״كاری هاوبەش و هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر״

10:05 - 2023-01-26
عیراق
322 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لە بەغدا پێشوازیكرد لە ژەنەراڵ ستورت مونچ فەرماندەی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكان لە ناپۆلی و ژەنەراڵ جیۆڤانی ئەنوچی فەرماندەی نوێنەرایەتیی ناتۆ لە عیراق.
لە دیدارێكدا، وردەكاری لەبارەی كارەكانی نوێنەرایەتییەكە لە عیراق و رۆڵی لە پێشكەشكردنی راوێژ و راهێنان بە هێزە ئەمنییەكانی عیراق خرایەڕوو. لەوبارەیەوە سەرۆك كۆمار دووپاتیكردەوە كە عیراق هەوڵدەدات توانا سەربازی و هەواڵگرییەكانی بە هەماهەنگی لەگەڵ دۆستان پەرەپێبدات لەپێناوی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. هەروەها هەڵوێستەكانی ناتۆی بەرزنرخاند بۆ پاڵپشتیكردنی عیراق لە جەنگی دژ بە تیرۆر و بنیاتنانی توانا سەربازییەكان.
سەرۆك كۆمار، ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئێستا بەغدا و شارەكانی وڵات تەواو سەقامگیرن، حكومەتی عیراقیش هەموو هەوڵێكی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ گەیاندنی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی بۆ هەموو شوێنێك، ئێمەش ئاسانكاری بۆ دەكەین لەپێناوی جێبەجێكردنی بەرنامەی كارەكانی تایبەت بە پڕۆژە ستراتیژی و گرنگەكان، بەشێوەیەكی گشتیش ئارامیی وڵات رەنگدانەوەی ئەرێنی هەبووە و پێشكەوتن بەدیهاتووە لە بواری خزمەتگوزاریی ئابووری، پڕۆژەكان، فراوانكردنی كەرتە جیاوازەكان، میوانداریكردنی كۆنفرانس و فێستیڤاڵە وەرزشییەكان.
وەفدی میوانیش تەئكیدیان لە گرنگیی كاری هاوبەش و هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، كردەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان