چۆنیەتی وتنەوەی هۆنراوە و سروود

08:19 - 2022-04-14
کەلتور
790 جار خوێندراوەتەوە

عەلی حەمەڕەشید بەرزنجەیی*

یەکێک لەو بابەتانەی کە منداڵان بە پەرۆشەوە گوێی لێدەگرن و چێژ و خۆشیی لێوەردەگرن هۆنراوەیە (شیعر)  کە وەک گۆرانی دەیڵێنەوە. هۆنراوەی منداڵانیش وەک دەزانین تایبەتمەندی خۆی هەیە و وا باشە ئەو مامۆستا بەڕێزانەی کە لە قوتابخانەدا بە قوتابیانی دەڵێن شارەزاییان تێیدا هەبێت تا زیاتر سەرکەوتووبن لە هەڵبژاردنی ئەو هۆنراوانەی کە دەیانەوێت بە قوتابیانی بڵێن هەر لە باخچەوە تا پۆلەکانی دواتر. مەرجەکانی هۆنراوەی تایبەت بە منداڵانیش بەکورتی لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە:
یەکەم: کورت و پوخت بن و کۆتاییەکی باشی هەبێت، بە شێوەیەک کە منداڵ خوێندییەوە یان بۆی خوێندرایەوە چاوەڕوانی دێڕی تر نەکات.
دووەم: وشەکانی سەر بە فەرهەنگی منداڵان بن.
سێیەم: هەوڵبدرێت وشەی نامۆی بە منداڵ زۆر تێدا نەبێت.
چوارەم: بەپێی ئاستی تەمەنی منداڵ نووسرابن.
پێنجەم: باس یان وشەی (کوشتن، مردن، خنکان، خوێن...)ی تێدا نەبێت یان هەر وشەیەکی تر لەمانە تا لەڕووی دەرونییەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵ جێ نەهێڵێت.
شەشەم: هەوڵبدرێت ئاسۆی بیرکردنەوە و خەیاڵی منداڵ فراونتر بکات.
حەوتەم: گرنگی بە بەهاکان بەگشتی بدات بەتایبەتی بەها پەروەردەیی و زانستی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و هەر بەهایەک کە شاعیر بەلایەوە گرنگ بێت.
هەشتەم: رەچاوی لایەنی دەرونی تێدا بکرێت.
نۆیەم: هەوڵبدرێت کە خاک و نیشتمان و ژینگە و باوک و دایک و خێزان و مامۆستا لای منداڵان خۆشەویست تر بکات، هەروەها گیاندار و باڵندەکانیش.
دەیەم: بەکارهێنانی فەنتازیا(خەیاڵ) زیاتر وا لەمنداڵ دەکات کە چێژی لێوەربگرن و زیاتر لایان بمێنێتەوە.
یازدەیەم: گرنگی بدرێت بە زمان و رێزمان و ناکرێت لەپێناو سەروا و وەزنی شیعردا فەرامۆش بکرێن.
دوازدەیەم: تا چیرۆک ئامێز بێت باشترە و زوو دەگاتە منداڵ .
سێزدەیەم: مۆسیقایەکی ناوەوەی هەبێت کە لەکاتی خوێندنەوەیدا منداڵ هەستی پێبکات
چواردەیەم: هەوڵبدرێت لە شیعردا زانیاری هەڵە نەدرێت بە منداڵ، بۆیە وا باشە شاعیر کە بۆ منداڵان دەنووسێت شارەزاییەکی باشی هەبێت بۆ ئەوەی نەکەوێتە هەڵەوە.
لە راستیدا دەبووایە وەک پڕۆگرام لە وەزارەتی پەروەردە کۆمەڵێک هۆنراوە و سروودی تایبەت لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە ئامادە بکرایە کە لەقوتابخانەدا لەبەردەست مامۆستایاندا بوایە تا بەپێی گونجاندن و بابەتی هۆنراوەکان بۆ ئەو پۆلەی دەیانەوێت لێیهەڵبژێرن و بە منداڵانی بڵێن. لیژنەکەش وا باشە لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لەم بوارانەدا سەرپەرشتی بکەن (هۆنراوە، دەرونناسی، ژینگەیی، تەندروستی، زمانەوانی، کەلتوریی و کەلەپور، زانستی....) چونکە منداڵ لە قۆناغی باخچە و بنەڕەتییدا کە بنیاتنانی کەسایەتیی خۆیان و دروستکردنی کۆمەڵگەیە بە شێوەیەکی ورد و زانستییانە کاریان بۆ بکرێت تا سبەینێ کەسانێکی رۆشنبیر و چالاک و دروست دەربچن، چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت هۆنراوە کاریگەری خۆی بەهەردوو شێوەی ئەرێنی و نەرێنی لەسەر منداڵ جێدەهێڵێت. خۆمان کە گەورەین تا ئێستاش ئەو هۆنراوانەمان لە بیرە کە کاتی خۆی مامۆستا بەڕێزەکانمان پێیان وتووین. بۆیە بۆ وتنەوەی هۆنراوە بە منداڵان وا باشە مامۆستا رەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکات.
یەکەم: هەڵبژاردنی هۆنراوەیەک کە گشت مەرجەکانی هۆنراوەی تایبەت بە منداڵانی تێدابێت.
دووەم: گونجاو بێت بۆ ئەو پۆلەی کە دەیەوێت بەمنداڵی بڵێت، واتا لە ئاستی تەمەنیاندا بێت.
سێیەم: کورت و پوخت و ئاسان بێت و  بە ئاوازێک بوترێت.
چوارەم: بۆ مەبەستێک بێت کە مامۆستا پێشتر دیاریکردووە، نەک ئەو رۆژە و بەڕێکەوت هۆنراوەیەکی هاتە بەردەست یەکسەر بۆیان بنووسێت و پێیان بڵێت.
پێنجەم: پێشتر ئامادەکاری بۆ ئەو هۆنراوەیە کردبێت کە هەڵی بژاردووە و دەیەوێت بەمنداڵی بڵێت، بزانێت خاوەنەکەی کێیە؟ کورتەیەک دەربارەی ژیان و بەرهەمەکانی و ئەگەر پەرتوک یان نامیلکەی چاپکراوی هەبوو، یان لەگۆڤارە تایبەتەکانی منداڵاندا ناوی هەبوو بۆ منداڵی باس بکات.
شەشەم: پێویستە ئەو سەرچاوەیەش دیاری بکات کە هۆنراوەکەی لێوەرگرتووە، تا منداڵ ئەگەر کەوتە بەردەستی جارێکی تر بیخوێنێتەوە کە لەمەوەش مامۆستا دەتوانێت حەزی خوێندنەوە لای منداڵ پەرە پێبدات تا منداڵان لەسەرەتاوە خوێندنەوە بکەن بە کەلتور.
حەوتەم: ئەگەر لەقوتابخانەدا پەرتوکخانەی تێدا بوو لەوێ بوترێتەوە باشترە و سەرچاوەکان لەوێ هەن و لێرەشەوە هەر کاریگەری ئەرێنی لەسەر منداڵ دروست دەکات بۆ زیاتر ناسینی پەرتوکخانە و خۆشەویستکردنی پەرتوک و گۆڤار و خوێندنەوە.
هەشتەم: خۆ ئەگەر ژوری مۆزیک لە قوتابخانەکەدا هەبوو لەوێ کاریگەری باشتری دەبێت بەمەرجێک مامۆستا خۆی شارەزای مۆزیک بێت و بتوانێت ئامێرێک بژەنێت و پێشتر ئاوازێکی گونجاوی بۆ ئەو هۆنراوەیە دانابێت کە دەیەوێت پێیان بڵێت.
نۆیەم: ئەگەر شارەزای مۆزیک نەبوو دەتوانێت سود لە هاوڕێکانی وەبگرێت و هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی ئاوازی بۆدابنێن، یان ئەگەر ئەوان ئاوازیان داناوە بۆ هەمان هۆنراوە کە دەزانن گونجاوە بە تۆمارکراوی لێیان وەربگرێت  بۆ قوتابییەکانی خۆی سودیان لێوەربگرێت.
دەیەم: مامۆستا دەشتوانێت سود لەو گۆرانییە تۆمار کراوانە وەربگرێت کە تایبەتن بە منداڵان بەمەرجێک هۆنراوەکە ئەو خاڵانەی لەخۆگرتبێت کە لەسەرەتاوە باسمان کرد.
یازدەیەم: واباشە مامۆستا ئاگاداری ئەوە بێت کە لەهەر پەرتوکێک نووسرا هۆنراوەی پەروەردەیی یان بۆ منداڵان، مەرج نییە هەموو هۆنراوەکان  گونجاوبن و پەروەردەیی بن و دووربن لە وشە و وێنەی نەشیاو. بۆیە پێویستە مامۆستا ئامادەکارییەکی باشی بۆ بکات و بە وردیی و بە باشی هەڵسەنگاندنی بۆ بکات و بیخوێنێتەوە ئەوسا بڕیار بدات کە بە منداڵی بڵێ، چونکە کارێکی وا ئاسان نییە.
دوازدەیەم: ئەگەر لە قوتابخانەدا (داتاشۆ) هەبێت، مامۆستا دەتوانێت بۆ ئەو کارە سودی لێوەربگرێت.

شێوازی وتنەوەی هۆنراوە یان سروود:
هەموو ئەو راستییە دەزانین کە منداڵان بەگشتی زۆر حەزیان لە گۆرانی و مۆزیکە و بەگوێگرتن لەگۆرانی دڵخۆش دەبن و جیهانە تایبەتەکەی خۆشیان وا دەخوازێت کە بۆ ئەوەی چێژ لە ژیان و سەردەمی منداڵی وەربگرن ئێمەی گەورە بە وریاییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەین و وەک مافێکی رەوای خۆیان لەو کارە بڕوانین. بۆیە مامۆستایانی ئازیز کە هەمیشە پێشەنگ بوون لە پەروەردە و فێرکردندا بەهەمان شێوە لەم کارەشدا هەر پێشەنگن و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە لە ئەستۆی ئەوان. لەکاتی وتنەوەی هۆنراوە یان سروود دا پێویستە گرنگی زیاتر بەم بوارە بدرێت و بەشێوەیەکی گونجاو و رێگایەکی ئاسان کە منداڵان هەم چێژی لێوەربگرن و هەم هۆنراوەکەش بە ئاسانی لەبەر بکەن.
یەکەم: سەرەتا مامۆستا هۆنراوەکە جارێک بەدەنگەوە بۆ قوتابیان بخوێنێتەوە تا بتوانێت حەزی منداڵەکان بۆ هۆنراوەکە لەسیمایانەوە ببینێت.
دووەم: پاشان چیرۆک ئاسا باسێکی کورتی هۆنراوەکە بکات و ناوی خاونەکەی بە منداڵان بڵێت.
سێیەم: ئیتر دێڕ دێڕ لەسەر وایت بۆردەکە بینووسێت و بەو ئاوازەی کە ئامادەی کردووە خۆی بیڵێت و ئەوانیش لەدوایەوە بیڵێنەوە.
چوارەم: کەزانی دێڕی یەکەم بەباشی دەڵێن ئەوا دەتوانێت دێڕی دووەم بنووسێت، بەمشێوەیە تا کۆتایی هۆنراوەکە.
پێنجەم: دواتر دەتوانێت یەک یەک قوتابیان هەڵبسێنێت و بیڵێنەوە.
شەشەم: لەم وتنەوەیەدا مامۆستا دەتوانێت ئەوانە دیاری بکات کە دەتوانن باشتر بەو ئاوازە بیڵێن و زووتر لەبەریان کردووە وەک کۆرسێک.
حەوتەم: دواتر جارێک ئەمان وەک کۆرس بیڵێن و ئەوانەش کە ماون دوای ئەمان بیڵێن و جاری سێیەم هەمووان پێکەوە بیڵێن.
هەشتەم: بەدووبارەکردنەوەی لەم شێوەیە لەگەڵ مامۆستا هەمووان دەتوانن هۆنراوەکە لەبەر بکەن..
نۆیەم: ئیتر داوا لە قوتابیان بکات کە لە پەڕاوی تایبەتدا بینووسن. بۆ وانەی داهاتوو دووبارە بکرێتەوە باشتر و ئاسانترە لای قوتابیان و بە دووبارەکردنەوەش زیاتر لەبەری دەکەن و بەخۆشییەوە دەیڵێنەوە.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

بابەتە پەیوەندیدارەکان