یادەوەریی وەرزشی

11:03 - 2023-02-13
وەرزش
110 جار خوێندراوەتەوە
#فەلاح عەلی

خەسرەو گورون
66

لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراقدا بۆ وەرزی 1988-1989، یەكەم و دووەم یاری ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی بەرامبەر دهۆك و موسڵ بوو، لە ژمارەكانی پێشووی ئەم باسەمدا تیشكێكم خستە سەر ئەو دوو یارییە.
یەكەم یاریی بە بردنەوەی دهۆك 1-0 كۆتاییهات و رۆژی 4/11/1988 لە یاریگای دهۆك كرا،پاشان رۆژی 18/11/1988 دووەم یارییمان لەگەڵ تیپی یانەی موسڵ كرد و  یارییەكەش بە بردنەوەی موسڵ 2-1 كۆتاییهات و بەوەش لە كۆی دوو یاریی نەمانتوانی هیچ بردنەوە یان یەكسانبوونێك تۆمار بكەین.
رۆژی 2/12/1988 سێیەم یاریمان لەدەرەوەی یاریگای خۆمان بەرامبەر تیپی یانەی سەڵاحەدین (تكریت) بوو، یارییەكە سەعات 2 -ی پاش نیوەڕۆ لە یاریگای سەڵاحەدین دەستیپێكرد، تیمێكی ناوبژیوانی لەشاری بەغداوە هاتبوون بۆ بەڕێوەبرنی یارییەكە، هاندەرانێكی زۆریش هاتبوون بۆ بینینی یارییەكە.
وەفدی یانەی سلێمانی بریتی بوون لە ئەندازیار كەمال عەبدوڵڵا و خوالێخۆشبوو كەمال غەفور، شێركۆی كەمال بەگ، راهێنەرانی ئێمەش ئازاد وەهاب و حەمە بچكۆل بوون، خوالێخۆشبوو دكتۆر عەتاش پزیشكی چارەسەركەری تیپەكەمان بوو.
هەردوو راهێنەر بەپلانی 4-4-2 ئەم یارییەیان دەستپێکرد، پێکهاتەی سەرەکیش بەمشێوەیە بوو؛
*گۆڵچی-هیوا محەممەد.
*بەرگریی-خەسرەو گورون-کاپتنی تیپ، هادی کەریم، نەوزاد مستەفا، فەرەیدون کەمال.
*ناوەند: ئاسۆ قەلە، خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج، کاوە سدیق، فەرەیدون ساڵح-نێرە.
*هێرشبەر: حەمەی كەریم، بەختیار رەشید.
لە یارییەکەشدا هەردوو راهێنەر سێ گۆڕانکارییان کرد؛
*رەفتق عەلی بۆ شوێنی هیوا.
*ئاراسە سوور بۆ شوێنی ئاسۆ.
*فەلاح عەلی بۆ شوێنی شاهۆ.
یاریزانە یەدەگەکانیشمان (ئالان قادر یابە، داخل جەبار، رزگار مستەفا، ئامانج سەید برایم بوون.
لەم یارییەشدا نەمانتوانی بردنەوە یان یەكسانبوون بەدەستبهێنین و بۆ سێیەم یاریی یەك لەسەر یەك دۆڕاین و ئەمجارە 1-3 بە تیپی یانەی سەڵاحەدینمان دۆڕاند، تەنیا گۆڵەكەی ئێمە نەوزاد مستەفا لە دەقیقەی 74 دا بە لێدانێكی راستەوخۆ كردی، گۆڵەکانی یانەی سەڵاحەدینیش لە دەقیقەكانی 14 و 55 و 87 دا كران.
لە یارییەكەدا وەك سەرپێچییەك لە یاساكانی خولەكە، گۆڵپارێزی یانەی سەڵاحەدین ژمارەكەی 0 بوو، ئەمەش پێچەوانەی رێنماییەكانی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق بوو، بۆیە ئیعتیرازی خۆمان لەسەر ئەو سەرپێچییە نووسی، بەڵام نە راهێنەرانی ئێمە و نە ئیدارییەكانمان ئامادە نەبوون ئیعتیرازەكە بگەیەننە بەغدا و یەكێتیی تۆپی پێی عیراق.
ئێمەش زۆربەی یاریزانەكانمان سەربازی هەڵاتوو بوون نەماندەتوانی بیبەین بۆ بەغدا، بەڵام هەردوو یاریزان فەرەیدون كەمال و هادی كەریم بەناچاری و  وەك دڵسۆزی خۆیان بۆ تیپەكە بردیان بۆ بەغدا، دوای چەند رۆژێك لە رۆژنامەی (بەعس ریازی) ئەو كاتەدا وەڵامی ئیعتیرازەكایان بەمشێوەیە داینەوە: راستە نابێت ژمارە سفر بۆ گۆڵپارێز بەكاربهێنرێت و دەبێت سەرجەم یانەكانیش پابەندی ئەم بڕیارە بن، بەڵام ئیعتریازەكەی سلێمانی رەتدەكرێتەوە و سزای سەڵاحەدینی پێ نادرێت و هەربە دۆڕاو دادەنرێن و ئەوان براوە بوون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان