یادەوەریی وەرزشی

10:37 - 2023-01-30
وەرزش
329 جار خوێندراوەتەوە
#خوالێخۆشبوو د.عەتا

 

خەسرەو گورون
65

لە ژمارەی پێشووی باسەكەمدا باسی یەكەم یاریی تیپی یانەی سلێمانیم کرد لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراقدا، لەو خولەدا ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی یەكێك بووین لە یانە بەشدارەكان.
خولەكە بۆ وەرزی 1988-1989 بوو، یەكێتیی تۆپی پێی عیراق یانە بەشدارەكانی بە شوێنی جوگرافی دابەشكردبوو بەسەر چوار گروپدا، تیپی یانەی سلێمانی لەگروپی باكوری عیراقدا بوو، جگەلە ئێمە وەك یانەی سلێمانی، تیپی یانەكانی هەولێر، دهۆك، موسڵ، سەڵاحەدین، 1 ی حوزەیرانی كەركوك لەگروپەكەماندا بوون، واتە ناوچەی باكوری عیراق تیپی شەش یانەی لەخۆ گرتبوو.
سیستمی یارییەكان بەجۆرێك بوو كە كەدەبوو ئەنجامی یاریی یەكلایی بكرایاتەوە، بردنەوە بە جیاوازی تەنیا یەك گۆڵ دوو خاڵ بۆ براوە دەنووسرا، بردنەوە بەجیاوازی دوو گۆڵ و زیاتر 3 خاڵ بۆ براوە دەنووسرا، لەكاتی یەكسان بووندا دەبوو ئەنجامی یاریی بەلێدانی پێنج پەنالتی یەكلا بكرایاتەوەو ئەوەی بیبردایەتەوە تەنیا یەك خاڵی بۆ دەنووسرا.
یەكەم یاریی ئێمە لەخولەكەدا بەرامبەر بە تیپی یانەی دهۆك بوو یارییەكەش بە بردنەوەی دهۆك 1-0 كۆتاییهات و یەكەم یاریی دۆڕاین، یارییەكەش رۆژی 4/11/1988 لە یاریگای دهۆك كرا، پاشان رۆژی 18/11/1988 دووەم یاییمان لەگەڵ تیپی یانەی موسڵ كرد.
یارییەكە لە یاریگای سلێمانی كرا، سەعات 2 ی پاش نیوەڕۆ فیكەی دەستپێكی بۆ لێدرا، تیمی ناوبژیوانی یارییەكە لە شاری بەغداوە هاتبوون، موسڵ بەدرێسی سەوز و ئێمەش وەك یانەی سلێمانی درێسەكانمان سپی بوو، هاندەرانێكی زۆر لە یاریگای سلێمانی ئامادەبوون، یارییەكەش بە بردنەوەی موسڵ 2-1 كۆتاییهات و بەوەش لە دووەم یاریشماندا سەركەوتوو نەبووین، گۆڵەكەی سلێمانی فەرەیدون كەمال لە دەقیقەی 17 ی یارییەكەدا كردی، تیپی موسڵیش لە دەقیقەكانی 2 و 87 ی یارییەكەدا گۆڵەكانی خۆیان كرد.
راهێنەرانی ئێمە ئازاد وەهاب و حەمە بچكۆل بوون، خوالێخۆشبوو دكتۆر عەتاش چارەسەر كەری پزیشكی تیپەكەمان بوو.
هەردوو راهێنەر بەپلانی 4-4-2 ئەم یارییەیان دەستپێکرد، پێکهاتەی سەرەکیش بەمشێوەیە بوو؛
*گۆڵچی-رەفیق عەلی.
*بەرگریی-خەسرەو گورون، کاوە سدیق، نەوزاد مستەفا، تەنیا حەسەن تەنیا.
*ناوەند: ئاسۆ قەلە، خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج، ئامانجی سەید برایم-کاپتنی تیپ، فەرەیدون کەمال.
*هێرشبەر: حەمەی كەریم، بەختیار رەشید.
لە یارییەکەشدا هەردوو راهێنەر سێ گۆڕانکارییان کرد؛
*شەهید ئامانج عومەر بۆ شوێنی تەنیا.
*ئالان قادر بۆ شوێنی فەرەیدون.
ئەم یاریزانانەش یەدەگ بوون؛داخل جەبار، بەکری شێخ مستەفا.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان