یۆنان، کۆنگرەی حزبی سیریزا و گۆڕانکاریی سیاسیی نوێ

08:08 - 2022-04-14
ڕاپۆرت
165 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ 14 نیسان 2022 لەئەسینای پایتەخت، سێیەم کۆنگرەی حزبی سیریزای پێشکەوتوخواز بەدروشمی « دەستپێکی نوێ، گۆڕانکاریی سیاسیی» دەستپێدەکات و  ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک میوان و چاودێری کارا بەڕەسمی بانگهێشتی کۆنگرەکە کراوەو، بڕیارە بەشاندێک بەشداریی لە کۆنگرەکەدا بکات.

پێداچوونەوە بەسیاسەتدا
بەڕای چاودێرانی سیاسیی یۆنان و ئەو سیاسەتمەدارانەی شارەزای پەیڕەو پڕۆگرامی ئەو حزبەن، کۆنگرەی حزبی سیریزای یۆنان، بۆ قۆناغی ئێستای خەبات و تێکۆشانیان، دەستپێک و وەرچەرخانێکی گرنگە، بەتایبەتی کە ئەو حزبە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئایاری 2019دا، دوای پاشەکشێی لەبەرامبەر حزبی نیا دیموکراتەکاندا، پێداچوونەوەی بە سیاسەت و چالاکی و تێکۆشانەکانیدا کردووە و بەپێی پێویست ئەزموونی لەکەموکورتییەکانی بینیوە جارێکی تر پێداچوونەوە و پەیوەستبوونی بە چەمکی دیموکراتیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکات  کە لەرابردوودا لەپڕۆسەی سیاسی وڵاتەکەیدا پەیڕەوی کردووە و ئاکامەکەی دواکەوتنی بوو لە پڕۆسەی سیاسیدا، هەروەها خواستیەتی برەو بەرەوتی چەپی هاوچەرخ بدات و سەردەمێکی نوێی خەبات و تێکوشان بێنێتەکایەوە.

بەگوڕوتینێکی نوێوە دێنەوە مەیدانی خەبات 
کادرانی ئەو حزبە، لەلێدوانەکانیاندا، رایانگەیاندووە، جارێکی ترو لەقۆناغێکی تری خەباتی تژی لە خزمەتی کۆمەڵگەی وڵاتەکەیان، بە گوڕوتینێکی نوێوە دێنەوە مەیدانی خەبات، ئەوەشیان ئاشکراکردووە کە دوای سێ ساڵ، توانیویانە کۆسپ و ئاستەنگەکانی بەردەم پێشکەوتن و سەرکەوتنەکانیان تێبپەڕێنن و بەبیرو هزرێکی نوێگەریی شایستە بەخزمەتکردنی کۆمەڵگەی پێشکەوتوخوازیی یۆنان، کێشەو کەموکورتییەکانیان چارەسەر بکەن.
ئێستا سیریزا هاوپەیمانیی پێشکەوتووخوازە. لەحزبێکی رادیکاڵیزمەوە بووە بەهێزێکی پێشکەوتووخواز، یەکێکە لەهێزە چەپ و گەورە و کاریگەرەکانی ئەوروپا، لەپڕۆگرامی نوێیدا دەخوازێت نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژە چەپ و سۆشیال دیموکراتەکان بکات.

پەیوەندیی مێژینەی نێوان یەکێتیی  و حزبی سیریزا
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ ئەو حزبەدا هەیە و جەنابی سەرۆک مام جەلال «رۆحی شادبێت»، رۆڵی گەورەی هەبووە لەم پەیوەندییەدا، هەردوولاش جەخت لەپەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی دەکەنەوەو  کۆکن لەسەربرەودان بەو پەیوەندیانە، بەجۆرێک کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوولا بکات.
ئەوەش ئاشکرابووە کە رەوا محەمەد کەریم «رەوا بابان» نوێنەری ی.ن.ک لە یۆنان و چەند هەڤاڵێکی لە ناوەندی دەرەوەی  یەکێتی لەو وڵاتە بانگهێشتکراون و  بە نوێنەرایەتی یەکێتی و مەکتەبی پەیوەندییەکان بەشداریی دەکەن و وتاری ی.ن.ک پێشکەش دەکەن کە ناوەڕۆکەی جەختکردنەوەیە لە پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە مێژووییەی هەردوولا، هەروەها شاندی ی.ن.ک بۆ کۆنگرەکە، بەشداری لە سیمینارو پانێڵەکانی نێو کۆنگرەی سیریزا دەکەن و بەگیانی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی قۆناغەکەوە پێشنیازو تێڕوانینەکانیان دەخەنەڕوو.

پەیوەندیی لەگەڵ گەلی کورد
لەرابردوودا حزبی سیریزا بەهاوکاریی و پشتیوانیی کوردستانیان لە یۆنان، خزمەتی بەرچاوی بە پرسی پەنابەران و پێشخستنی دۆسییەکانیان کردووە، هەروەها لەهەوڵدان بۆئەوەی باشترین پەیوەندییان لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستاندا هەبێت، ئێستا پەیوەندیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی باکووری کوردستان و رۆژئاواو رۆژهەڵاتدا هەیە، بەڵام پەیوەندیان لەگەڵ یەکێتی لەئاستی باڵا لە هەمووان جیاوازترو پێشکەوتووترەو بەردەوام لە کوردستان و لە یۆنان دیدارو کۆبوونەوە لەنێوانیاندایە و تێڕوانینی هاوبەشیان بۆ نوێگەریی و پێشخستنی کۆمەڵگە خستۆتەڕوو. 

 بەرنامەی کۆنگرەکە
تائێستا حزبی سیریزای پێشکەوتووخوازی یۆنان،دوو کۆنگرەی بەستووە، دووەم کۆنگرەی لە ساڵی 2016 دا بوو، وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەشدارییان تێداکرد، لەەو کۆنگرەیەشدا
وەک بڕیارە کۆنگرەکە بە وتاری ئەلێکسیس چیپراس سەرۆکی سیریزا دەستپێدەکات، چاودێران لەو بڕوایەدان وتارەکەی چیپراس، گرنگ و بایەخدارو گشتگیر دەبێت، بەئاڕاستەی هاتنەوە مەیدانی خەبات و تێکۆشان، چونکە سیریزا نەیشاردۆتەوە،  ئەمجارەو لەم قۆناغە نوێیەی خەبات و تێکۆشانیدا هەموو تواناکانی خۆی دەخاتەوە کار بۆ ئەوەی جڵەوەی دەسەڵات لە»نییا دیموکرات»ی رکابەری وەربگرێت کە کیریاکۆس میتسۆتاکیس سەرۆک وەزیری ئێستا سەرۆکایەتی دەکات.
 
نزیکبوونەوە لە گەنجان
بۆ ئەو مەبەستەش سیریزای پێشکەوتووخواز لەهەوڵی بەردەوامدایە تادەنگی رای گشتیی و بەتایبەتی توێژی لاوان بۆخۆی مسۆگەر کات، بۆ ئەو مەبەستەش کرانەوەیەکی بەرچاو بەڕووی لاواندا  بەدیدەکرێت، بەردەوام کۆڕ و سیمینار تایبەت بە گەنجان بەڕیوە دەچێت. بەتایبەتی کە دامەزرێنەرانی سیریزا، کادری چەپی پێشکەوتووخوازن، ئەزموونی بەرچاویان لە دەسەڵات و حوکمڕانیدا هەیە.

ئاشتبوونەوە لەگەڵ خەڵکی
هەروەها پێشبینی دەکرێت، وتارەکەی ئەلێکسیس چیپراس ئاشتبوونەوەیەکی نوێی نێوان سیریزاو خەڵکی هۆشیاری یۆنان بێت و  بانگەوازو بانگهێشتێک بێت بۆ سەرلەنوێ تێهەڵچوونەوەو ئاوێتەبوونی ئەو دوو  کۆڵەکە سەرەکییەی پێشکەوتنی کۆمەڵگە، بۆ سیاسەتکردنی هاوچەرخ.. بەجۆرێک کە لەگەڵ قۆناغی ئێستادا بگونجێت، لەقۆناغێکی نوێدا پێکەوەو بەهاریکاریی یەکتری  ئەو دەستکەوت و ئامانجانە بەدیبهێنن کە ویست و خواستی هەردوولان و بەچەند هۆکارێک تائێستا نەتوانراوە بەدەستیبهێنن. 
هەروەک بڕیارە لە رۆژی دووەمی کۆنگرەکەشدا تایبەتە بەگفتوگۆکردن و لێکۆڵینەوە لەو پڕەنسیپانەی کە دەبنە فاکتەری بەهێز بۆ تۆکمەکردنەوەی ئەو بنەمایانەی حزبی سیریزای لەسەر بنیاتنراوەو هۆکارێک بووە بەزیندوومانەوەی کەلتورو رۆشنبیریی و شارستانێتی نەمری کومەڵگەی یۆنان. بۆ ئەو مەبەستە چەند لیژنەیەک پێکهێنراوەو هەریەکەیان پەیوەستن بەلێکۆڵینەوە لەچەند بابەتێکی ژیاریی پەیوەست بە بەرەوپێشچوون و خزمەتکردنی خەڵکی وڵاتەکەیان، بۆئەوەی لەکاروانی بەرەوپێشچوون و ئاوێتەبوونی کۆمەڵگەکانی تر لەوڵاتانی باکووری ئەوروپا نەک دانەبڕێن، بەڵکو شانبەشانیان بەشداری کارا بکەن لەکاروانی پێشخستنیان لەهەموو بوارەکاندا.
بۆ هێنانەدی ئەو خواستانەش پرس و راوێژ بەچەندین بیرمەندی یۆنانی و وڵاتانی تری ئەوروپا کراوەو دەشکرێت کە وەک میوان یاخود چاودێری شارەزای پڕۆسەکە بانگهێشتی کۆنگرە کراون و بۆچوونەکانیان لەئامانج و پەیڕەو پڕۆگرامەکاندا جێدەکرێتەوە. بەتایبەتی کە سیریزا سەرباری شکستهێنانی لەپڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019 دا، بەڵام پشت ئەستوورە بەو تواناو دەستکەوتانەی لەماوەی دەسەڵاتیدا پێشکەشی خەڵکی وڵاتەکەی کردووە، کە دیارترینیان، لەسەردەمی سیریزادا لەمانگی ئابی ساڵی 2018 دا یۆنان لەقەیران و تەنگژەی ئابووریی بەسەرکەوتوویی رزگاریی بوو،  
 
کێشەکانی یۆنان و ئەوروپا
هەروەها بەپڕۆگرام و پلانی نوێوە رووبەڕووی ئەو ئاڵنگاریانە دەبێتەوە کە رووبەڕووی وڵاتەکەی  و کۆمەڵگەی ئەوروپاش بۆتەوە، لەوانە، بەهۆی هەڵاوسانی ئابووریی پێشبینی نەکراوەوە نرخی پێداویستییە ژیارییەکان و وزەو سووتەمەنی گران بوون، کە جەنگی روسیا و ئۆکرانیا، رۆڵی دیاریی هەبووە لەگرانبوونی نرخی کاڵاو پێداویستییەکاندا.
سیریزا، بەدیدو تێڕوانینێکی نوێوە خوازیارە بێتەوە دەسەڵات و  نوێنەرایەتی بەرەی چەپخوازیی وڵاتەکەی سۆشیالیست دیموکراتەکانەکان و هێزە پێشکەوتووخوازەکان  بکات و پێشەنگی پێشکەوتن و  هێنانەدی ویست و خواستەکانی کۆمەڵانی خەڵکی وڵاتەکەی بێت. بۆ ئەوەش پشت ئەستوورو زۆریش گەشبینە بەوەی متمانەی خەڵکی وڵاتەکەی بەدەست بهێنێتەوەو لەقۆناغێکی تری کارو تێکۆشاندا بۆ گەیاندنی خەڵک بەکەناری ئارامی و  گەیشتن بەلووتکەی سەرکەوتن، بێتەوە مەیدان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان