ههرێز جهمال
لیستی قوربانیانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا و سوریا بەشێکی زۆر لە وەرزشكارانی ئەو دوو وڵاتەشی گرتهوه.
له سوریا کۆچی دوایی نادر جۆخدار، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی سوریا و یانەی وەسبه ڕاگەیەندرا، ئهوهش له كاتێكدایه ژمارەیەک یاریزان تا ئێستاش لەژێر داروپەردووەکانن و رزگارنهكراون.
یانهی وهسبهی سوری له راگهیهندراوێكدا كۆچی دوایی یاریزانی پێشووی نێودەوڵەتی نادر جوکدار و کوڕەکەی بڵاوكردهوه کە بههۆى بوومەلەرزەکە گیانیان لهدهستداوه.
له توركیاش محەمەد جان ئاگرباش یاریزانی بالەی یانەی مهڵاتیه و ئەحمەد ئەیوب گۆڵپارێزی یانەی مهڵاتیهسپۆر بەهۆی بومەلەرزەکەی باکووری کوردستان بە مردوویی لەژێر باڵەخانەیەک دەرهێندران.
بوومەلەرزە كه شارەکانی هاتای و عەنتابی لە تورکیا و هەروەها حەلەب و لادێکانی حەما و ئیدلبی سوریای وێران کرد، بهو هۆیهشهوه چالاکییە وەرزشییەکان لە سوریا و تورکیا ڕاگیران.
پاش چهندین رۆژ له گهڕان بۆ دۆزینهوهی ، چارەنووسی کریستیان ئاتسۆی غانايی کە یاریزانی تیپی هاتایسپۆری تورکیایە و پێشتر بۆ چێڵسی و ئیڤەرتۆن و نیوکاسڵ یونایتد یاریكردووه،دواجار له ژێر داروپەردوودا كه گیری خواردبوو به زیندووی دۆزایهوهو راستهوخۆ گهیهندرایه نهخۆشخانه.
تۆڕی «سی ئێن ئێن تورک» دووپاتیکردۆتهوه کە تاوهكو ئێستا زیاتر لە 15 وەرزشكار لەژێر داروپەردووی هۆتێل کێرچۆڤاڵدا ماون، کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ڕووخاوە.
تۆڕهكه ئهوهشی روونكردۆتهوه 11 یاریزانی بالە و 4 یاریزانی تۆپی پێی تیپی مهڵاتیه میترۆپۆلیتانی بێلێدیسپۆر لە ژێر داروپەردوودا بێسەروشوێنن.
لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی میلیەتی تورکی بڵاویكردۆتهوه کە موراد بێل، ڕاهێنەری پێشووی تیپی فاتیح قەرەگومروک و تەواوی خێزانەکەی ڕزگارکراون و بە تەندروستییەکی باش لە داروپەردووەکە دەرچوون.
بوراک ئۆکسوز و هاوڕێکانی پیتور یڵدرم و ئۆنور ئەرگون کە هەموویان بۆ هاتایسپۆر یاری دەکەن، لە بوومەلەرزەکە ڕزگاریان بووە و سهرجهمیشیان تهندروستیهكی باشیان هەیە.
بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا و سوریا دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێی بەسەر هەموو بەشەکانی ژیانى ئەو دوو وڵاتەدا دروستكردووه، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە6/1/2023 بوومەلەرزەیەکی زۆر توند ڕوویدا، کە گوڕەکەی لە 7.7 پلە بوو بە پێوەرى ڕێختەری ئهو دوو وڵاتهی گرتهوه ، کە زیاتر لە 80 ساڵە لەو دوو وڵاتە رووداوی وای روونهداوه ، به پێی نوێترین ئاماری بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە شەش هەزار و 234 کەس و 37 هەزاو و 11 کەسیش برینداربوون.