كەی دەستبەرداری كەلتورە سەقەتەكە دەبن؟

10:43 - 2023-02-27
ڕاپۆرت
659 جار خوێندراوەتەوە

ئەمساڵ پارتی بە رەسمی و لە راگەیاندنەوە، یادێكی چڕوپڕی تەقینەوەی زاخۆی كردەوە. بۆ نەوەی ئەمڕۆی خەڵكی زاخۆ و كوردستان، کە رەنگە یادەوەرییان لەسەر کارەساتی زاخۆ نەبێ وا باسێکی دەکەین تەقینەوەكەی زاخۆ  ئەو كارەساتە گەورەیە بوو، كە 28 ساڵ پێش ئەمڕۆ لە گەرمەی دۆخی شەڕی ناوخۆدا، لەناو جەرگەی باژێڕی زاخۆدا کراو كارەساتێكی گەورەی مرۆیی لێكەوتەوە، كە نزیكەی 100 كەس تێیدا شەهید و بریندار بوون  و تەلەفێکی مادی و گیانی زۆری لێ کەوتەوە.

ئەوسا، واتە ساڵی 1995 دادگای قەرەقوشی و كۆنترۆڵكراوی پارتی لە بادینان ئەم تاوانە نا مرۆڤانەیەی خستەئەستۆی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی و سەرۆكی ئەوێ دەمەی حكومەتی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان، بەبێ هیچ بەڵگە و لە چوارچێوەی بوختانەكانی ماکینەی پڕوپاگەندەی پارتی لە شەڕی ناوخۆدا، شتێك هاوشێوەی بوختانەكانی دوێنێی نزیک، كە بۆ رەوان شاد  نەوشیروان مستەفای كرد گوایە پیلانی دژی کونسڵخانەکان داناوە،  هاوشێوەی ئەوەی ئێستا بۆ كەیسی شەهیدكردنی شەهید هاوكار جاف دروستی دەکات و تۆمەتە و  بۆ گیانی سەركردەكانی یەكێتی دەیدورێتەوە.

ئەم فایلە تۆزلێنیشتوو و نوستووەی دادگای زاخۆ، دوای خیانەتی 31ی ئابی 1996 لە پەرلەمانە یەكڕەنگ و رەنگزەردەکەی  ئەو سەردەمەدا، تەسدیقیان كرد و مۆری شەرمەزاری تەشریعی پینەیان لێدا.

بەڕاستی کەس لە ئێمە موعجەبی هیچ بەشێک لە سیاسەتی پارتی نین، تەنها موعجەبی ئەو سودفە و بەروار و رێكەوتانەین، كە لە هەندێك بواردا روودەدەن، ئەوەتا وەفدی رەسمیی پارتی بە سەرۆكایەتی پشتیوان سادق وەزیری جاران و  بەرپرسی ئێستای رێکخستنی پارتی چووەتە زاخۆ بۆ سەر مەزاری  شەهیدانی زاخۆ، هاوكات لەگەڵ ئەوەدا میدیای سێبەر و سۆشیال میدیای بەڕوبەحری پارتی حەملەی نەزۆكی سەدبارە بۆوەی دەستپێكردووە دژی کاک کۆسرەت گوایە ئەمڕۆ یادی تەقینەوەی دەستچنی زاخۆیە.

یانی بە رەسمی هەر  فاتیحا دەخوێنن و بە سێبەر و میلیشیای پەیج و پەناکان فەرتەنەیان ناوەتەوە.
 هەر نەیسە پێمانخۆشە وەزیری پارتی كاری باشی لەدەستبێت و سەردانی گۆڕی شەهیدانی تەقینەوەكەی زاخۆ بکات  و تاجەگوڵینە لەسەر گڵكۆیان دابنێت و خەڵكی ئەو دەڤەرەیان  كەوتبێتەوە بیر، بەڵام مەعلومی لای هەموو كەسێكە بۆ ئەم چەپكەگوڵە رەسمی و ئاشكرایە تێكەڵ بە سۆشیال میدیا و پەیجە بێ دایك و باوكەكانی پارتی دەكرێت. ئەم تەوقیتە بێ مەبەست و بێ مەڵامەت نییە.

مەبەستیان بوختان هەڵبەستنە بۆ كاك كۆسرەت، كاك كۆسرەتێك كە بەو هەموو مێژووە شەرەفمەندانەیەی ناو یەكێتی و شۆڕشی نوێی گەلەكەمان، لەنەبەردی رزگارکردنی سەری رەش و راپەڕینی رزگاری پایتەختی کوردستان، بەو هەموو خزمەتەی لە كابینەی دووەم و سێیەمی حكومەتی یەکگرتووی هەرێمی كوردستان پێشكەشی كۆمەڵانی خەڵكی كرد، بەو هەموو رۆڵە ئاشتیخوازانەیەی لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا گێڕای، كاك كۆسرەتێك كە بە ئیستیحقاقی خەبات  و ئینجا رێكەوتننامەی ستراتیژی نێوان یەكێتی و پارتی دوو خول جێگری سەرۆكی هەرێم بوو، بە نوێنەرایەتی یەكێتی بەشداری شانازی راپرسی كوردستانی كرد، لەسەرئەوەش دادگای رەسافەی عیراقی وەك چاولێكردنەوەیەك بۆ دادگای زاخۆ دۆسێی تەنها و تەنها بۆ كاك كۆسرەت كردەوە. ئەو كاك كۆسرەتە بە ناحەق دەكەنە ئامانجی پەلاماردانی سایتە سێبەر و پەیجە پاتاڵەكانی سۆشیال میدیای پارتی.

ئەرێ زەحمەت نەبێت، ئەگەر حورمەتی دادگا و دابو دەستووری یاسای خۆتان دەگرن، خێرە كاك كۆسرەت کە ئەو هەموو ساڵە جێگری سەرۆكی هەرێم بوو، بۆچی ئەو دۆسیێیەتان نەجووڵاند؟ خێرە كاروباری حكومەتە پەككەوتووەكەتان بەمجۆرە سیناریۆیانە پەردەپۆش دەكەن؟ 

راستییەکەی خەڵك دەزانێت تای گیراوەكانی بادینان و بەدەنگەوەهاتنی یەكێتی و چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی لە دژی ئەم زوڵمەتان گرتوونی و ئێستا تەڕو وشك پێكەوە دەسووتێنن.

ئێمە نازانین كەی دەستبەرداری ئەم كەلتورە سەقەتە دەبن؟ بەس ئێمە دەزانین و مەعلومە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  و بزوتنەوەی سیاسیی کوردستانیش خەباتی دیموكراتی و ئازادیخوازی  خۆیان لەسەر  هاشوهوشی رەسمی و ناڕەسمی سوپای سۆشیال میدیای پارتی پەكناخەن.
 
بە هەمان رۆحیەتی تێكۆشانی یەكێتیانە، كە جەنابی سەرۆك مام جەلال دەیوت "گورگمان دی و نەترساین"، درێژە بە كاروانی بەرەنگاریی جیاكاری و بوختانكاری دەدەین، چونكە جگە لە یادی كارەساتی زاخۆ، روومان لە یادی راپەڕینی ئازادیی كوردستانیشە، بەو رۆحیەتەوە خەباتی ئازادیخوازی لەسەر بوختان پەكناخەین.

سڵاو لە رۆحی شەهیدانی تەقینەوەكەی زاخۆ، 
نەفرەت لە بکەرە راستەقینەکانی تەقینەوەکەی زاخۆ.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان