یەكێتی بەشداری لە كۆنگرەی هاوبەشی پارتی كار و پارتی چەپی سەوزی هۆڵەندی دەكات

10:05 - 2023-02-06
جیهان
398 جار خوێندراوەتەوە

لەسەر بانگهێشتی رەسمیی سۆسیال دیموكراتەكانی هۆڵەندا، سەركەوت محەمەد غەفوور لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی و بەختیار بەكر نوێنەری یەكێتی لە هۆڵەندا، بەشداریی كۆنگرەی هاوبەشی پارتی كاری هۆڵەندی و پارتی چەپی سەوزی هۆڵەندی دەكات و پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەركردایەتیی یەكێتی-یان بە سەرۆكایەتیی هەردوو پارتەكە گەیاند.
كۆنگرەی سۆسیال دیموكراتەكانی هۆڵەندا و پارتی چەپی سەوزی هۆڵەندی، رۆژی 4/2/2023 لە شاری دێنبۆش، بەئامادەبوونی وەفدی یەكێتی و نوێنەرانی چەندین پارت و رێكخراوی سیاسیی جیهانی، دەستی بەكارەكانی كرد، كە بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی هێزە چەپ و دیموكراتخوازەكان و ئامادەكارییە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هۆڵەندا.
وەفدی یەكێتی، كە میوانی تایبەتی كۆنگرەكەیە، پەیامی رەسمیی یەكێتی-یان لە ئاستێكی باڵای حزبدا، گەیاندە سەرۆك و سەرۆكایەتیی پارتی كار و پارتی چەپی سەوز.

پەیامی سیاسیی یەكێتی دەگەیەنرێتە پارت و پەرلەمانتار و دیپلۆماتكاران
لەبارەی كۆنگرەكەوە، بەختیار بەكر نوێنەری یەكێتی لە هۆڵەندا، بە سایتی رەسمیی یەكێتی PUKMEDIAی راگەیاند: «كۆنگرەكە دەرفەتێكی باش بوو بۆ گەیاندنی پەیامی سیاسیی یەكێتی و سازدانی دیداری سیاسی لەگەڵ پارتە چەپ و دیموكراتەكان بە گشتی و دەستەخوشكەكانمان بە دیاریكراوی». وتیشی: وەفدی یەكێتی، لەگەڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی كاروباری دەرەوەی پارتی چەپی سەوزی هۆڵەندی و چەندین پەرلەمانتار و بەرپرس و دیپلۆماتكار لە هەردوو پارتەكە، كۆبۆوە و دیدگا و پەیامی سیاسیی یەكێتی-یان بۆ روونكرایەوە و پتەوكردنی پەیوەندییەكانیش دووپاتكرایەوە.
وەفدی یەكێتی لەگەڵ خاتوو بێندیكتا لاسی سكرتێری گشتیی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال و خاتوو كاتەرینا بێرڵای جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا لە پشكی پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا و سەفیری وڵاتەكانی ئەمریكا، كەنەدا، بەلجیكا، پورتوگال، فەڕەنسا، ئەرمینیا و چەند دیپلۆماتكارێكی دیكە، كۆبۆوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان