رۆمانی (کچی دورگە بچکۆلەکە) و چەند سەرنجێک

10:52 - 2023-02-06
کەلتور
713 جار خوێندراوەتەوە

عەلی حەمە رەشید

کاتێک پێناسەی ئەدەبی منداڵان دەکەین، لەگەڵ  ژانری چیرۆک و شیعر و شانۆ و ئۆپەرێتدا، ژانرێکی گرنگی تریش هەیە کە ناوی دەبەین لەگەڵ ژانرەکانی دیکەدا، ئەوانە هەن و هەریەکەیان  پانتاییەکیان داگیرکردووە، بەڵام دەتوانین بڵێین رۆمان وەک ئەوەی کە مەرجەکانی رۆمانی لەخۆ گرتبێت، وەکو پێویست نیمانە. با ئەوەشمان لەبیرنەچێت کە رۆمانی ( گورگ و بزن) و( بۆرە)ی عەزیزی مەلای رەش کە یەکەم کەسە ئاوڕی لەو ژانرە داوەتەوە، بەڵام کە دەیخوێنیتەوە باڵی فۆلکلۆر تێیدا زاڵترە وەک لە خەیاڵ، کە ئەو کار و دەستپێشخەرییە جێگەی دەستخۆشییە.

تێچووەکان لەسەر گیرفانی خۆمانە
هەروەها خاتوو پەیام ئیبراهیم-یش لەگەڵ بڵاوبوونەوەی  رۆمانی (کچی دورگە بچکۆلەکە)دا ئەویش رۆمانێکی بڵاوکردەوە بەناوی (نازیلێی مانگ و شازادەی خۆر).
من نازانم ئەگەر بێجگە لەوانە شتی تر نووسرابێت، چونکە ئێمەی نووسەر کە بەرهەمێکمان چاپ دەکەین، بە تیراژێکی کەم چاپی دەکەین، چونکە تێچووەکەی لەسەر گیرفانی خۆمانە، بۆیە وەکو پێویست بە هەموو لایەک ناگات و زۆر جار وەکو پێویست بە دەستی هەموو ئەوانە ناگەن کە کار لە بواری منداڵاندا دەکەن بەتایبەتی و نووسەرانی دیکە بە گشتی. 
هەروەها چۆن بەرهەمەکانی ئێمە ناگاتە دەست هەموان، بەهەمان شێوە بابەتی ئەوانەش کە بۆ منداڵان دەنووسن ناگات بە ئێمە.
ئەوەی من مەبەستمە بیڵێم ئەم کارەی کاک ئەمین محەمەد کە جیاوازە و پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەیە و قسەی زۆریشی دەوێت دەربارەی بکرێت.

لە شیعری نیشتمانییەوەبۆ رۆمانی منداڵان
 کاک ئەمین پێشتر شیعری بۆ گەورە دەنووسی و لە کتێبێکدا بەناوی (هەڵوێست) چاپی کردووە و زیاتر لای هاوڕێکانی بە شاعیرێکی بەرگری و نیشتمانیی و ئەوین و خۆشەویستی ناسرابوو، کاتێک دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی شیعری منداڵان، لای هەندێکیان سەیر بوو کە ئەمین بەو شێوەیە بۆ منداڵان دەنووسێت. 
ئیتر ئەو شیعرانەی کە دەینووسی وردە وردە لە گۆڤاری پەپوولە و جگەرگۆشەکان و گوڵەکان و خەندەدا بڵاوی دەکردنەوە، دواتر لە نامیلکەیەکدا بەناوی  (ماڵی باران) چاپی کرد و بڵاوی کردەوە. 
بیرمە چەند دێڕێکم وەک پێشەکییەکی کورت بۆ نووسی کە بەداخەوە تائێستا چەند بەڕێزێک دەربارەی (ماڵی باران) نووسیویانە، بەدێڕێکیش باسیان نەکردووە، چونکە من لەوێدا نووسیومە کاک ئەمین هەوڵی داوە بێ دووبارەبوونەوە و سواوی، شیعر بۆ منداڵان بنووسێت و بە جیاوازتر لەوانەی بۆ منداڵان دەنووسن. 

کاک ئەمین زیاتر خۆی سەلماند
دوای ئەوە بەشێوەیەکی ورد و جیاواز شیعر و دواتر بە چیرۆک و وەرگێڕان و رەخنە و لێکۆڵینەوە وەک دەنگێکی تایبەت لە بوارەکەدا کاک ئەمین بوونی خۆی زیاتر سەلماند و لەهەمان کاتیشدا هاوکار و یارمەتیدەری زۆر لەو کەسانەش بوو کە بۆ منداڵانیان دەنووسی.
 رۆمانی( کچی دورگە بچکۆلەکە) کە دوا بەرهەمی کاک ئەمین محەمەدە و وەک یەکەم ئەزموونی خۆی لەو بوارەدا توانی جارێکی تر لە کارێکی ئەدەبی نوێدا دەربکەوێت و بڵێ بەڵێ ئێمەش وەک کورد دەتوانین رۆمانی تایبەت بۆ منداڵان بنووسین. 
لە ڕاستیدا دەستبردن بۆ ژانری رۆمان و بۆ منداڵانیش خۆی لە خۆیدا کارێکی تابڵێی قورسە و لەگەڵ شارەزایی تەواو لە ئەدەبی منداڵاندا بوێریشی دەوێت. من دوای خوێندنەوەی ئەم رۆمانە کە بە کارێکی باش و نوێی دەزانم و هیوای بەردەوامیی بۆ دەخوازم، خوازیارم نووسەرانی دیکەش لایەک لەم ژانرە گرنگە بکەنەوە کە  ئەمین لە (کچی دورگە بچکۆلەکە) دا کردوێتی. 

لە سنووری کوردستان دەرچووە
دەتوانم بڵێم کە (کچی دورگە بچکۆلەکە) لە رووی داڕشتن و نووسینەوە، کارێکی نوێیە و توانیوێتی لە سنووری کوردستان  دەربچێت و لە چوارچێوەیەکی جیهانیدا خۆی نمایش بکات  هەروەها:
*کارێکە کە خەیاڵ و فەنتازیا سەرتاپای داپۆشیووە و جوانیی زیاتری پێداوە.
*دەستپێکێکی تا بڵێی جوانە و دەکرێت ببێتە رێنیشاندەر بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت رۆمان بۆ منداڵان بنووسن.
*کۆمەڵێک  زانیاری و بەهای گرنگی تێدایە کە بۆ ژیانی منداڵان زیاتر پێویستن.
*خەیاڵی منداڵ زیاتر فراوان دەکات و ئاسۆی بیرکردنەوەشیان بەهەمان شێوە.
*تەکنیکی چنینی رۆمانەکە بە وشە و دێڕی وێنە ئامێز وا لە خوێنەر دەکات کە پەرۆشی خوێندنەوەی بێت.
*کارێکی باش و گرنگی تێدا کراوە لەسەر زمان.
*ئەگەر ئەم رۆمانە بکرێت بە هەر زمانێکی تر، زۆر ئاساییە و دەگونجێت، چونکە نووسەر لەکاتی نووسینیدا بەشێوەیەک نووسیوێتی کە ئەگەر بۆ هەر زمانێک وەرگێڕدرا، ئاسایی بێت، تەنانەت ئەگەر ئێستا بە کوردی ناوی ئەمینی لەسەر نەبێت، خوێنەر وادەزانێت کە لە زمانێکی ترەوە کراوە بە کوردی کە ئەمەش یەکێکە لە سەرکەوتنەکانی نووسەر.

بۆ منداڵە یان مێرمنداڵ؟
*هەموو بەشەکان بەشێوەیەک تێکهەڵکێشن کە تەواوکەری یەکترن و کات و شوێن وەکو پێویست کاریان لەسەر کراوە.
*بەڕای من ئەگەر دەرهێنەر یان کەسانێکی شارەزا و بەتوانا کاری لەسەر بکەن بەشێوەی ئەنیمەیشن، فیلمێکی تایبەت بە منداڵانی لێ دەردەچێت، کە سەرنجڕاکێش دەبێت و منداڵ بە پەرۆشەوە تەماشای دەکەن و لەگەڵ زانیارییدا چێژیشی لێوەردەگرن.
*ئەگەر وشەی (مێر) لە مێرمنداڵ بکرێتەوە و تەنها بنووسرێت (رۆمان بۆ منداڵان) گونجاوتر دەبێت، هەروەها وێنەکانیش هەر گونجاو دەبن، چونکە ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین لە نووسینە وێنە ئامێزەکانی، زیاتر بۆ تەمەنی خوار 14 ساڵی دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان