ژمارەیەک بەرپرسی هەرێم لە ئیبراهیم خەلیلەوە رۆژانە 70 ملیۆن دۆلار بەقاچاخ دەبەنە تورکیا

09:40 - 2023-02-05
جیهان
342 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەک بەرپرسی باڵای هەرێم لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە رۆژانە 70 ملیۆن دۆلار بە قاچاخ دەبەنە وڵاتی تورکیا.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی توركیا لە بەرامبەر یەک ملیۆن دۆلار نزیكەی (15) هەزار دۆلار وەک عمولە وەردەگرن.
دوێنێ شەممە 4ی شوبات، پێگەی میدل ئیست ئای بەریتانی، لە راپۆرتێکی خۆیدا لەبارەی دۆخی ئابووری عیراق و بردنە دەرەوەی دۆلار لە ڕێگەی دەروازە ئیبراهیم خەلیلەوە چەند زانیارییەکی ئاشکرا کردوو و دەڵێت، كۆمەڵێك کەسی سیاسی و بەرپرسی باڵای ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دۆلار لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی یبراهیم خەلیلەوە ئاودیوی توركیا دەكەن، بەدیاریکراوی رۆژانە 70 ملیۆن دۆلار بۆ توركیا بەقاچاخ دەبرێت، توركیا لە هەر 10 هەزار دۆرلاێك پێنج دۆلار وەک باج و عمولە وەردەگرێت.
راپۆرتەکەی میدل ئیست ئای بەریتانی لە زاری چەند بارزگان و قاچاخچییەکی دۆلارەوە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی، زانیارییە هەواڵگرییەكان ئاماژە بەوەدەكەن كە پڕۆسەی بەقاچاخبردن بەم دواییە بەڕێگەی وشكانی و لە ڕێگەی هەرێمی، كوردستانەوە پەرەی سەندووە کە لەوێشەوە رەوانەی توركیا و دوبەی دەكرێت، بۆ رێگەگرتنیش لەوە، حكومەتی عیراق چەند خاڵێكی پشكنینی نوێی لەسەر رێگەی بەغدا كوردستان داناوە و ئامێری سۆناری جێگیركردووە. 
رونیشیدەکاتەوە، سەرەڕای رێوشوێنەكان، بەڵام رۆژانە نزیكەی 70 ملیۆن دۆلار لە كوردستانەوە بەقاچاخ دەبرێت، یەكێك لە خاوەن كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو كە تێوەگلاوە لە پڕۆسەی بەقاچاخبردن ئاماژە بەوە دەکات، كارەكەیان پەرەی سەندووە و ئەو رێوشوێنانەش لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە گیراوەتەبەر، قەیرانەكەی قوڵكردۆتەوە و كاری ئەوانیش پەرەی سەندووە.
هەروەک جەخت دەکاتەوە، كۆمەڵێك بەرپرس و سیاسی ناوخۆی باڵادەست، دۆلار لەڕێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە رەوانەی توركیا دەكەن، لە هەفتەی رابردوودا حەواڵەكردنی پارە بۆ دەرەوە هێندە و نیوێک زیادی كردووە، سەرەڕای ئەوەی تێچووی ناردنی زیاتر بووە، كە بەوتەی سەرچاوەكان بۆ رەوانەكردنی یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی نزیكەی 15 هەزار دۆلار وەک عمولە وەردەگیرێت.
ماڵپەڕەکە لە زاری فرۆشيارەکانی دۆلارەوە ئەوەش ئاشکرا دەکات، دوای ئەوەی كڕیارەكە دۆلارەكەمان لێدەكڕێت، لە بەرامبەردا بڕێک پارەی عیراقيمان رادەست دەكات، ئەوەی تەنیا لێرەدا پێویستە تەلەفونێكە لەگەڵ كەسێك لە دوبەی یان لە توركیا، تا پارەكەی بەكاش بگاتە دەستی کڕیارەکە.
میدل ئیست ئای بەریتانی ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو كەسانەی هەوڵی رەوانەكردنی دۆلار دەدەن لە عیراقەوە، یان وڵاتانی دراوسێن و بەدەست كێشەی نەختینەوە دەناڵێنن، یاخود كەسانێكن پێویستیان بەسپیكردنەوەی پارەكانیانە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان