەکان ئەم دەرکەوتانە لەسەر ئاستی جەستەیی و دەروونی پۆلێنبەندی دەکەن و ناوی جۆراوجۆریان بۆ داناون، لەڕاستیشدا پێشیان چارەسەر نابن، لەبەرئەوەی ریشەی ئەم حاڵەتانەیان بۆ نادۆزرێتەوە و نازانن کوێ و چی لەو کەسەدا لە شوێنی خۆی نەماوە، بەس زانستی یۆگا دەزانێت، لەبەر ئەوەیە کەسەکان و حاڵەتە جیاجیاکان هەموویان بە یۆگا چاک دەبنەوە.
خۆت توندووتۆڵ بکەوە
کاتێ وزەی کەسێک بەرز دەبێتەوە درک و تێگەیشتن و بیرکردنەوەی بەئاراستەی ئەرێنیدا وەگەڕ دەکەون، لەم حاڵەتەدا لە خانەکانییەوە تا خەرمانەی رێک دەبنەوە و دەچنەوە دۆخی تۆکمەیی و سروشتی خۆیانەوە، لێرەوە هیچ ڤایرۆس و وزەیەکی زیانبەخش ناتوانن زەفەری پێبەرن. لەبەرامبەردا ئەگەر وزەی کەسەکە دابەزێت درک و تێگەیشتن و بیرکردنەوەکانی بە دیوی نەرێنیدا دەکەون، لەم حاڵەتەدا لە خانەکانییەوە تا خەرمانەی لاواز دەبن و درزیان تێدەکەوێ، دوای هەموو ڤایرۆس و وزە زیانبەخشەکان بە ئاسانی دەتوانن زەفەر بە کەسەکە بەرن.
تاکەچارەسەری راستەقینە
جەستە و توانا جەستەییەکانی مرۆڤ تاکە تەکنەلۆژیایە تا ئێستا مرۆڤ بە باشی نایناسێت و ناتوانێ بە دروستی بەکاری بێنێت. ئەگەر ئێمە بتوانین تەنیا هەناسە هەڵمژین و هەناسەدانەوەمان بە دروستی بەکار بێنین، یان ئاگامان لە بیرکردنەوەمان بێ و درک و تێگەیشتنمان ئازاد بکەین و هەمیشە کراوە بێ. بەشی هەرەزۆری کێشە جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانمان چارەسەر دەبن. ئەگەر کەسێک نەخۆشیی و ناخۆشییەکی هەیە، سەرەتا دەبێ لە زەینیدا بۆ ریشەکەی ئەو نەخۆشی و ناخۆشییە بگەڕێت، هیچ شک و گومانی تێدا نیە بیرکردنەوەیەکی هەڵە و نەرێنی، باوەڕێکی هەڵە و نەرێنی لە بارەی خۆی و شتەکان و ژیانی رۆژانەی خۆی و خێزان و کۆمەڵدا لە زەینیدا هەیە کە بۆتە هۆی لاوازبوونی خەرمانە و هەروەها خانەکان و شانە و ئەندامەکانی لەشی و نەخۆش و ناخۆشیان کردووە. تاکەچارەسەری راستەقینە خاوێنکردنەوەی زەینە لە درک و تێگەیشتن و بیرکردنەوە هەڵە و نەرێنییەکان.