وەرزش و ژیانی رۆژانە

11:16 - 2023-02-13
وەرزش
194 جار خوێندراوەتەوە

دیدگای كۆمەڵگەی كوردەواری بۆ وەرزشكردن نەرێنییە، كورد مرۆڤی تیۆرین نەك كرداری، تاڕادەیەكیش تاكی كورد كەسی هۆشمەندە، بەڵام هۆشمەندییەكەی ئەوەندە نییە كە وەرزش بكاتە بەشێك لەژیانی ڕۆژانەی خۆی،  بۆیە لەو هاوكێشەیەدا ژمارە نییە و هیچ فیدباكێكی نییە بەرامبەر بە وەرزشكردن، كۆمەڵێك فاكتەری كۆمەڵایەتی و ئابوریش ڕۆڵیان هەیە  بۆ وەرزش نەكردن، بەڵام دەبێ‌ تاكی كورد ئەو فاكتەرانە تێپەڕێنێ.
شارەزایانی بواری تەندروستی و پسپۆڕانی وەرزشی دەزانن كە وەرزشكردن راستەوخۆ پەیوەندیی بەتەندروستی مرۆڤەوە هەیە، بۆیە لەم ڕووەوە ئێمە دەبێت فۆكەس بخەینە سەر لایەنە ئەرێنییەكانی وەرزشكردن.
وەرزش خۆیشی بێ‌ كۆششكردن نابێت، بۆ ئەوەی تاكی كورد بەئاڕاستەیەكی تەندروستدا هەنگاو بنێت، پێویستە پسپۆرانی ئەكادیمی لەبواری وەرزشدا كۆمەڵێك پاڵنەر بۆ تاكی كورد دروست بكەن و ڕاستییەكان بەشێوەیەكی زانستی ڕوون بكەنەوە بۆ ئەوەی خەڵك هۆشیار بكەنەوە و لە سوودەكانی وەرزش كردن تێبگەن، بۆ نمونە ئەلمانیا ژمارەی دانیشتوانەكەی 84 ملیون كەسە، بەپێی ئامارەكان 40 ملیونیان ڕۆژانە وەرزش دەكەن ،24.5% ی خەڵكی ئەو وڵاتە ئەندامن لەیانە وەرزشییەكان، ئەمە خاڵە جەوهەریەكەیە كە وەرزش دەبێ وەكو فیكرە تەوزیف بكرێت .
یەكێك لەدەرهاویشتە خراپەكانی مرۆڤ  بەگشتی و تاكی كورد  بەتایبەتی لەم سەردەمەدا ئەوەیە كەمرۆڤەكان ئاڵودەی بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیا بوون، پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئایا لەوڵاتە پێشكەوتووەكاندا تەكنۆلۆجیا  لەبەردەستدا نییە و فەراهەم نەكراوە؟ نەخێر لەبەر دەستدایە و زۆر بەباشیش فەراهەم كراوە، لەگەڵ ئەوەشدا وەرزشكردنی منداڵ و گەنج و بەتەمەن و كوڕ و كچ بەشێكی سەرەكیی ژیانی رۆژانەیانە، بۆیە ڕەوا نییە كە وەرزش نەكردن ببەستینەوە بەتەكنۆلۆجیاوە، بەڵكو هۆكارەكەی نەبوونی ئیرادەی ڕاستەقینە و ڕۆشنبیری وەرزشیی و تەندروستییە لەلایەن تاكی كوردەوە.
ئەگەر ئیرادەی وەرزشكردن هەبێت لەلایەن تاكەوە، كێشەكان لەهەموو ڕویەكەوە كەمتر دەبن و باشتر بنەبڕ دەكرێن، بەتایبەتی لەكۆمەڵگایەك كەباری دەرونی تاكەكان تاڕادەیەك نائارامە و لەڕوی دەرونزانییەوە هەڵچون نیشانەی زیندویی هەستەوەرەكانی مرۆڤە، بۆیە وەرزشكردن بۆ مروڤ خاڵیكردنەوەی  گوشارەكانی ڕۆژانەیە لەسەری.
لەكۆتایشدا دەڵێم ژیان زۆر كورتە و ناتوانین تیایدا هەموو شتێك تاقی بكەینەوە، لەبەر ئەوە پێویستە بیر و هۆشمان دەوڵەمەند بكەین و سوود لەئەزمونی وڵاتانی پێشكەوتوو وەربگرین تا بتوانین  وەرزش بكەینە بەشێك لەكەلتور و ژیانی ڕۆژانەی تاكی كورد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان