ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
بوومەلەرزە‌كه‌ی توركیا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه بووه‌ی هۆی مردنی زیاتر له 20 هه‌زار كه‌س و برینداربوونی زیاتر له 80 هه‌زار كه‌س، سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌زاران باڵه‌خانه و ڤێلا و ماڵ و دوكان و بازاڕی وێران كرد، زیانی ئابووری قورسیشی به توركیا گه‌یاند، زیانه ئابوورییه‌كانی له وێرانبوونی به‌شێكی زۆر له ژێرخانی وڵاته‌كه‌وه ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام دواتر وێرانبوونی سه‌دان بگره هه‌زاران كارگه‌ش ده‌گرێته‌وه، كه كار ده‌كاته سه‌ر ئاستی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردنیش.
توركیا سه‌رچاوه‌ی سروشتی وه‌ك نه‌وت و غازی سروشتی نییه و كانزاكانی دیكه‌شی كه‌مه، له‌به‌رئه‌وه له ئابووریدا پشت به پیشه‌سازی و هه‌نارده‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ده‌به‌ستێ، بوومەلەرزە‌كه 10 شاری توركیای هه‌ژاندووه، كه له رووی پیشه‌سازییه‌وه گرنگن، به تایبه‌تی شاری غازی عه‌نتاب كه له رووی پیشه‌سازی و بازرگانییه‌وه یه‌كێكه له شاره گرنگه‌كان و ده‌یان و سه‌دان كۆمپانیانی گه‌وره‌ی لێیه، كاره‌ساتێكی سروشتی له‌م جۆره‌ش كاریگه‌ریی زۆر قورس و گه‌وره‌ی له‌سه‌ر هاوسه‌نگی بازرگانیی توركیا دروست ده‌كات.
به‌شدارن له هه‌نارده‌ی توركیادا
ناگی به‌كیر نووسه‌رێكی بواری ئابوورییە بۆ رۆژنامه‌ی دونیا ده‌نووسێت: به پێی داتاكانی حكومه‌ت به‌شداری ئه‌و 10 شاره‌ی به‌ر بوومەلەرزە كه‌وتوون له توركیا %10ی تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆیه، واته به‌شدارییه‌كی به‌رچاوی هه‌یه له تێكڕای گه‌شه‌ی ئابووریی به‌ده‌ستهاتوو له ساڵی 2021دا، هه‌ر به پێی ئه‌و ئامارانه به‌شداری غازی عه‌نتاب له كۆی گشتی هه‌نارده‌ی توركیادا بۆ ساڵی 2022 ده‌گاته %10,9.
ئاماره‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن به‌ر له بوومەلەرزە و له ساڵی 2022دا شاری غازی عه‌نتاب به رێژه‌ی 11,2 ملیار دۆلار به‌شداری هه‌نارده‌ی توركیای كردووه، شاری مێرسین به رێژه‌ی 6,2 ملیار دۆلار و شاری هاتای به رێژه‌ی 4.1 ملیار دۆلار و شاری ئه‌ده‌نه‌ش به رێژه‌ی 3,1 ملیار دۆلار به‌شداری هه‌نارده‌ی توركیایان كردووه.
هه‌زاران كرێكار بێكار بوون
راپۆرتێكی رۆیته‌رز باس له‌وه ده‌كات كه داهاتی ئه‌و 10 شاره وێرانبووه‌ی توركیا نزیكه‌ی %6.7ی داهاتی توركیا پێكده‌هێنێت، له‌و نێوانه‌دا شاری غازی عه‌نتاب به ته‌نیا خۆی رێژه‌ی %4,4ی هه‌نارده‌ی توركیای به‌رده‌كه‌وێت، شاره‌كانی دیكه‌ش هه‌ریه‌كه به رێژه‌یه‌ك، به‌ڵام كه‌متر له غازی عه‌نتاب، ئه‌م ژمارانه ئه‌گه‌ر بۆ ساته‌وه‌ختێك بیر له ورده‌كارییه‌كانی بكه‌ینه‌وه، كاره‌ساتی گه‌وره‌ی مرۆیی ده‌بینین، چونكه ژماره‌كان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه هه‌زاران كرێكار كاره‌كانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
ناگی به‌كیر هۆشداری له‌باره‌ی كاره‌ساتێكی ئابووری گه‌وره ده‌دات و پێی وایه به‌هۆی وێرانبوون و له‌كاركه‌وتنی ئه‌و هه‌موو كارگه‌یه و وه‌ستانی پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌و شارانه كه‌رتی بازرگانی توركیا زیانێكی گه‌وره‌ی پێده‌گات، به‌ڵام راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیته‌رز ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو زیانه ئابووریه‌شدا، بوومەلەرزە‌كه كاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی نابێت بۆ سه‌ر ته‌رازووی بازرگانیی توركیا، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌هۆی بوومەلەرزە‌كه‌وه ئاستی هاورده‌ی توركیا به هه‌مان ئاستی هه‌نارده‌كه‌ی داده‌به‌زێت.
هاوسه‌نگی ته‌رازووی بازرگانی
موخلیس نازر مامۆستای كارگێڕی و ئابووری له ئیستا‌نبوڵ له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێ: دابه‌زینی ئاستی هه‌نارده و هاورده پێكه‌وه و راگرتنی هاوسه‌نگی نێوانیان هیچ سوودێك به ئابووری توركیا ناگه‌یه‌نێت، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ته‌رازووی بارزگانیی توركیا له ساڵی رابردووه‌وه تووشی كورتهێنان بووه و تا ئێستاش به‌رده‌وامه، له‌به‌رئه‌وه به‌ر له روودانی بوومەلەرزە‌كه توركیا پێویستی به زیادكردنی هه‌نارده بووه و ئێستاش كه بوومەلەرزە‌كه پیشه‌سازی ئه‌و 10 شاره‌ی وێران كردووه، دۆخه‌كه خراپتر ده‌بێت.
به گوێره‌ی داتاكانی وه‌زاره‌تی بازرگانی توركیا له ساڵی 2022دا ته‌رازووی بازرگانیی ئه‌و وڵاته به رێژه‌ی %138.4 كورتی هێناوه، چونكه له‌و ساڵه‌دا هه‌نارده‌ی توركیا ته‌نیا %12.9 زیادی كردووه، واته 254.2 ملیار دۆلار بووه، به‌ڵام هاورده‌ی %343 زیادی كردووه و گه‌یشتۆته 364.4 ملیار دۆلار.
راپۆرته ناوخۆییه‌كان
موخلیس نازر باس له‌وه ده‌كات ئه‌و 10 شاره‌ی وێران بوون، به رێژه‌ی %10 به‌شداری له تێكڕای داهاتی توركیادا ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر كۆمپانیا و كارگه‌ی گه‌وره‌یان تێدا بووه، به‌شێكی زۆر له‌و كۆمپانیایانه له لیستی 500 كۆمپانیا گه‌وره‌كانی توركیادا بوون. راپۆرته ناوخۆییه‌كانی توركیاش باس له‌وه ده‌كه‌ن كه له‌و ناوچانه‌ی به‌ر بوومەلەرزە‌كه كه‌وتوون زیاتر له 150 كۆمپانیای زۆر گه‌وره‌یان تێدایه و به پێی پۆلێنی (ISO) له ریزی 500 كۆمپانیا پیشه‌سازییه گه‌وره‌كانی توركیان، له‌و ژماره‌یه‌ش زۆرترینیان له شاری غازی عه‌نتاب بوون.
ئه‌و پسپۆڕه ئابوورییه ده‌ڵێ: چاوه‌ڕوان ده‌كرێت حكومه‌تی توركیا هاوكاری ئه‌و كۆمپانیایانه بكات، چونكه رێی تێناچێت حكومه‌ت هه‌روا لێگه‌ڕێ كۆمپانیا پیشه‌سازییه‌كان له‌كار بكه‌ون، به تایبه‌تیش كه پیش‌تر حكومه‌تی توركیا رایگه‌یاندبوو، به نیازه وڵاته‌كه‌ی بكاته یه‌كێك له 10 گه‌وره‌ترین هه‌نارده‌كارانی جیهان و پلانیشی هه‌بووه بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه.
خه‌رجیی گشتی زیاد ده‌كات
له‌لایه‌كی دیكه‌وه پسپۆڕانی ئابووری كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ساڵ حكومه‌تی توركیا خه‌رجی گشتی زۆر زیاد ده‌كات، ئه‌ویش به‌هۆی چاکكردنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری وڵاته‌كه‌ی، هه‌ر له دروستكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه رووخاوه‌كانه‌وه تا ده‌گات به چاکكردنه‌وه‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ده‌یان پرد و شه‌قام و رێگاوبان به گشتی.
هه‌روه‌ها دابینكردنی پێویستییه سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ لێقه‌وماوانی بوومەلەرزە‌كه و دابین كردنی شوێنی حه‌وانه‌وه بۆ ده‌یان هه‌زار كه‌س، كه به‌هۆی بوومەلەرزە‌كه‌وه بێ‌ماڵ و حاڵ ماونه‌ته‌وه و هه‌رچی هه‌یانبووه له ده‌ستیان داوه.
پێویستیان به فریاگوزارییه
ئه‌وه‌ی باس كرا به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی كێشه‌ی حكومه‌تی توركیایە، به‌ڵام كێشه و ئازاری هاووڵاتانی ناوچه كاره‌ساتباره‌كه زۆر له‌وه گه‌وره‌تره، چونكه سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له خه‌ڵكی ناوچه‌كه كه‌سوكاریان له‌ده‌ست داوه، ئێستا رووبه‌ڕووی گرفتی دارایی‌ش ده‌بنه‌وه، هه‌یانه هه‌موو سامانه‌كه‌ی داوه به شوقه‌یه‌ك و له شه‌و و رۆژێكدا شوقه‌كه‌شی له‌ده‌ست داوه، جگه له‌وه‌ش به‌شێكی زۆریان له دوای كاره‌ساته‌كه‌وه توانای دابینكردنی خۆراكی رۆژانه‌یان نییه و پێویستیان به خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه چاوه‌ڕێی ده‌ستی یارمه‌تی حكومه‌ت، یان رێكخراوه خێرخوازه‌كانن تا فریایان بكه‌ون.
سه‌رچاوه: ئاژانسه‌كان