سپیکردنەوەی نەوت

09:29 - 2023-02-05
ئابووری
452 جار خوێندراوەتەوە
کەشتییە نەوتهەڵگرەکان ناسنامەی خۆیان سەرچاوەی نەوتەکەشیان دەگۆڕن

فەیسەڵ عەلی


سپیکردنەوەی نەوت رێک لە سپیکردنەوەی پارە دەچێت، کە بە هەمان شێوەی سپیکردنەوەی پارە بازرگانیی نەوت بە یاسایی دەکات، جیهان گەورەترین پرۆسەی سپیکردنەوەی نەوت لە مێژوودا بەخۆیەوە دەبینێت. سزا ئەمریکی و ئەوروپییەکانی سەر روسیا دەرفەتی بۆ ئەم پرۆسەی سپیکردنەوەی نەوتە رەخساند، لەوەش زیاتر رێکەوتنی دیاریکردنی سەقفی نرخی نەوتی روسیا لە نێوان گروپی حەوت و یەکێتیی ئەوروپادا ئیقراری کرد.
ئەمریکا نزیکەی ساڵێکە هاوردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی روسیای قەدەغە کردووە، هەروەها یەکێتیی ئەوروپاش هاوردەکردنی نەوتی خاوی روسیای لە مانگی کانونی یەکەمی 2022 ەوە قەدەغە کردووە، بڕیاریشیان داوە لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵەوە هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی روسیاش قەدەغە بکەن. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئەوروپاییەکان دەیانویست لە رووی داراییەوە بینەقاقای ڤلادیمێر پوتین بگرن، کەچی بەر لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەیان بڕێکی زیاتری بەرهەمە نەوتییەکانی روسیایان کڕی و لە کۆگاکانیاندا هەڵیان گرت بۆ ئەوەی خۆیان بۆ قەدەغە کردنەکە ئامادە بکەن.
رێگە ئاڵۆزەکە
نەوتی روسیا هێشتا بە رێگەی جیاواز بە بازاڕەکانی ئەمریکا و ئەوروپا دەگات، ئەو گەیشتنەش بەردەوامیی دەبێت، بۆ ئەمەش رێگەی کۆن هەیە، کە پێشتر ئێرانییەکان تاقییان کردۆتەوە، ئەویش بارکردنی نەوتی روسیایە لە کەشتی گەلێک، کە ئامێری بەدواداچوونەکانیان دەکوژێننەوە، پاشان ئەو کەشتییانە بڕوانامەی سەرچاوەی نەوتەکە دەگۆڕن، رەنگە کەشتییەکە ناوی خۆی و ئاڵاکەشی بگۆڕیت، پاشان بە شێوەیەکی رەسمی نەوتەکەی لە یەکێک لە بەندەرەکانی ئەوروپا یان ئەمریکا بەتاڵ دەکات. رێگە هەرە ئاڵۆزەکەش لە ناو دەریادا بەڕێوە دەچێت، ئەویش بە بەتاڵکردنی باری کەشتییەکە بۆ کەشتییەکی تر و دوای ئەوە بڕوانامەی سەرچاوەیەکی نوێ بەو نەوتە دەدرێت، سەرەنجام نەوتی روسیا لە ژێر ناوی جیاجیادا دەگاتە ئەمریکا و ئەوروپا.
گەورەیی قەبارەی هەناردەی نەوتی روسیا و دواتر ئەو داشکانە گەورەیەی بەهۆی سزادانی روسیاوە روویداوە بە شێوەیەکی فراوان پرۆسەی سپیکردنەوەی نەوتی پەرەپێدا، ئەو پەرەسەندنانەش ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
یەک: دەوڵەتێک بە کەمتر لە نرخی بازاڕ نەوتی روسیا دەکڕێت، پاشان وەک نەوتی خۆی هەناردەی دەکات، چەند دەوڵەتێک ئەم کارە دەکەن، دیارترینیان هیندستانە، بە واتایەکی تر، هۆڵەندا یان بەریتانیا نەوتی خاوی هیندستان هاوردە دەکەن، لە تۆمارەکانی گومرگەکاندا وەک نەوتی هیندستان تۆمار دەکرێت، بەڵام راستییەکەی نەوتی روسیایە.

کڕین و فرۆشتنەوەی نەوت
دوو: دەوڵەتی نەوتی، هەندێک لە بەرهەمە نەوتییەکانی روسیا بە هەرزانتر لە نرخی بازاڕ هاوردە دەکات بۆ ئەوەی لە ناوخۆ بەکاری بهێنێت، پاشان ئەو دەوڵەتە بەرامبەر بەمە نەوتی خۆی هەناردە دەکات، یان لەبری ئەوە ئاستی بەرهەمهینانی خۆی نزم دەکاتەوە.
سێ: چین نەوتی روسیا بە نرخی هەرزان هاوردە دەکات، دواتر دەیپاڵێوێت و بەرهەمە نەوتییەکان بە نرخی جیهانی بە ئەمریکا و ئەوروپا دەفرۆشێتەوە. ئەمەش پرسێکی یاساییە و رێکەوتنی سزاکان بڕیاری لێداوە، بەوەی دەتوانرێ نەوتی روسیا هاوردە بکرێت، ئەگەر هاتوو گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتێبێت، وەک پاڵاوتن. هەموو پاڵاوگە تایبەتەکان لەلایەن حکومەتەوە بڕی هەناردەکردنیان بۆ دیاریکراوە، هیچ کامیان ناتوانن  تێیپەڕێنن، لە سەرەتای ئەمساڵەوە حکومەتی چین بە رێژەی %50 ئاستی هەناردەکردنی بۆ زیاد کردوون، بۆ ئەوەی بتوانن بڕی زیاتری نەوتی روسیا پاڵاوتە بکەن و رەوانەی دەرەوەی بکەن. لە ترسی سزادانیش کۆمپانیا گەورەکانی چین نەوتی روسیا راستەخۆ هاوردە ناکەن، بەڵکو لە رێی دەوڵەتانی ترەوە هاوردەی دەکەن، بەتایبەتی مالیزیا. داتاکان ئاماژە بۆ زیادبوونی هەناردەکردنی سوتەمەنی هەریەک لە چین و هیندستان دەکەن، کە گەیشتۆتە ئاستی پێوانەیی.

هاوردە لە عیراقەوە زیادی کردووە
ئامارەکانی یۆرۆستات ئاماژە بۆ دابەزینی بەردەوامی هاوردەی یەکێتیی ئەوروپا لە سوتەمەنی نەوتی روسیا دەکەن، لە بەرامبەردا هاوردەکردنی نەوت لە ئەمریکا و نەرویج و سعودیەوە رووی لە زیادبوون کردووە، بەڵام زیادبوونە گەورەکە لە دەوڵەتانی تری وەک چین و هیندستانەوەیە. لە چارەکی سێیەمی 2022دا هاوردەی یەکێتی ئەوروپا لە بەرهەمە نەوتییەکانی روسیا لە %26وە بۆ %14 دابەزیوە، یەکێتیی ئەوروپا ئەو دابەزینەی چۆن قەرەبوو کردۆتەوە؟
هاوردەکردنی نەوت لە ئەمریکاوە لە %10وە بۆ %16 زیادیکردووە، لە نەرویجەوە لە %10.2وە بۆ %16 و لە عیراقەوە %6.2وە بۆ %7.6 و لە سعودیەوە لە %4.8وە بۆ %9.10 زتادی کردووە. بەڵام لە دەوڵەتانیتر کە چین و هیندستان دەگرێتەوە لە %15.1وە بۆ %21.1 زیادی کردووە. بە واتایەکی تر، ئەو داشکانە گەورەیە لە هاوردەی نەوتی روسیا بۆ خۆرئاوا تەنها لەسەر کاغەز راستە، راستییەکەی داشکاندنەکە کەمە، چونکە نەوتی روسیا لە رێگەی دەوڵەتانی ترەوە هاوردە دەکەن.

تێچوون و مەترسیشی زیاترە
کاتێک پراکتیزەکردنی سزاکان و سەقفی نرخ لە بەرزکردنەوەی زۆری نرخی نەوتدا شکستی هێنا، ئەو بازرگان و وەبەرهێن و شرۆڤەکارانەی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، کە راگرتنی هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی روسیا لە 5/2/2023وە نرخی نەوت زۆر بەرز دەکاتەوە، پێشبینییەکانیان وا دەرنەچوو. بەڵام بەڵگەی زۆر هەن، کە ئەو قەدەغەکردنە کاریگەرییەکی سنوورداری دەبێت، روسیا بە هەماهەنگیی لەگەڵ چەندین دەوڵەتدا، بازاڕی نوێی بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی دۆزیوەتەوە، نەوتە خاوەکەی بەرەو ئەو دەوڵەتانە هەناردە دەکات، ئەوانیش دەیکەنە بەرهەمی نەوتی، دواتر لە رێی هیندستان و چینەوە بەرەو ئەوروپا و ئەمریکا هەناردە دەکرێت.
بە کورتی، رەوشی یەکێتیی ئەوروپا زۆر سەیرە، پرسی سپیکردنەوەی نەوت لە کۆتاییدا، هاوردەکردنی نەوت و بەرهەمەکانی روسیایە بە رێگەیەکی تر و بە تێچوون و مەترسیی زیاتریشەوە، واتە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی روسیا تا ئێستاش بەردەوام بەرەو ئەوروپا و ئەمریکا دەڕوات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان