پەرلەمانتارێك: ناكرێت قووتی خەڵك تێكەڵی ململانێی سیاسی بكرێت

10:28 - 2023-01-26
عیراق
375 جار خوێندراوەتەوە

دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ ناردنی 400 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان هەڵوەشاندەوە، لەكاتێكدا لە رێكەوتنی سیاسیی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق تەئكید لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە «مووچە و بودجە»ی هەرێم لە ململانێ سیاسییەكان دووربخرێتەوە.
لە پێكهێنانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، كە زۆربەی هێزە سیاسییە عیراقییەكانی بەشدار لە حكومەت تێیدا بەشدارن، لەناویاندا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕیارە دیالۆگ و گفتوگۆ بنەمای چارەسەری كێشەكان بێت، بەتایبەتی لە نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر دۆسێكانی بودجە و مووچە و یاساكانی نەوت و غاز و ماددەی 140.
وەفدی یەكێتی بە سەرۆكایەتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە گفتوگۆ و دانوستانەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت و كابینەی نوێ، هەروەها لە كۆبوونەوەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بە راشكاوی رایگەیاندووە: «نابێت ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم تێكەڵ بە ناكۆكی و ململانێ سیاسییەكان بكرێت».
لەسەر ئەو بنەمایەش یەكێتی هەوڵەكانی خستەگەڕ بۆ ئەوەی 400 ملیار دینار بۆ مانگەكانی 11 و 12ی 2022 بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت و سەرۆك وەزیرانیش بڕیاری لەسەردا، بەڵام دادگای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو سكاڵایەی لە دژی محەمەد شیاع سودانی تۆماركرابوو لەبارەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ راسپاردنی وەزارەتی دارایی بە ناردنی بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان كۆبۆوە و شەش بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەرێم هەڵوەشاندەوە.

 

 

«وەفدی یەكێتی بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە گفتوگۆ و دانوستانەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت و لە كۆبوونەوەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیشدا رایگەیاندووە کە «نابێت ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم تێكەڵ بە ناكۆكی و ململانێ سیاسییەكان بكرێت»

 

 

لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی پیشاندا لەسەر ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بۆ مووچەی مانگی 11 و 12ی فەرمانبەران، بەڵام تائێستا پارەكە لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە رەوانە نەكراوە.
وەك كاردانەوەش چەند كەسایەتی و چاودێرێكی سیاسی عیراق ناڕەزاییان بەرامبەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەربڕی.
لەوبارەیەوە د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی رایگەیاند: «ئاڵۆزیی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هۆكارێكی سەرەكییە تا ئەوەی هەموو كات دادگای فیدراڵی بژێوی خەڵك وەكو چەكێك بەرامبەر خەڵكی هەرێمی كوردستان بەكاربهێنێت».
«بەپێی دەستوور مافی خەڵكی هەرێمی كوردستانە كە وەك پارێزگاكانی دیكەی عیراق سوودمەندبن لەو ئابوورییەی كە لە وڵاتەكەدا هەیە، ئەمە جگە لەوەی حكومەتی عیراق تا ئێستا هیچ قەرەبوویەكی ئەو هەموو زیانەی هەرێمی كوردستانی نەكردۆتەوە كە لەسەر دەستی رژێمی عیراق زەرەرمەند بوون.
راشیگەیاند: «لە رابردوو و ئێستاشدا زۆر هەوڵمان داوە كە قووت و بژێویی خەڵكی هەرێمی كوردستان تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان نەكرێت، بەڵام هەر جارە و بە بیانوویەك دادگای فیدراڵی بڕیار لە دژی خەڵكی هەرێم دەدات و جارێكی دیكە سزای خەڵكی دایەوە».
نەوفل حەمدانی چاودێری سیاسیی عیراقی لە ئەكاونتی خۆی لە تویتەر دەڵێت: «دژی سیاسەتی برسیكردنم و هەرێمی كوردستان بەشێكە لە كۆمەڵگەی عیراقی و ئەو گەلە خۆشەویستە تێكەڵ بە گەندەڵییەكان مەكەن».
هاوكات عەلی بەیدەر چاودێری سیاسیی عیراقی لە تویتێكدا دەنووسێت: «ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵیی عیراق سەبارەت بە رەتكردنەوەی ناردنی پارە بۆ هەرێم، هۆكارە بۆ دروستكردنی قەیرانێكی نوێ كە كار دەكاتە سەر كاركردنی حكومەت كە لە ئۆقرەییەكی رێژەییدایە».
«زەرەرمەندی یەكەم لەم بڕیارەدا خەڵكی هەرێمی كوردستانە و پێویستە قووتی ژیانیان بەدووربێت لە قەیرانە سیاسییەكان».

بابەتە پەیوەندیدارەکان