نەوت بۆ نەوەكان

09:58 - 2023-02-19
ئابووری
804 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید


نەبوونی دەرچەی ئاوی، یەكێكە لەو خاڵە نەرێنیانەی وایكردووە کە هەرێمی كوردستان دەستكراوە نەبێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ سەرچاوەی وزەكەیدا، لە بەرامبەردا جۆرێك لە ململانێی هەرێمیی بۆ دروستكردووین، كە دەبێت هاوسەنگی رابگرین لەنێوان خواستی عیراق و توركیا و ئێراندا، چونكە ئەم سێ دەوڵەتە هەرسێكیان پێكەوە هەرچەندە ناكۆك بن، لەسەر دروستنەبوونی ئابووریی سەربەخۆی كورد كۆكن.
راستییەكی حاشاهەڵنگرە، بە بێ بوونی ئابووری سەربەخۆ ئەستەمە بیر لە سەربەخۆیی سیاسی بكەینەوە، بەڵام پرسیارەكە لەوەدایە: سیاسەت دەهێڵێت ئابووری سەربەخۆ بێت؟ ئابووری و سیاسەت دوانەیەكی گرێدراون و پێكەوە تەریبن، ئابووری لە پێناو سیاسەتدایە و سیاسەتیش ئابووری دەپارێزێت، بۆیە مەحاڵە پێمان وابێت سەربەخۆیی ئابووری پێش سەربەخۆیی سیاسی دەستەبەر دەبێت، بەتایبەتی بۆ هەڵكەوتەی هەرێمی كوردستان، كە لە رووی جیۆپۆلەتیكەوە لە دوورگەیەكی دوورەدەست دەچێت، هیچ دەرچەیەك نییە بیگەیەنێت بە دنیای دەرەوە، تاوەكو بە پێی پێویست سوود لە سەرچاوەی وزەكەی وەربگرێت.
نەوت لە ژێر زەویدا نە دەفەوتێت و نە بەسەردەچێت، نە تێكدەچێت و نە ون دەبێت، كاتێك هەڵپەی دەرهێنانی نەوت دەكەین، سبەی دەكەوینە بەردەم بەرپرسیارێتی مێژوویی، كە دەكرێت زیرەكانەتر بڕیاری لەسەر بدەین، سەرچاوەی وزەكەمان لەژێر زەویدا بێت هیچ زیانێكی نییە، بەڵام بە دەرهێنانی دەرگای ململانێمان لەخۆمان كردۆتەوە، هەر لە كێشەی بەغدا و ناڕوونی گرێبەستەكان و پرسیار و گومانی هاووڵاتیانەوە بۆ بەرپرسیارێتی مێژوویی بەرامبەر بە نەوەكانی داهاتوو، كە دەكرێت بۆ ئەوان دەرفەتی لەبارتر و گونجاوتر هەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم سامانە سروشتییەدا.
كاتێك راسپێردراین بۆ كەرتی وزە، لە سەرەتاوە هەوڵمان دا سیاسەتی وزە بە ئاقاری بونیادنانی ژێرخانی پیشەسازیدا بەرین، زەمەنی كاركردنی ئێمە لە كارگەی چیمەنتۆ لە سەردەمی قەیران و ئابڵوقەی ئابووریدا بوو، كاتێك هەرێمی كوردستان بە برینە بێشومارەكانی شۆڕشەوە هاتە سەر نیشتمانێكی داڕووخاو، كارگە و كارخانەی لەكاركەوتوو، بۆ كاركردن دەبوو پارچەی سیكراب و فڕێدراوی ساڵانی پەنجاكان بەكاربهێنین، بەو شێوەیە و دواتر پاڵپشت بە دەرهێنانی نەوت لە كێڵگەی شیواشۆك، سەرچاوەی سوتەمەنی بۆ كارگەكانی چیمەنتۆ دابین كرا و ئەوانیش بوون بە سەرچاوەی دارایی بۆ حكومەت.
ئەمەی سەرەوە گوڵبژێرێك بوو لە راو بۆچوونەكانی پەروین بابەكر، كە لە دوو توێی كتێبێكی قەبارە مامناوەنددا بە ناونیشانی (نەوت بۆ نەوەكان)، لەلایەن كوردستانی نوێ-وە چاپ و بڵاو كراوەتەوە و 169 لاپەڕەی لەخۆگرتووە.
