گیرۆده‌ی ماته‌مه شاخی سه‌ركه‌شی شندۆخا، تووشی كاره‌سات بوو، لوتكه‌یه‌كی به‌رزی داڕووخا، له شاخی سپی داربه‌ڕوویه‌ك، كه ریشه‌ی به‌ناخی زه‌وی داكوتابوو، ئه‌سه‌ف له ریشه ده‌رهات ژیانی به‌كۆتابوو، (كانییه‌كی روونی به‌ر تریفه‌ی مانگه‌شه‌و) ئه‌ستێره‌ی گه‌شی ئاسمان راخوشی پڕته‌و، مخابن له فڕین كه‌وت هه‌ڵۆی به‌رزه فڕی، چنگ به‌گڕی مام سین، كێ چوزانێ ئومێد و ئامانجی چین، هیواو ئامانج و بیر‌و دڵسۆزی، هه‌مووی كرده فیدای ئامانجی پیرۆزی، لاپه‌ڕه‌ی ژیانی تێكۆشه‌رێكی شاخ و شار هه‌ڵده‌یته‌وه، هێنده به‌سوێیه برینی جه‌سته‌ی نیشتمان ده‌كولێنێته‌وه.
گه‌ردوون ئه‌شكه‌وتێكه به‌دوكه‌ڵی ئازار‌و عیشق قانگدراوه، مرۆڤ له‌ناو ئه‌م گه‌ردوونه به‌ئازارو عیشق ده‌وره دراوه، عیشق بۆ خه‌بات و تێكۆشان، چاكه‌و پیاوه‌تی و شاكاری ژیان، خه‌ونێكی خۆشه ژیان، خه‌وێكی قوڵه مردن، چاكه‌و مه‌ردایه‌تین بنه‌مای یادكردن، سه‌ربه‌رزه ئه‌وه‌ی له‌پێناوی نیشتمان رێگه‌ی خه‌باتی گرتووه، دره‌وشاوه‌یه ژیانی له بیروباوه‌ڕی سه‌رچاوه‌ی گرتووه، تێكۆشانی ره‌وایه پیرۆزه ئامانجی، له‌خۆڕا نییه ئاوای فه‌رمووه حاجی: (ژیان ومردن میسلی سێبه‌رو هه‌تاوه، ئه‌وه‌ی باقی بمێنێ هه‌رناوه).
له‌م سۆنگه‌یه‌وه مرۆڤێكی گه‌وره‌و كه‌سایه‌تی، پاڵه‌وانی به‌رزی كوردایه‌تی، زۆر به‌شانازی و شكۆوه له‌ده‌ستی نه‌دا هه‌ل، ژیانی خۆی كرده فیدای خۆشبه‌ختی گه‌ل، خانه‌واده‌ی دڵخۆش بوون، كه‌عه‌بدولقادر محه‌مه‌د هاته دنیا، له ساڵی 1955 چاوی گه‌شی به‌ژیان هه‌ڵێنا، پله‌كانی خوێندنی بڕی، هه‌تا سه‌ركه‌وت، دواتر وه‌ك فه‌رمانده‌ی ژیر‌و به‌بیرو رۆشنبیر هه‌ڵكه‌وت، به‌مه‌ردی ژیا هه‌ڤاڵ قادر باجلۆری، هاوڕێ و نزیكانی به‌شی هه‌ره‌زۆری، له ستایشی هه‌ڵوێست و ئاكاری، قسه‌ی به‌پێزو به‌رزی گوفتاری، ستایشی ئه‌وه تێكۆشه‌ری به‌هه‌ڵوێست پێشمه‌رگه‌ی دێرین، هه‌رچی ئازایی و جه‌ربه‌زه‌یی و وره‌و بوێرین، رێگه‌ی خه‌بات و ئازادی گه‌لی هه‌ڵبژارد به‌لاوی، تێكۆشا، به‌رده‌وام بوو، مرد له پێناوی.
له ساڵی 1974 ئه‌و لاوه تێكۆشه‌رو به‌جه‌رگه، له شۆڕشی ئه‌یلول بوو به‌پێشمه‌رگه، به‌ڵام كه شكستی هێنا شۆڕش كه‌وت، ئه‌و نه‌به‌زی هه‌دای نه‌دا نه‌سره‌وت، له‌خه‌می نیشتمان بوو، له‌ماڵ له‌ده‌شت له‌هه‌ر كوێ، دووباره درێژه‌ی به‌خه‌بات دایه‌وه له ی.ن.ك له‌شۆڕشی نوێ، له كووره‌ی خه‌بات له‌چاوی سه‌نگه‌ر، ساڵی1981دووباره رێی خه‌باتی گرته‌وه‌به‌ر، به‌قاره‌مانی و بوێری دوژمنی تاسان، به‌عسی و دوژمنی كردبوو هه‌راسان، له‌چه‌ندین داستانی قاره‌مانانه به‌شداربوو، قادر باجلۆری هه‌میشه ناوێكی دیاربوو، نه‌یتوانی بیبه‌زێنێ به‌عس خۆی به‌زی.
برسێتی و ئازاری بینی له‌گه‌رما پڕوكا، له‌سه‌رما ده‌ست و قاچی ته‌زی، دوای ئه‌نفاله‌كان بۆ درێژه‌ی خه‌بات نیشتمانی ته‌ی كرد، دێ به‌دێ، ئه‌شكه‌وت به‌ئه‌شكه‌وت گه‌ڕا هه‌رگیز نه‌حه‌سایه‌وه، وه‌ك نه‌مام چه‌قی له‌ناو خاكی نیشتمان له‌بادینان به‌ئیختیفا مایه‌وه، له‌پێناوی گه‌لی بێزارنه‌بوو له‌وهه‌موو ئازاره‌ی كه‌چێشتی، هه‌ڤاڵان یوسف و به‌ده‌ل هه‌میشه له ته‌نیشتی، دواتر له ساڵی 1989 به‌فه‌رمانی سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌و سه‌روو هاتن بێ باك، له‌گوندی ژاراوه كه‌وتنه داوی خائینی خۆماڵی ناپاك، دادی نه‌دا فڕوفێڵ و پاڕانه‌وه، هه‌رسێكیان گیران و كه‌وتنه كوجی زیندانه‌وه، له‌ده‌ست دوژمنی به‌عسی دڕنده له لێواری مه‌رگ گه‌ڕانه‌وه، پێگه‌ی خۆی و هه‌ڵوێستی هه‌مووانی ده‌ناسی، جێگای ئومێد و متمانه بوو لای هه‌موو زیندانی سیاسی، نه‌لێبوردن نه‌مه‌رسوم نه‌بوو بۆیان له‌زیندان مانه‌وه دواخران، هه‌تا دواجار له ساڵی 1995 ئازادكران، دوای ئازاد كردنیش بۆ به‌رزی گه‌ل و وڵات، دووباره ده‌ستی كرده‌وه به‌خه‌بات، سه‌رده‌مێك له مه‌ڵبه‌ندی چوار و دواتریش له‌مه‌كته‌بی رێكخستن، بۆ گه‌شه و به‌رزی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی زۆری به‌ستن، به رۆیشتنی خه‌م و ژانی پێچێشتین، مخابن له 4/1/2023 به‌جێی هێشتین، زۆری كرد بۆ نیشتمان و گه‌ل و خاكی، هه‌زاران سڵاو له رۆحی پاكی.
ره‌سوڵ بۆسكێنی