یەكێتی لە بەغداوە ئارامیی زیاتر دەستەبەر دەكات

10:36 - 2023-01-26
عیراق
271 جار خوێندراوەتەوە

هەوڵەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئارامیی زیاتری وڵات، بەردەوامیی هەیە، لەوبارەیەوە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، تەئكید لە دەستبەكاربوونی لیوا هاوبەشەكەی نێوان سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە دەكاتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ سابت محەمەد سەعید عەباسی وەزیری بەرگریی عیراق، ستایشی هێزە نیشتمانییەكانی كرد لەبەرامبەر هەوڵ و ماندوبوونی بەردەوامیان بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان.
هەماهەنگی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپا
هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتی PUKMEDIA، دەڵێت: «سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، پشتیوانی خۆی بۆ وەزیری بەرگریی عیراق دووپاتكردەوە لەپێناوی متمانەدان بە لیوای هاوبەشی هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق، ئەوەش لەو چوارچێوەیەدا كە لە رابردوودا لە سەرجەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكاندا، سەركەوتوون بەدەستهێنراوە». وتیشی: «لە سەردانەكەی وەزیری بەرگریی عیراق بۆ لای سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، باس لە هەماهەنگی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عیراق كراوە، ئەوەش بۆ بەدیهێنانی ئارامی و ئاسایشی زیاتر و بنەبڕكردنی تیرۆریستان، كە رەنگدانەوەی لەسەر سیاسەت و ئابووری و كۆی پرۆسەكان دەبێت».
باس لەوەش دەكات: «لیوای هاوبەشی هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق، لەدوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە؛ دەستبەكاردەبێت، ئەوەش هەوڵێكی دیكەی سەرۆكی یەكێتی-یە بۆ ئارامیی وڵات».
كاریگەریی سەردانەكانی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەردانەكانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ بەغدا بە ئامانجی خزمەتكردن و ئارامیی زیاترە بۆ دانیشتوانی هەرێمی كوردستان و عیراق و باشتركردنی بژێویی ژیانی هاووڵاتیانە.
جەمال حەوێزی جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە سایتی رەسمیی یەكێتی PUKMEDIAی راگەیاندووە: «سەردانەكانی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، كاریگەریی زۆری لەسەر زیاتر نزیكبوونەوە لە بەغدا هەیە و هۆكارێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستانیش وەك ناوچەكانی تری عیراق حسابی بۆ بكرێت، هەم لەڕووی بودجە و هەم لەڕووی هێزە چەكدارەكانیشەوە». ئەوەشی وت: هەوڵەكانی سەرۆكی یەكێتی، كاریگەریی لەسەر ناوچە جێناكۆكەكانیش هەیە، بەجۆرێك ئەو ناوچانەی كەوتوونەتە نێوان سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگەوە، لەمەودوا دانوستانی لەسەر دەكرێت، كە سەردانەكانی ئەم جارەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، بۆ هەمان مەبەست بووە».
PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان