لەدوای بوومەلەرزەكەوە كۆلێرا هەڕەشە لە توركیا و سوریا دەكات

02:03 - 2023-02-11
جیهان
268 جار خوێندراوەتەوە

رێكخراوی یونسێف هۆشداریی داوە لە بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی كۆلێرا و نەخۆشییە گواستراوەكانی تر لە توركیا و سوریا، ئەوەش بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیسەوە، كە ئێستا بەشێكی زۆری ئەوانەی بەهۆی بوومەلەرزەكەوە بێماڵ و حاڵ ماونەتەوە، ناچارن ئاوێك بەكاربهێنن كە بۆ خواردنەوە شیاو نییە، یاخود ئاودەستی پاكوخاوێنیان دەستناكەوێت.

بەوتەی كێتكا گۆیۆڵ راوێژكاری یونسێف، رەنگە بوومەلەرزەكە زیانی بەسەرچاوەكانی ئاوی پاك گەیاندبێت، بەتایبەت لە  سوریا كە بەدەست وێرانكاریی جەنگەوە دەناڵێت، بەهۆی نەبوونی ئاوی پاكەوە ماوەی پێنج مانگە كۆلێرا لەو وڵاتە بڵاوبۆتەوە و پەتاكەش كۆتایی نەهاتووە.

یونسێف ئاشكرایكردووە، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە گواستراوەكان بەتایبەت كۆلێرا و سكچوون لە دوای روودانی بوومەلەرزەكەوە لە بەرزترین ئاستدا دەمێنێتەوە، هاوكات رێكخراوی تەندروستی جیهانیش ترسی ئەوەی هەیە قەیرانی مرۆیی گەورە رووبدات زیانی زیاتر بەوانە بگەیەنێت، كە لەدوای بوومەلەرزەكەوە ماونەتەوە.

سەرچاوە:
سكای نیوز

بابەتە پەیوەندیدارەکان