ساڵی 2023 چی بۆ بازاڕی نەوت هەڵگرتووە

10:13 - 2023-02-01
ئابووری
606 جار خوێندراوەتەوە
2023 بۆ بازاڕی نەوت ساڵێکی جیاواز دەبێت

فەیسەڵ عەلی

وەک لە نووسینەکەی پێشوودا ئاماژەمان بۆ کرد، ساڵی 2022 بۆ هەموو بازاڕەکانی وزە ساڵێکی مێژوویی بوو، بە دیاریکراویش ساڵێکی مێژوویی بازاڕی نەوت بوو، ئەوە بوو حکومەتی ئەمریکا زۆرترین بڕی نەوتی لە کۆگای ستراتیژی خۆی دەرهێنا، خۆرئاوا سزای قورسی بەسەر روسیادا سەپاند، کە گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتە لە جیهاندا، هەروەها چین کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لە جیهاندا و دووەم گەورەترین بەکاربەری نەوتیشە لە دوای ئەمریکا، بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ئابوورییەکەی داخست.
دەوڵەتانی ئەوروپاش کە لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا، پابەندی سیاسەتی رێگرتنی پێدانی باربۆی سوتەمەنی بوون، بە ناچاری لە نێو ئەو قەیرانە قورسەدا، ئەو سیاسەتەی گۆڕی و باربۆی گەورەی دارایی پێشکەش بە گەلانی دەکات. ئەو قەیرانە و لە سایەی بەرزبوونەوەی مێژوویی نرخی غازی سروشتی، چەندین دەوڵەتی ئەوروپا و ئەمریکاشی ناچار کرد، بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بگەڕێنەوە بۆ بەکارهێنانی نەوت.

نرخی تێچوونی بەرز کردەوە
هەموو ئەو رووداوە قورسانە، ئاراستەی بازرگانیی نەوتی لە جیهاندا گۆڕی، بەدوای خۆیدا توانای بازاڕی لاواز کرد و تێچوونیشی بەرز کردەوە، بەتایبەتی تێچوونی گواستنەوە، هەروەها بازاڕی رەشی نەوتیشی بوژاندەوە.
بەڵام لە 2023دا چی روو دەدات؟ هەموو بەڵگەکان و داتاکانی ئێستا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە ئەمساڵ وەک 2022 ساڵێکی مێژوویی نابێت، داتاکان و رەوشی ئابووری ئاماژە بۆ گرنگترین سیفەتی ئەمساڵ دەکەن، بەوەی نیوەی دووەمی وەک نیوەی یەکەمی نابێت، چونکە پێشبینی دەکرێت لە نیوەی یەکەمدا بەهۆی لاوازیی گەشەی ئابووریی جیهانەوە، زێدەی خستنەڕووی نەوت هەبێت، ئەمەش عەمبارکردنی نەوت زیاد دەکات، واتە دابەزینی نرخی نەوت، یان لەم ئاستەی ئێستایدا بخولێتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە نیوەی دووەمدا رەوشەکە روو لە باشتر بکات، بەتایبەتیش لە وەرزی چوارەمیدا.
ئەم تێڕوانینە، هی لایەک نییە، چونکە ژمارەیەکی زۆری چاودێران و دامەزراوە پسپۆڕەکان لەسەری کۆکن، لێرەدا جیاوازیی نێوان شارەزاکان ئاستی توندی داشکانە لە نیوەی یەکەم و ئاستی توندی هەڵكشانە لە نیوەی دووەمدا.

هەندێک وڵات کێشەی پاڵاوگەیان هەیە
پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ خواستی جیهان لەسەر نەوت بەرزبێتەوە و بگاتە بەرزترین ئاستی لە مێژووی ئەم پیشەسازییەدا، تەنانەت ئەگەر لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا پوکانەوەی ئابوورییش رووبدات، بەڵام دەشێ بە هۆکاری خراپی رەوشی ئابووریی چین و ئەوروپا و لە سایەی درێژە کێشانی جەنگی ئۆکرانیا و هەڵئاوسان و بەرزی دۆلاردا، خواست لەسەر نەوت ئاراستەیەکی تر وەربگرێت.
داشکانی بەهای دراوەکانی تر بەرامبەر بە دۆلار، واتە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لە ناوخۆی ئەو دەوڵەتانە، ئەمەش بە رۆڵی خۆی خواست لەسەر سوتەمەنی کەمدەکاتەوە، وێڕای بوونی کێشەی پاڵاوگە لە چەندین دەوڵەتی بەکاربەری نەوتدا، بەتایبەتی ئەمریکا، کە داشکانی نرخی نەوت مەرج نییە داشکانی نرخی بەنزین و غازی دیزڵی ئەو وڵاتەی بەدوادا بێت.
هەندێک لە بازرگانانی نەوت و شارەزایانیش، پێشبینی ئەوە دەکەن، کە ئیدارەی ئەمریکا کۆگا ستراتیجییەکەی پڕ بکاتەوە لە نەوت، دوای ئەوەی لە 2022دا 180 ملیۆن بەرمیلی لێ راکێشاوە، رەنگە زۆر کەس پێی وابێت ئەم هەنگاوەی ئەمریکا بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی لێدەکەوێتەوە، بەڵام رەنگە لە واقیعدا وا دەرنەچێت، چونکە ئەو پڕکردنە بە یەکجار نەبێت و چەند مانگێکی پێدەچێت، لەبەرئەوە گۆڕانی گەورە لە بازاڕی نەوتدا روو نادات.

کاریگەرییەکان لەسەر  کەرتی گواستنەوەیە
زۆربەی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی کرانەوەی چین لە بازاڕی نەوتدا لەسەر کەرتی گواستنەوە دەبێت، ئەو کاریگەرییە تا نیوەی دووەمی ئەمساڵ، بەتایبەتیش لە چارەکی کۆتاییدا، لەسەر هیچ کەرتێکی تر دەرناکەوێت، تەنانەت کاتێکیش ئابووریی چین دەبوژێتەوە و خواست لەسەر نەوت بەرز دەبێتەوە و بەدوایدا نرخەکەشی هەڵدەکشێت، ئەو کاتیش چین لە کۆگای ستراتیجیی نەوت رادەکێشێت، تا رێگە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بگرێت.
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی هاوردە هەمەجۆرەکانەوە، خواست لەسەر نەوت لە دەوڵەتانی بەرهەمهێنی نەوت کەمترە لەوەی پێشبینی کرابوو، ئەمەش وای لە حکومەتەکان کرد کە دەست بە خەرجییەکانیانەوە بگرن، پاشان لەم چەند مانگەی دواییدا نرخی نەوت دابەزی.
پێشبینی دەکرێت گەشەی بەرهەمهێنانی نەوت لە 2023دا، زیاتر لە دەوڵەتانی دەرەوەی ئۆپیک بێت، وەک ئەمریکا، نەرویج، بەرازیل، کازاخستان و گایانا، سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوتی روسیاش، پێشبینی دەکرێت پاشەکشێ بکات، بەڵام بە بڕێکی کەم.
کاریگەریی سزاکانی خۆرئاوا لەسەر نەوتی خاوی روسیا سنووردارە، ئەوەتا مۆسکۆ نەوتەکەی بەرەو ناوچەکانی دەرەوەی ئەوروپا رەوانە دەکات، سەرباری سزاکانی خۆرئاواش هێشتا بە ناڕاستەوخۆ نەوتی روسیا بەرەو ئەوروپا و ئەمریکای باکوور دەڕوات.