كتێبەكە كۆمەڵێك دیداری رۆژنامەوانییە كە گۆڤار و رۆژنامە و ئاژانسە جیهانی و ناوخۆییەكان لەگەڵ خاتو پەروین-دا سازیان كردووە، لەوانە: گۆڤاری ناشناڵ جیۆگرافیك، لە مانگی یەكی 2006دا دیداری لەگەڵدا سازكردووە، گۆڤاری میدڵ ئێست لە مانگی نۆی 2012دا دیدارەكەی لەگەڵدا سازكردووە، ئاژانسی ئەنادۆڵ 11/12/2013 دیداری لەگەڵدا سازكردووە، رۆژنامەی كوردستانی نوێ رۆژی  5/2/2014 دیداری لەگەڵدا سازكردووە، هەر رۆژنامەی كوردستانی نوێ لە رۆژی 29/2/2016دا دیدارێكی دیكەی لەگەڵدا سازكردووە.
بەڵام بەرلە دیدارەكان خاتوو پەروین بابەكر لە پێشەكییەكی تێروتەسەلدا زۆر بە وردی باس لە چەند بابەتێكی گرنگی پەیوەست بە نەوتەوە دەكات، وەك: كورد و مێژووی نەوت، نەوت و جیۆپۆلەتیك، نەوت و پیشەسازیی پترۆكیمیایی، سیاسەتی نەوت و غاز، نەوت بۆ نەوەكان، كە ناونیشانی كتێبەكەشە، پڕۆژەی نیشتمانیی درێژخایەن، سیستمی بەڕێوەبردن، ئاسایشی خۆراك و لە نیقمەتەوە بۆ نیعمەت.
هەر لە پێشەكییەكەدا خاتوو پەروین باس لە رۆڵی گرنگ و بەرچاوی سەرۆك مام جەلال دەكات، كە چۆن بە سیاسەتی گەشبینانە و حەكیمانە باوەڕی بە تواناكانی كادری خۆماڵی هەبووە و هەر زوو پێشبینی ئەوەی كردووە كە دەتوانین بە دەستی خۆمان نەوتی خۆمان دەربهێنین، لە كاتێكدا زۆر كەس ئەوەی بەلاوە خەونێكی مەحاڵ بووە.
گرنگی ئەم كتێبە لەوەدایە كە سەرچاوەیەكی بەنرخە بۆ توێژەر و لێكۆڵەرانی رۆژانی داهاتوو، چونكە زانیاری ورد و پڕ بەهای تێدایە لەسەر ئەزموونی حوكمڕانی كورد و شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ دۆسێی نەوت و كێشەكانی پەیوەست بەو بوارە، هەروەها لەو رووەشەوە زۆر گرنگە كە ئەزموونی كاری دەسەڵاتی كوردی ستافی وەزارەتەكانی زۆر بە جوانی تۆمار كردووە، كە دەبێتە مێژوویەك و نەوەكانی داهاتوو لە رێگەی ئەم جۆرە كتێبانەوە لەوە تێدەگەن كە ئێمە لە كوێوە دەستمان پێكردووە و چیمان كردووە و چەندە ماندوو بووین، ئەوە بۆ نەوەكان دەخاتە روو كە چۆن بەرگەی ئەو هەموو گوشارەی وڵاتە هەرێمییەكانمان گرتووە و سەرەنجام كۆڵمان نەداوە تا گەیشتووین بەم ئاستەی ئەمڕۆ.

ناوی كتێب: نەوت بۆ نەوەكان
ژانر: دیداری رۆژنامەوانی
بابەت: وزە و پیشەسازی
نووسەر: پەروین بابەكر ئاغا
دیزاین: شۆڕش ئەحمەد
فۆتۆی بەرگ: خەسرەو حەمە كەریم
نۆبەتی چاپ: چاپی یەكەم
چاپ: چاپخانەی كارۆ
تیراژ: 1000 دانە
لە بڵاوكراوەكانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ
لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانەكان ژمارەی سپاردنی (1864)ی ساڵی (2022)ی پێدراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان