پاشەکشێ لە سیاسەتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا

10:10 - 2023-02-12
ئابووری
443 جار خوێندراوەتەوە
#وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە خەڵوز

فەیسەڵ عەلی


پاشەکشەکردنی دەوڵەتانی ئەوروپا لە سیاسەتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و گەڕانەوە بۆ خەڵوز و نەوت چیتر نهێنی نییە، زیادبوونی دەرهاویشتەکانی کاربۆن لە دەوڵەتانی ئەوروپا، بەتایبەتیش ئەڵمانیا چیتر حاڵەتێکی دەگمەن نییە.
گەڕانەوەی ئەوروپا بۆ خەڵوز بۆ قەرەبووکردنەوەی غازی سروشتیی روسیایە، زیابوونی پشتبەستنی هەریەک لە چین و هیندستان بە خەڵوز و بە دوایدا زیادبوونی دەرهاویشتەکانی کاربۆن، بۆ بەرزبوونی نرخی غازی سروشتیی شل دەگەڕێتەوە، بەڵام زیادبوونی دەرهاویشتەکانی کاربۆن لە ئەمریکا بۆ بەرزبوونەوەی نرخی غازی سروشتی دەگەڕێتەوە، ئەویش لە ئەنجامی هەناردەکردنیەتی بۆ ئەوروپا، کە وای لە هەندێک لە کۆمپانیاکانی کارەبا کردووە لە بەکارهێنانی غازی سروشتییەوە بگەڕێنەوە بۆ بەکارهێنانی خەڵوز.

لە کاتی هەوردا وزەی سۆلار دادەبەزێت
هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا قەیرانەکەی قوڵتر کردەوە، چونکە قەیرانی وزە بەر لە جەنگ هەبوو، لەگەڵ فراوانبوونی پشتبەستن بە وزەی نوێبووەوە، پشتبەستن بە غازی سروشتی زیاد دەکات، بەوەی تاکە سەرچاوەیە کە دەکرێ لێوەی بە ئاسانی کارەبا بەرهەم بهێنرێت، بە تایبەتی ئەگەر وزەی با وەستا یان بەرهەمهینانی وزەی پلێتەکانی سۆلار دابەزی. زۆر دەمێکە حکومەتەکان درک بە رەوشی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە غازی سروشتی دەکەن، کە دەبێ خۆیان بۆ قەرەبووکردنەوەی هەر کەمبوونێکی کوتوپڕی ئەو سەرچاوەیە ئامادە بکەن، یان ئەوەتا لە کاتی پێویستدا نرخی بەرزتری پێبدەن تا ویستگەکان لە کار نەکەون، کاتێک وزەی نوێبووەوە ناتوانێ وێستەگەکان کار پێبکات، چ بەهۆی کەمی با یان کەشی هەوراوی کە بەرهەمهێنانی وزەی خۆر کەم دەکات.
ئەو تێچوونە زیادەی غازی سروشتی، دەکرێ بەهۆی بیناکردنی ویستگەی نوێی بەرهەمهێنانی کارەباوە بێت بە غاز، تا بۆ قەرەبووکردنەوەی وەستانی وزەی نوێبووەوە، یان لە کاتی بەرزبوونەوەی تێچوون بەهۆی زۆری نرخی وزەوە بێت، زۆرترە لە تێچوونی خودی وزەی نوێبووەوە، لەبەرئەوە وزەی نوێبووەوە بەراورد بە سەرچاوەکانی تری وزە هەرزان دەکەوێت.

غازی سروشتی سەرچاوەیەکی گرنگە
ئێستا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەرکەوت، کە لە بەرهەمهێنانی کارەبادا ناتوانرێ دەستبەرداری نەوت بین، هەروەها دەرکەوت کە وزەی نوێبووەوە تەنها یەکێکە لە سەرچاوەکانی وزە، هەروەها دەرکەوت کە غازی سروشتی، سەرچاوەیەکی وزەیە کە لە شکستهێنانی سیاسەتەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا پشتی پێدەبەسترێت، سیاسەتەکانی ئاسایشی وزە هاوسەنگیی نێوان سەرچاوە جیاوازەکانی وزە دەخوازێت.
درککردنی حکومەتەکان و سیاسییەکانیش بە پێویستیی دەستەبەرکردنی هاوسەنگیی نێوان سەرچاوە جیاوازەکانی وزە، دووچاری دوو پرس دەبێتەوە، یەکەمیان، ئەو باربۆکردنە گەورەیەیە کە بۆ پیشەسازییە نوێیەکانی بەرهەمهێنان تەرخان دەکرێت و ئێستاش لەسەر ئەو باربۆیە دەژین، ئەو پیشەسازییانە گەورەبوون و بەشێکی ئەو باربۆیەیان بۆ دروستکردنی لۆبی خەرجکردووە، کە ئەرکەکەیان هێشتنەوەی ئەو باربۆکردنی پیشەسازییانەیە، لەم دواییەدا ئەو لۆبیانە بە ئسیتغلاکردنی توندبوونی قەیرانی وزە بەهۆی جەنگی روسیا و ئۆکرانیاوە، هەوڵەکانیان بۆ قەناعەتکردن بە حکومەتەکانیان خستەگەڕ تا پارەی زیاتر بۆ وزەی نوێبووەوە تەرخان بکەن. دووەمیان: هەندێک لە سیاسییەکان لە قسەکردن لەمەڕ گۆڕانی کەشوهەوا بەردەوامن، داوای دەرکردنی یاسا بۆ باشتر پیادەکردنی سیاسەتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن، ئەمەش تەنها بۆ قایلکردنی دەنگدەرانیانە، هەرچەند لەسەر ئەرزی واقیع پێچەوانەی ئەوە روودەدات کە بانگەشەی بۆ دەکەن.

ستوونە بەرزەکانی بەرهەمهێنانی وزەی با
ئەمەش واتە، لەگەڵ ئەوەی بۆ نەوت و خەڵوز گەڕاونەتەوە و دەرهاویشتە غازییەکان زیادیکردووە، بواری وزەی نوێبووەوە فراوان بووە. بەڵام لێرەدا دەبێ بە وریاییەوە قسە بکرێت لەسەر ئەو فراوانبوونە لەبەر چەند هۆکارێک، گرنگترینیان فراوانبوونی وزەی بەرهەمداری شتێکە و بەرهەمهێنانی کارەبا لەو سەرچاوانەوە شتێکی ترە، ئەو فراوانبوونە نەیتوانیوە رێگە لە روودانی قەیرانی وزە لە ئەوروپا بگرێت، چونکە کێشەی کەمی با دووبارە دەبێتەوە، چەند ئاستی بەرهەمهێنانیان لە وزەی با زیاد بکەن، قەیرانەکە گەورەتر دەبێت کاتێک با دەوەستێت. بە پێچەوانەی هەموو ئەوەی لە رابردوودا دەوترا، بەوەی تێچوونی بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە لە بەرزبوونەوەدایە، بەتایبەتی لەگەڵ فراوانکردنی کێڵگەکانی بای دەریاییدا.
هیوایەک هەبوو، ستوونە گەورە و باڵا بەرزەکانی وێستگەکانی با، تێچوونی بەرهەمهێنان کەمبکەنەوە، ئەویش بەهۆی ئەو بڕە زۆرە کارەبایەی بەرهەمی دەهێنن، بەڵام کەوتنی ستوونەکان و تێکشکانیان و خەرجی چاکردنەوەیان وایکردووە تێچوونی بەرهەمهێنانی کارەبا دانەبەزێت، هەربۆیە دەبینین لەگەڵ ئەوەی هەموو جۆرەکانی وزەی نوێبووەوە فراوان بوون، بەڵام هێشتا لاسەنگیی نێوان سەرچاوەکانی وزە بەردەوامە.

گرفتی غازی ئەمریکا
پێدەچێ هێشتا ئەوروپا وانەی بنچینەکانی ئاسایشی وزەی باش وەرنەگرتبێت، کە هەمەڕەنگیی سەرچاوەکانی وزە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە، هەمەڕەنگردنی هاوردەکردنی وزە لەخۆدەگرێت. دوای قەیرانی ئۆکرانیا، هەموو ئەوەی ئەوروپا کردوویەتی، گۆڕینی غازی سروشتیی روسیا بە غازی ئەمریکایە، پشتبەستن بە غازی ئەمریکا بە رادەیەک زیادیکردووە کە لە بری روسیا بۆتە سەرچاوەی یەکەمی غاز بۆ ئەوروپا. ئەمریکاییەکان سەدان ملیار دۆلاریان لە بەرهەمهێنان و گواستنەوە و شلکردنەوەی غازدا وەربەرنەهێناوە تا بەهۆی سیاسەتی گۆڕانی کەشوهەواوە بازاڕەکەیان لەدەست بچێت. بە واتایەکی تر، پشتبەستنی ئەوروپا بە غازی ئەمریکا ئەوە دەسەلمێنێت کە ناتوانێ دەستبەرداری نەوت و بەرهەمەکانی بێت، هەروەها ئەگەری دەستبەرداربوونی بازاڕی وزەی نوێبووەوەش دەسەلمێنێت.

کێبڕکێی توند لەگەڵ چین
گرنگترین ئەو کێشانەی بەهۆی پشتبەستن بە غازی ئەمریکاوە دووچاری دەبن، تێچوونی بەرزە و نرخەکەی هەڵبەز و دابەز دەکات، چونکە ئەوروپا لە بازاڕی خێرا دەیکڕێت نەک بەپێی گرێبەستی دوور مەودا، ئەگەر کێبڕکێی لەگەڵ چین توندتر بێتەوە، ئەوا نرخی غازی ئەمریکا زۆر بەرزتر دەبێتەوە، غازەکەش بۆ ئەو لایەنەیە کە نرخی زیاتر دەدات، ئەم هەڵبەز و دابەزە رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر بازاڕی وزەی ئەوروپا دەبێت، رەنگە ئەوەش بەشداری لە خاوبوونی گەشەی ئابوورییان بکات، ئەوەی جێی سەرنجە، لاینەگرانی گۆڕانی کەشوهەوا، خاوبوونی گەشەی ئابوورییان دەوێت، بگرە لەویش زیاتر پوکانەوەی ئابوورییان پێباشترە، لەبەرئەوەی دەرهاویشتەکانی کاربۆن کەمدەکاتەوە.

زریانی بەهێزی کەنداوی مەکسیک
یەک لە کێشە گرنگەکانی تر ئەوەیە، هەموو وێستگەکانی غازی شلی ئەمریکا کە غاز رەوانەی ئەوروپا دەکەن، دەکەونە کەنداوی مەکسیکەوە، ئەو ناوچەیەش بە زریانی بەهێز و وێرانکەر ناسراوە، کە لانیکەم لە وەرزی هاویندا بۆ چەندین رۆژ بارکردنی غازی سروشتی دەوەستێت، ئەمەش رەنگە ئەوروپا دووچاری قەیرانی وزە بکاتەوە، ئەگەر وەک رابردوو چەند جارێکی تر با کەم بکات.
بە کورتی، لەگەڵ گەڕانەوە بۆ خەڵوز و نەوت و پێویستیی زۆر بە سیاسەتی هاوسەنگیی نێوان سەرچاوە هەمەجۆرەکانی وزە، بەڵام جەختکردنەوە  لەسەر وزەی نوێبووەوە بەردەوامی دەبێت، بەڵام ئەو جەختکردنەوەیە رێگە لە روودانی قەیرانی وزە ناگرێت، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە، دەرهاویشتەکانی کاربۆن و پیسبوونی ژینگە کەم ناکاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان