گوڵزار فەرەج
هەر لە سەرەتای نووسینیەوە بەرهەمەكانی، مەكسیم گۆڕكی رەنگدانەوەی ئەو ستەم و زۆردارییەی سیستمی سەرمایەداری بوون، كە لە كۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا بە خێڕایی باڵی بەسەر گەلی روسیادا دەكێشا، بێگومان مەكسیم گۆڕكی سەرەتا تەنیا دڵی لە دوای حزبی سۆشیالست بوو، هەربۆیە ستایش و شكۆی بەخشندەیی و بوێری، كەرامەت و رێز و رەوتی مرۆڤایەتی و خوڵقاندنی پاڵەوان لە بەرژەوەندیی تەواوی كۆمەڵگەدا كە لە یەكەمین چیرۆكەكانیدا وەك «چێلگاش» و پیرێژنی ئێزێریگێڵ كە دەرخەری نەشونمای ئەو هەست و هەڵوێستە شۆڕشگێڕییەی بوون، كە لەودا بڵێسەی سەندبوو، تەنانەت هەندێ لە بەرهەمەكانی وەك لاساییكەرەوە و حیكایەتخوانی خۆشەویستی و هاندانی نووسەرن بۆ گەشە و بەرفراوانبوونی بیرو بزاڤی چینی كرێكاران و ئەو رۆڵەی دەخستە پێشچاو و لە نووسینەكانیدا رەنگی دابۆوە.
لە ساڵی 1902مەكسیم گۆڕكی لە نێژنی نۆڤۆگۆرد دەژیا و لەگەڵ رێكخراوە سۆشیالیستەكانی ناوچەكە پەیوەندیی گەرموگوڕی هەبوو، لەڕووی داراییەوە یارمەتیی شۆڕشگێڕانی دەدا و شوێنی مانەوە و سندوقی نامەی بۆ دابین دەكردن و بە قەڵەمە بەبڕشتەكەی و بە ئامۆژگارییەكانی گیانبازێكی سەرسەختی شۆڕش و خەباتی چینی كرێكاران بوو، هەر لەو دەمەدا مەكسیم گۆڕكی دەست دەداتە نووسینی رۆمانی دایك و لە سەرەتای هەمان ساڵدا تەواوی دەكات، لە راستیدا ئامانجی مەكسیم گۆڕكی لە نووسنی ئەم رۆمانەدا تەنیا گێڕانەوەی رووداوەكانی شۆڕشی نێژنی نۆڤۆگۆرد نەبوو، ئەگەرچی بۆ دەوڵەمەندكردنی پاڵەوانی رۆمانەكە بەهۆی ئەو تایبەتمەندی و سیفەتانەی لە شۆڕشگێرەكانەوە وەریگرتووە، سەلمێنەری ئەو راستییەن مەكسیم گۆڕكی ویستی كتێبێكی كاریگەر و گرنگ بنووسێ، بۆیە زۆر زوو دەستی دایە نووسینی ئەم كتێبە، هەروەها یەكێك لە لایەنە گرنگەكانی رۆمانەكە ئەوەیە كە رەهەندی خەیاڵی ئێجگار كەمە و پشتی بەو رووداو و شۆڕشانە بەستووە كە خۆی بەشداری تێداكردوون و ئاگادار و بینەریان بووە، هەربۆیە رۆمانەكە لەسەر بناغەیەكی لەق بنیاد نەنراوە، بەڵكو ئەدەبێكی شۆڕشگێڕییە و پێگەیەكی پڕو پتەوی هەیە كە پشتی بە واقیعی شۆڕش بەستووە.
بە نووسینی ئەم رۆمانە شاكار و نیگارێكی تەواو گونجاوی لە حەقیقەت خستۆتەڕوو.
دروستبوون و گۆڕانی مرۆڤێكی سادە لە مەیدانی خەباتدا دەردەخات و هەر لەو سەرو بەندەدا لینین لە شكۆ و پەسەندیی كتێبەكەدا دەڵێ: «بەرهەمەكەی گۆڕكی تەنیا دەرخەری خەباتی چینی كرێكاران و نەدارانی روسیا نییە، بەڵكو حیكایەتوانی بەرخۆدان و ژیانی كرێكارانی سەرانسەری جیهانە»، لینین ئەمەی بەچاكەیەكی گەورە زانی و ئەم راستییەی لەگەڵ خودی گۆڕگیدا خستەڕوو وتی:
«نووسینی ئەم كتێبە لەدەم و ساتێكی وەهادا كارێكی فرە پیرۆزە، چونكە لەكاتی خۆیدا بووە هەروەها بەسوودیش بووە بۆ زۆربەی كرێكاران چونكە بەبێ هیچ بەرچاو روونییەكی شۆڕشگێڕانە و بەتەنها بەهۆی حەزێكەوە هاتبوونە ریزی شۆڕشگێڕانەوە، وەلێ ئێستا رۆمانی دایك دەخوێننەوە و زۆر لێی بەهرەوەر دەبن».
پاشان لینین دووبارەی كردەوە و وتی: «بەڕاستی ئەمە كتێبی رۆژە و كتێبێكی نەمرە».
ئەم رۆمانە وەرگێڕانی زاهیر محەمەدە و هەدیە عەلی پێداچوونەوەی بۆ کردووە.