سەرۆک بافڵ: وڵات پێویستی بە کۆدەنگی و یەکڕیزی هەیە

08:22 - 2023-02-02
عیراق
324 جار خوێندراوەتەوە

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا پێشوازی لە ئێریک شۆڤالیێ، باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق کرد.

‏‎لە دیدارێكدا دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەكانی هەرێم و عیراق تاوتوێكران و یەكخستنی هەوڵەكان لەپێناوی تێپەڕاندنی بەربەستەكان و زاڵبوون بەسەر كێشەكاندا جەختی لێكرایەوە.

‏‎سەرۆك بافڵ ئاماژەی بە هەوڵ و هەنگاوە سیاسییەكانی یەكێتی كرد لەپێناوی بونیادنانی داهاتوویەكی سەقامگیر و رایگەیاند، وڵات پێویستی بە كۆدەنگی و یەكڕیزی هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر كێشەكاندا، ئامانجی ئێمەش گەڕاندنەوە و پتەوكردنی متمانەیە لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا تاوەكو هەموومان پێكەوە وڵات بەرەو داهاتوویەكی ئارام و سەقامگیر ئاڕاستە بكەین.

‏‎هەر لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا جەختی لێکرایەوە و سەرۆک بافڵ رایگەیاند، بەوپێیەی فەرەنسا ھاوبەشێکی سەرەکی ھەرێم و عیراقە، داواکارم پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان فراوانتر بکرێت و رۆڵێكی كاریگەرتر بگێڕن لەبەرەوپێشچوونی هەرێم و عیراقدا.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان