کاریگەریی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەسەر داهاتی تاك

12:29 - 2023-02-17
ئابووری
537 جار خوێندراوەتەوە

راوێژ سابر ئیسماعیل

مامۆستای زانكۆ

بە‎هۆی ئەوەی عیراق وڵاتێكی تەواو بەكارهێنەرە و لە هیچ پیشەسازیەكدا بەرهەمهێنانی لە سەدا سەدی نییە كە پێویستی ناوخۆ پڕ بكات و لە بازاڕێكی ئاڵۆز و بێ كۆنتڕۆڵدا گرانبوونی دۆلار كاریگەری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لە سەر سەرچاوەی داهاتی تاك هەیە. لە دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار داهاتی (دخل) مانگانەی تاك بە رێژەی 12٪؜؜ كەمیكردووە لە كاتێكدا كە دۆلار لە نێوان 1480 دینار بەرز بۆتەوە بۆ 1680 دینار، بەڵام ئەگەر بەراوردێكی گۆڕانكاری دۆلار بكەین لە نێوان كۆتایی ساڵی 2020 بۆ 2023 ئەوا هەر تاكێك بە ڕێژەی نزیكەی 40٪؜ داهاتی كەمیكردووە، ئەگەر دۆلارێك بە 1200 دینار هەژمار بكەین.

کا‎ریگەرییەكان:
راستەخۆ: بەهۆی ئەوەی مووچەی كەرتی گشتی و بەشێكی زۆر لە كەرتی تایبەت و رۆژانەی دەستی كار بە دینار دەدرێت، واتا بە گشتی ئەو كەسانەی كە مووچەی جێگیریان هەیە زەرەرمەندی یەكەمن لە گرانبوونی بەهای دۆلار. لە لایەك ئەگەر بیانەوێ دۆلار بكڕن و لە لایەكی تر بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و پێداویستییەكان لە بازاڕ، چونكە هەم بەهای كاڵا و هەمیش هاوردەكردنیان بەدۆلارە.

ناڕاستەوخۆ: ئەوانەی مووچەیان بە دۆلارە، لە ناجێگیری و گرانبوونی بەهای دۆلار ئیستغلالی بازاڕ روودەدات، بەمەش نرخی پێداویستییەكان ناسروشتی زیادەیان دەخرێتەسەر بە هۆی نەبوونی كۆنتڕۆڵی نرخ (ضوابط الاسعار و حماية حقوق المستهلك). واتا كاریگەری لەسەر ئەو كەسانەش دەكات كە مووچەیان بە دۆلارە.

با‎زرگانان (فرۆشیارەكان): ئەوانیش بەشێك لەو كاریگەریانەیان بەردەكەوێت بە هۆی ئەوەی هێزی فرۆشتن و كڕین كەمیكردووە لەبەرئەوەی بەكارهێنەر داهاتی كەمیكردوور و هەوڵ دەدا داهات زیاتر گلبداتەوە ’ئەگەر بەش بكات’. واتا بەهای دۆلار كاریگەریی كردۆتەوە سەر جوڵەی بازاڕ و خواست كەمبۆتەوە.

تەنها بە هۆی گرانبوونی ئەم دواییەی نرخی دۆلار ڕێژەی 7.5٪؜ لە دانیشتوانی عیراق دووچاری هەژاری بوون سەرەڕای دۆخی خراپی گشتی و قەیرانەكان و كێشە سیاسییەكان. لە كاتێكدا سەرەتای گرانبوونی بەهای دۆلار بە ئامانجی ئەوەبوو یەدەگی نەختینەی دۆلار لە 40 ملیارەوە بگات بە سەروو 60 ملیار دۆلار و كورتهێنان لە بودجەدا روونەدات، كەچی لە ئێستادا یەدەگی نەختینەی دۆلاری لە 100 ملیار تێپەڕاندووە و یەدەگی ئاڵتوون نزیكی 140 تۆن دەبێت كەچی بەهای دۆلار هەر لە بەرزبوونەوەدایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان