کاتێک مێژوو ئاوڕ لە بەسرە دەداتەوە

09:50 - 2023-01-23
ڕاپۆرت
580 جار خوێندراوەتەوە

بەسرە – لەشكر حەمە ساڵح

پێش هەتاوكەوتن لە سلێمانییەوە بەڕێكەوتین بەنیازی گەیشتن بە شاری بەسرە بۆ دیتنی یەكێك لە یارییەكانی جامی كەنداوی 25 و ئاشنابوون بەو شارەی كە بە پایتەختی ئابووریی عیراق دادەنرێت؛ رێگەكە زیاترە لە 900 كم و پێدەچێت بڕینی نزیكەی 10 سەعاتی پێویست بێت.

بەسرە، مێژوو و جوگرافیا
پێشتر زانیاریی جۆراوجۆرمان لەبارەی بەسرەوە وەرگرتبوو، مێژوو و جوگرافیا و پێگە و ناسنامە و خەڵكەكەی، باری ئابووری و واقیعی سیاسی و هیتر، بەڵام هیچ بارتەقای ئەوە نییە كە خۆت بچیت و بەچاوەكانی خۆت بیبینیت. یارییەكانی جامی كەنداوی 25 بیانوویەكی باش بوو بۆ ئەوەی سەردانی بەسرە بكەین؛ هەم تەماشای یارییەكان بكەین، هەم گەشتێكیش بە مێژوو و ئێستا و ئایندەی ئەو شارەدا بكەین، ئەو شارەی كە مێژووی غەدرێكی زۆری لێكردووە .. توانایەكی گەورەی ئابووری هەیە، بەڵام تازە وا خەریكە دەرگای خێر و گرنگیپێدانی بەسەردا دەكرێتەوە، شارەكە بوژاوەتەوە و پڕۆژەی جۆراوجۆری ئاوەدانی و بیناسازی و بازرگانی بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەو كەسانەی كە لە بەغداوە بە رێگەی خێرای ژمارە یەكدا دەگەنە بەسرە، زۆربەیان خۆشحاڵ و گەشبین دەبن، چونكە هەم لە بەغدایەكی بێ خزمەتەوە دەچنە شارێكی گەشاوەتر، هەم رێگەی خێرا بێزار و ماندوویان ناكات، ئەوانەی بەو رێگە خێرایەدا بە پێنج سەعات دەگەنە بەسرە، پڕن لە وزە و گەشبینی بۆ دیتنی شاری بەسرە و یاریگای (جذع النخلة) و شاری وەرزشیی بەسرەی نێودەوڵەتی.

 

شاری بەسرە؛ پایتەختی ئابووری و دەروازەی دەریایی عیراق، یەكێكە لە شارە گەورە و دەوڵەمەندەكان، نەك لەسەر ئاستی عیراق، بەڵكو لەسەر ئاستی ناوچەكەش، خاوەنی سەروەت و سامانێكی گەورەی سروشتییە وەك نەوت و غازی سروشتی و ماسی و زۆنگاوەكان و بە شادەماری ئابووریی عیراق دادەنرێت و رۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوتی بەسرە هەناردە دەكرێت و داهاتەكەی بۆ هەموو عیراق دەبێت. بەسرە دەكەوێتە دامێنی باشووری عیراقەوە و دەڕوانێت بەسەر كەنداودا، دوو دەرچەی ئاویی هەیە، هەم (شەتولعەرەب) و هەمیش (ئوم قەسر). ژمارەی دانیشتووانی شارەكە نزیكەی دوو ملیۆن كەسە، دراوسێی پارێزگاكانی ناسریە (زیقار) و عیمارە (میسان)ە، هەروەك لە رێگەی دەروازەی سەفوانەوە بەستراوەتەوە بە دەوڵەتی كوێتەوە، دەروازەی شەلامجەش لەگەڵ ئێراندا.
بۆ گەیشتن بە بەسرە، لە سلێمانییەوە دوو رێگەت لە بەردەمدایە، یان ئەوەتە دەچیتە ناوچەی گەرمیان، پاشان بە پارێزگاكانی دیالە و واست و عیمارە تێدەپەڕیت و پاشان دەگەیتە بەسرە، ئەم رێگەیە كورتترە و نزیكەی 800 كم دەبێت، بەڵام رێگەكەی زۆر باش نییە و بە چەند شارێك و قەرەباڵغیی زیاتردا تێدەپەڕێت. گۆگڵ ماپ پێشبینی دەكات بە 10 سەعات و 30 دەقیقە لە سلێمانییەوە بگەیتە بەسرە. 

دوو رێگە بەرەو بەغدا
یان ئەوەتا بە رێگەی دووەمدا دەچیتە كەركوك و لەوێوە بۆ بەغدا، لەوێشەوە بەسەر رێگەی خێرای ژمارە یەكدا، بە خێراییەكی زیاتر و بە رێگەیەكی باشتردا دەگەیتە بەسرە كە درێژییەكەی 909 كم دەبێت و گۆگڵ ماپ پێشبینی دەكات بە كەمتر لە 10 سەعات بیبڕیت. 
رێگەی خێرا، هەم نزیكترە، هەمیش راستەوخۆ بەهیچ شارێكدا ناڕوات، بەلای شارەكانی حللە و نەجەف و كەربەلا و كوفە و ناسریە و موسەنا و چەندین گوند و ناحیە و قەزادا دەڕوات، بەڵام دەتوانیت لە رێگەی خۆی بەردەوام بیت تا دەگەیتە بەسرە. (دەشێت دواتر راپۆرتێكی وردتر لە بارەی ئەم رێگەیەوە ئامادە بكەین).

خرۆشان و یاری عیراق و قەتەر
كاتێك گەیشتینە بەسرە، پێشنیوەڕۆ بوو، شارەكە خرۆشا بوو.. رێگەوبانەكان زۆر قەرەباڵغ و بەیەكدا چوو بوون، ئەو ئێوارەیە یاریی نێوان هەڵبژاردەكانی عیراق و قەتەر بوو لە شاری وەرزشی و یاریگای (جژع النخلە)، هێشتا سەعات 12 نەبوو، بۆ یارییەك كە سەعات 4:15 دەست پێدەكات، شارەكە قوفڵ بوو بوو، رێگە نەبوو، هەرچۆنێك بوو توانیمان لە شاری وەرزشی نزیكتر ببینەوە و شوێنێكی باش و ئەمینیش بۆ ئۆتۆمبیلە ژمارە سلێمانییەكە بدۆزینەوە، بەڵام تەماشا دەكەین هەزاران هاندەر و جەماوەری یارییەكە لە دەرەوەی یاریگەكە ماونەتەوە؛ یاریگا پڕ بووە و جێگە نەماوە، هەزاران كەس بلیتیان كڕیووە و نەیانتوانیوە بچنە یاریگاوە.
لە دەرەوەی یاریگاكە، مامەڵەیەكی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ خەڵكدا دەكرا، پۆلیس و سەربازەكان بڕیاریان دەدات تۆ بۆت هەیە یارییەكە ببینیت یان نا، هەروەك ئەوان بڕیاریان دەدات ئۆتۆمبیلەكەت لە كوێدا رابگریت، خۆت بەكوێدا بڕۆیت، لە كوێ بوەستیت و لە كوێوە بتەوێت بچیتە یاریگاكەوە. ئەم مامەڵە خراپە ئەمنییە، خەڵكی تووشی بێزاری كردبوو، بەتایبەتی ئەوانەی رێگەیان دوور بوو و سەدان كلیۆمەتریان بڕی بوو!
یارییەكە كاتێكی زۆری ماوە تا دەست پێدەكات، هەزاران كەس لەسەر ئەو شەقامە وەستاون و كەس نازانێت چاوەڕوانی چی دەكەن! دەرگاكانیش داخراون، زوو زوو پۆلیس و سەربازەكان داوا دەكەن ئەو خەڵكە ئارام و لەسەرخۆ بن، نزیكەی سێ سەعات ماوە بۆ كاتی یارییەكە. ئەو خەڵكەی وەستاون لە هەموو شوێنێكەوە هاتوون، شار و پارێزگاكانی عیراق، یەمەنی و كوێتی و قەتەری و عومانی و .. ئەوەشی زۆر بەزەقی دیار بوون، كوردەكان بوون كە بەشێكیان جلی كوردییان لەبەر كردبوو وەك ئەوەی بۆ ئاهەنگێكی زۆر تایبەت هاتبن؛ كوردەكان ئەوەندە تایبەت بوون، خەڵك وێنەی لەگەڵدا دەگرتن، بەتایبەتی ئەو كەسانەی لە وڵاتانی كەنداوەوە هاتبوون.

پیكابی ژمارە هەولێر و شۆفێری بەسرایی
هەزاران كەس لەسەر شەقامەكە مانەوە، سەدانیش بە رێگەی جۆراوجۆر هەوڵیان دەدا شوێنێكی باشتر بدۆزنەوە. بەرەو ئۆتۆمبیلەكە بەڕێكەوتین، كەچی تەماشا دەكەین رێگەی دەرچوونمان نەماوە. لەو قەرەباڵغییەدا دەسكەوتنی تاكسی و ئۆتۆمبیلێك بۆ دەربازبوون و لە شارێكیش كە یەكەمجارە سەردانی دەكەیت، هەر بەوتن خۆشە! بە رێكەوت دەستمان لە ئۆتۆمبیلێكی پیكابی ژمارە هەولێر راگرت، وامانزانی كوردە، كەچی ناوی ناسر بوو و وتی، (انی بصراوی) من كورد نیم و خەڵكی بەسرەم، بەڵام چیتان ئەوێ و بۆ كوێ ئەچن گەورە ئەبم خزمەتتان بكەم. ویستمان وەك تاكسی مامەڵەی لەگەڵدا بكەین، بەڵام هەرزوو پەشیمان بووینەوە نەكا زوویر بێت.. ناسر بەسراوی، نموونەی گەنجێكی دڵسۆز و میواندۆست بوو، كاتێكی زۆرمان پێچوو تا قەناعەتی پێبكەین بمانبات بۆ ناوچەی عەشار و كۆرنیشی بەسرە نەك بۆ ماڵی خۆیان، ئەو پێی ناخۆش بوو ئەومان بینیووە و شەو لە هۆتێل دەبین و لە چێشخانە نان دەخۆین نەك ماڵی ئەوان كە دەكەوتەسەر شەقامی ئیستقلالی نزیك لە عەشار و شەقامی سەعدی.

کۆڕنیشی بەسرە
چووینە كۆرنیش، زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بوترێت، ئەو چەند كیلۆمەترەی كۆرنیشی شەتولعەرەب وەك شەقامی بەردەم یاریگا قەرەباڵغ بوو، لایەنی پەیوەندیدار شاشەیەكی گەورەی لە شوێنێكی بەرز دانابوو، هەزاران هاندەر و جەماوەر لە دەوری كۆبووبوونەوە. كەشوهەوا زۆر ساردە، بەڵام خەڵك گوێ بەهیچ نادات... بەڕێگەوە بوون كە یارییەكە دەستیپێكردبوو لە ناكاو عیراق گۆڵێكی كرد، بەسرە خرۆشا، هەركەس لە لای خۆیەوە خۆشی دەردەربری. ئەو كاتەی یاری تەواو بوو عیراق لە قەتەری بردەوە و سەركەوت بۆ یاری كۆتایی، بەسرە یەكپارچە بووە ئاهەنگ و دەربڕینی خۆشی.. لە ناو قەرەباڵغیدا ژمارەیەك دۆست و هاووڵاتی كوردستانمان بینی كە هەندێكیان جلی كوردیان پۆشیبوو.
ئەو شەوە لە بەسرە ماینەوە، بە زەحمەت هۆتێلێكی زۆرباش و گونجاومان دەسكەوت، وەك زانیمان كەسانی تر هەبوون بەپارەی زیاتر هۆتێلیان گرتبوو، بەڵام وەك ئەوەی ئێمەش گونجاو نەبوو.. دواتر دەركەوت پێشتر بەشێكی زۆری هۆتێلەكانی بەسرە لە نێوان خۆیاندا رێكەوتبوون لەسەر بەرزكردنەوەی نرخ بۆ قۆستنەوەی ئەو قەرەباڵغییەی روویكردۆتە بەسرە تا زۆرترین قازانج بكەن! بەڵام هەندێك لە هۆتێلەكان ویژدانیان جوڵابوو، بەتایبەتی كە ئەیانزانی تۆش وەك ئەوان عیراقیت و سەرت لێشێواوە.

* بە چەند راپۆرتێكی رۆژنامەوانی گەشتی چەند رۆژەمان بۆ بەسرە و چەند شارێكی تری ناوەڕاست و باشووری عیراق دەگێڕینەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان