کۆمپانیای هواوی و بواری داهێنان

09:32 - 2023-01-19
ئابووری
497 جار خوێندراوەتەوە
لە هەنگاوی بچووکەوە بۆ پلەی یەکەم

عەلی مەحمود محەمەد 

كۆمپانیای هواوی لە 15ی سیپتەمبەری ساڵی 1987دا بە سەرمایەی تەنها 21  هەزار یوانی چینی واتە تەنها سێ هەزار دۆلار دامەزرا، بارەگای سەرەكی لە شاری شینزینی چینە، 197 هەزار كارمەندی هەیە، 107 هەزاریان لە كەرتی توێژینەوە و گەشەپێدانی كۆمپانیاكەدا كار دەكەن کە دەکاتە %54.8ی كۆی هێزی كاری کۆمپانیاکە خەریكی داهێنانن، ئەمەش دەریدەخات پڕۆسەی داهێنان زۆر گرنگە لای هواوی و كاری سەرەكییەتی.

لیستی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان
هواوی لە مانگی حوزەیرانی 2010 ەوە چووە لیستی كۆمپانیاكانی (فۆرچن گلۆباڵی 500)ەوە و بوو بە یەكێك لە 500 كۆمپانیا زەبەلاحەكەی جیهان، ئێستا شەشەم گەورە كۆمپانیای كەرتی تەكنۆلۆجیای جیهان و گەورەترینی چینە، یەكێكە لەو 145 كۆمپانیایەی چین، كە ئەمساڵ لە لیستەكەدان، بەوەش چین وەك وڵات بووە  بە یەكەم.
هواوی پشكی لە بۆرسەكاندا نییە بۆ فرۆشتن، پشكەكانی هەمووی بۆ كارمەندانی بە رەگەز چینی كۆمپانیاكەیە، بە مەرجێك كە رۆیشتن و كۆمپانیاكەیان جێهێشت، پشكەكە لەگەڵ خۆیان نابەن و دەیفرۆشنەوە بە كۆمپانیاكە. هواوی تەنها كۆمپانیایەك نییە بۆ چینییەكان، بەڵكو جێگەی شانازی پیشەسازیی و داهێنانی چینیشە، بەرەی پێشەوەی جەنگی تەکنۆلۆجیای چینە لە بەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانەكانیدا، ئیرادە و داهێنان و هێمای وڵاتەکەیەتی. 

هواوی و گەمارۆ ئابوورییەکان
ساڵی 2017 كۆمپانیای زەبەلاحی پەیوەندییەكانی چینی (زێد تی ئی) بە بەهانەی هەناردە كردنی تەکنۆلۆجیای ئەمریكا بۆ ئێران و كۆریای باكوور، كەوتە بەر سزای ئەمریكا. ئەمەش  بوو بە كارەسات بۆ كۆمپانیاكە و پشكەكانی داتەپین و چەندین ساڵ چووە بواری پوكانەوەوە. دوای كۆمپانیای زێد تی ئی، هواوی كەوتە بەر نەفرەتی ئەمریکا، سەرەتا لە دەستگیرکردنی مینگ وانزۆ كچی سەرۆك و دامەزرێنەری كۆمپانیاکە لە كەنەدا لە یەكی دیسەمبەری 2018دا دەستی پێكرد، گوایە سزا ئابوورییەكانی ئەمریکای دژی ئێران پێشێل كردووە. 
هەنگاوی دووەم، گەمارۆی هەمەلایەنە بۆ سەر هواوی دەستی پێکرد، کە بریتی بوو لە دوورخستنەوەی لە بازاڕی ناوخۆی ئەمریکا و بازاڕی ئەو وڵاتانەش کە هاوپەیمانی ئەمریکان و رێگریکردنی بەشداری لە گرێبەستەكانی (5G) تایبەت بە ئینتەرنێتی خێرا، كە هواوی تیایدا پێشەنگی جیهان بوو، هەروەها قەدەغەكردنی هواوی لە كڕینی هەر چیپێك لە هەر كۆمپانیایەك كە بەرنامە و ئامێری ئەمریکایی تێدا بەكار هێنرابێت، گوگڵ و مایكرۆسۆفتیش كۆتاییان بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هواوی هێناو رێگەیان نەدا بەرنامەكانیان بەكار بهێنێت، بەمەش هواوی لە یەكەم كۆمپانیای جیهانەوە فڕێ درایەوە خوارەوە بۆ هەشتەم كۆمپانیا لە بەرهەمهێنانی مۆبایلی زیرەكدا. 
هایسیلیكون كە كۆمپانیای دیزاینی چیپە، بارەگاکەی لە شینزینە، خاوەندارێتی تەواوی بۆ هواوی دەگەڕێتەوە، گەورەترین كۆمپانیای دیزاینی چیپە لە چین، بەهۆی گەمارۆی ئەمریکاوە بە تەواوی راوەستاو لە جووڵە كەوت، چونكە هیچ كۆمپانیایەك ئامادە نەبوو چیپە دیزاینكراوەكانی بۆ بەرهەمبهێنێت.

کاردانەوەی هواوی
هواوی لە جیاتی شكست و بێهیوایی لەبەرامبەر ئەم جەنگە هەمەلایەنەدا، ورەی دا بە خۆی، بە دوای داهێنان و بازاڕ و كاردا گەڕا، ئەو سوپایەی هەیبوو لە بواری داهێناندا كەسی نەناردە ماڵەوە، لە بەرامبەردا پێی وتن: زیاتر بیر بكەنەوە. مۆبایلی هواوی داتەپی لە ریزبەندی جیهانیدا حەوت پلە هاتە خوارەوە، .زیانێکی گەورەی لێکەوت، بەڵام ئەم جارە لە بری بەرهەمهێنانی مۆبایل، جۆری كارەكانی زیاد كرد، چووە بوارەكانی كەرتی ئۆتۆمۆبێلی زیرەك، پیشەسازی، كشتوكاڵ و كێڵگەی بەراز بەخێوكردن و كەرتی كانەكان، بەمەش هواوی بووە هەمە كارە، لە هەموو ئەو بوارانەشدا گۆڕانكاری دروست كردو سەركەوتوو بوو. ئۆتۆمۆبێل و كێڵگە و كانەكانی كرد بە سیستمی زیرەک.

پلەی یەکەم لە داهێناندا
لەو قەیرانە توندەی تیایدا بوو هواوی، داهاتەكەی نزیكەی %25 كەمیكرد، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین رێژەی داهاتی بۆ بەشی گەشەو توێژینەوە تەرخانكرد، لە ساڵی 2021دا 21 ملیارو 280 ملیون دۆلاری لەو بەشەدا خەرج كرد كە دەیكردە %22.4ی كۆی داهاتەكەی هواوی. لەسەر ئاستی جیهان لە دوای كۆمپانیای مێتای فەیسبووك، زۆرترین رێژەی داهاتی لە بواری توێژینەوە و داهێناندا خەرج كردووە. ئەوە بوو ساڵی 2021 لەناو کۆمپانیا چینییەکاندا بوو بە یەکەم لە بواری داهێناندا. 

سەرچاوەکان: ئاژانسەکان 

بابەتە پەیوەندیدارەکان