روسیا و بەدەستهێنانی پارچەی یەدەک
بێگومان دابەزینی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی روسیادا کاریگەریی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی دەبێت، بەڵام ئەو کاریگەرییە دوای ساڵی 2023 دەردەکەوێت، ئەگەر هاتوو جەنگی روسیا ئۆکرایین نەوەستێت، کۆمپانیا روسییەکان دەتوانن پارچەی یەدەک لە دەوڵەتانی تر بەدەست بهێنن، هەروەها دەتوانن ئەو پارچە یەدەکانە لە رێی راگرتنی بەرهەمهێنانی ئەو بیرانەی ئاستی بەرهەمدراییان نزمە و بردنی پارچەکانی بۆ بیرە پڕبەرهەمەکان.
کێشەی روسیا سزاکانی خۆرئاوا و دیاریکردنی سەقفی نرخ و دابەزینی وەبەرهێنان نییە، بەڵکو کێشەی دابەزینی نرخی نەوتە لە جیهاندا، نرخی نەوتی روسیاشی گرتۆتەووە، کە لە بنچینەدا خۆی دابەزێندراوە و گەیشتۆتە ئاستێک کە هەڕەشە لە قازانجی کۆمپانیاکان و داهاتی حکومەتی روسیا دەکات.
ئێستا نرخی یەک بەرمیل نەوتی ئۆراڵ بە نزیکەی 37 دۆلار دەفرۆشرێت، ئەمەش کەمترە لە تێچوونی نوێ، کە باجیش لەخۆدەگرێت و 55 دۆلار دەکەوێت، ئەگەر روسیا بیەوێ کۆمپانیا روسییەکان نەوت هەناردە بکەن، جگە لە بژاردەی دابەزاندنی باجی سەر کۆمپانیاکانی نەوت هیچ رێگایەکی تری لە بەردەمدا نییە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر بودجەی گشتیی وڵات دەبێت و رەنگە دووچاری کورتهێنانی بکات.

بەرهەمی ئەمریکا زیاد دەکات
پرسیارێک دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە، لە سایەی ئەم سزایەی ئێستادا، ئەو تەمویلە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
لە کاتێکدا پێشبینی هیچ بڕیارێکی لەناکاوی ئۆپیک ناکرێت، هەروەها باشبوونی رەوشی سیاسی هەریەک لە لیبیا و نایجیریا تا ئاستی بەرهەمهێنانیان زیاد بێت، هەمان شت بۆ ڤەنزوێلا و ئێران راستە، هەموو ئەوانە کۆتوبەندی جوڵەی ئۆپیک دەکات و کێشەکانی زیاتر دەکات.
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا، پێشبینی زیادبوونی زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل رۆژانەی لێدەکرێت، ئەمەش نەوتی خاو و غازی شلیش دەگرێتەوە، گرفتە سەرەکییە ئەوەیە، کە نەوتی بەردین بڕێكی زۆر غازی تێدایە، رەنگە نرخی غاز بۆ ژێر سفر دابەزێت کاتێک نرخی نەوت بشکێت، ئەمەش هەندێک لە بەرهەمهێنەران ناچار دەکات ئاستی بەرهەمهێنانیان کەم بکەنەوە یان بەرهەمهێنان لە هەندێک بیر رابگرن. هەروەها پێشبینی دەکرێت چالاکی بیر لێدان لە کەنداوی مەکسیک زیاد بکات، هەمان شت بۆ ئاوە قووڵەکانی گایانا راستە، کە لەم ساڵانەی دواییدا نەوتی زۆری تێدا دۆزراوەتەوە.
پێشبینی دەکرێت، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا نەوتی خاوی عەمبارکراو بۆ بازرگانی بەرزبێتەوە، پاشان لە نیوەی دووەمدا نزم بێتەوە، پوکانەوەی ئابووری، ئاستی گەشبینی بەهۆی داشکانی خواستی جیهانی لەسەر نەوت کە لێوەی کۆگاکان پڕ نەوت دەبن، کەم بکاتەوە.
بەرەنجامی ئەوانە، پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا لاواز بێت، بە نزیکبوونەوە لە کۆتایی 2023 روو لە باشبوون بکات، لە سایەی نەبوونی رووداوی گەورەی سیاسییدا، رەنگە نرخی یەک بەرمیل نەوت لە 100 دۆلار نزیک بێتەوە.

#بازاڕی نەوت #نەوت

بابەتە پەیوەندیدارەکان