لە رانیە ژمارەیەک دەرمانخانە و نۆڕینگە داخران

10:19 - 2023-02-01
ڕاپۆرت
469 جار خوێندراوەتەوە
لە هەرێمی کوردستان گرفتی کوالێتی دەرمان هەیە

راپۆرتی، جێگر خدر

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین، لە ماوەی تەنها دوو هەفتە 18 دەرمانخانە و نۆڕینگەی پزیشکی داخست، هەروەها لە هەڵمەتێکی دیکەدا دەیان چێشتخانە و خواردنگەی سنوورەکە ئاگادار کراونەتەوە و رێنماییان پێدراوە و بەشێکیشیان داخراون.

لیژنەیەک بۆ دەرمانخانە و نۆڕینگە ناحکومییەکان 
لە دوای پشووی سەری ساڵ و لە سەرەتای مانگی رابردوەوە، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی رانیە لیژنەیەکی تایبەتی بۆ چاودێریکردنی وردی دەرمانخانە و نۆڕینگە پزیشکییە ناحکومییەکانی سنوورەکەی پێکهێنا، کاری ئەم لیژنەیە خێرا رۆیشت و هەر زوو ئەنجامەکانیان راگەیاند، مستەفا ئەحمەد سەرۆکی لیژنەکە رایگەیاند: لەم ماوەیەدا لیژنەکە هەموو هەوڵەکانی خۆی بەگەڕخست تا ئامانجەکەی خۆی بپێکێت، لە چەند رۆژێکدا بە وردی 80 شوێن، دەرمانخانە و نۆڕینگەمان لە سنووی قەزای رانیە پشکنی، لەو ژمارەیە 20 شوێن ئاگادار کراونەتەوە و 25 شوێن بە سزای دارایی گەیشتن و 18 شوێنیش داخران، کە بەشێکیان بە شێوەی داخستنی هەمیشەیی بوون.
وتیشی: لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینی تیمەکانمان کە نوێنەری سەندیكاكانی پزیشكی و نوێنەری دەزگای ئەمنیش ئامادەی بوون، دەرکەوت بەشێک لەو دەرمانخانە و کلینیک و نۆڕینگانە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نین، بۆیە بڕیاری داخستنی 18 شوێنماندا، بەشێک لەوان دەرمانی ماوە بەسەرچوویان هەبوو و بەنیازی فرۆشتنی بوون، هەروەها بەشێکی دیکە شوێنیان نەشیاو بوو بۆیە بڕیاری داخستنی هەمیشەیماندا، لە هەمانکاتدا ئاگادارکردنەوەمان بۆ چەند شوێنێک کرد و غەرامەی چەند شوێنێکیشمان کرد.

شوێنە پزیشکییەکان بە بەردەوامی چاودێری دەکرێن
روونیشی کردەوە، جگە لە شوێنە ئەهلییەکان و ناحکومییەکان، نەخۆشخانە و دەرمانخانە و تاقیگە و شوێنە پزیشکییەکان بە بەردەوامی چاودێری ورد دەکرێن و ئیدارەی تەندروستی بەردەوام چاوی لەسەریانە، چاودێریکردنی کەرتی تایبەتیش هەروایە بەردەوامە و زۆرجار هەڵمەتی چڕ و وردی لەم شێوەیە لەکاتی نادیاردا دەست پێدەکەین.
ساڵانێکە لە هەرێمی کوردستان گرفتی کوالێتی دەرمان هەیە، حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار وەک پێویست ئاوڕ لەو کەرتە گرنگە نادەنەوە و دەرمانی بەسەرچوو و خراپبوو دەخرێنە نێو دەرمانخانەکانەوە، تەندروستی راپەڕین بەو هەڵمەتەی بەشێک لەو شوێنانەی سزاداوە، لای          هاووڵاتیان ئەوە هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە، بەڵام ژمارەیەک لە هاووڵاتیان گلەیی زۆریان لە کوالێتی و نرخی دەرمان هەیە و وەک پێویست دەرمانیان بەدەست ناگات.

پاراستنی هاووڵاتیان لە خواردنی ناتەندروست 
لە لایەکی دیکەوە، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین هەڵمەتێکی دوو هەفتەیی بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لە خۆراکی ناتەندروست راگەێندرا، هەڵمەتەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕینەوە رێکخرابوو، تیمەکانی تەندروستی هەموو ئەو نانەوا و خواردنگە و چێشتخانانەی پشکنی کە لە سنوورەکەدا هەن، ئەگەرچی وادەی ئەو هەڵمەتە کۆتایهات، بەڵام دیار ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین دەڵێت: ناچارین درێژەی پێبدەین، تەندروستی هاووڵاتییان دەخوازێت ئێمە بەردەوام بین لەو گەڕان و پشکنینانە، ئەوە ئەولەویەتی ئێمەیە.
راشیگەیاند: لەمیانەی كەمپینی پاراستنی هاووڵاتیان لەخۆراكی ناتەندروست لەلایەن لیژنەكانی كەمپینەكەوە 353 شوێن بەسەركرانەوە و 250 شوێنیش ئاگاداركراونەتەوە و 41 شوێن غەرامە كراون و  سێ شوێنیش داخراون و 520 كارمەندی شوێنەگشتییەكان كارتی تەندروستیان بۆ كراوە و 119 سامپڵیش وەرگیراون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەنجامی زۆرێک لەو خواردنگە و چێشتخانانە لەڕووی خواردنەکانیانەوە ئەرێنی بوون و بە کەڵکی خواردن دێن، بەڵام گرفت لە نا رێکوپێکی کارمەند و شوێنەکاندا زۆر بوون، بۆیە داوایان لێکراوە بە زووترین کات ئەو کەموکوڕیانە باش بکرێن، لە ئەگەری باشنەکردن و پشتگوێخستنی، ئەو شوێنانە دوچاری سزا و پێبژاردن و دواتر داخستنیش دەبنەوە.
رەوەز خاوەنی خواردنگەیەکە لە رانیە، ئەو دەستخۆشی لێکراوە لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە، باسی ئەو لیژنەیە دەکات سەردانیان کردووە و وتی، پێشووتریش دەهاتن، هەمیشە ئەو لیژنانە سەردانمان دەکەن، زۆرجار هاتنی ئەوان هەندێک شتمان بیردێننەوە، ئەوە نییە بەمەبەست نەمانکردبێت، بەڵکو لەبیرمان کردووە، بۆ نموونە جلوبەرگی کارمەندەکانمان، ئەوە کارێکی زۆر باشە، هاوکار و یارمەتیدەرێکی باشی ئێمەن، ئەو رێنماییانەی پێمانی دەدەن، رەنگە زۆر کەسی کاسب و خاوەن کار لێی  بێئاگا بێت.

#دەرمانخانە #نۆڕینگە

بابەتە پەیوەندیدارەکان