״ژنانی عیراق لە سەختترین قۆناغەكاندا جێدەستیان دیارە״

09:41 - 2023-02-28
عیراق
263 جار خوێندراوەتەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەم، لە بەغدا لەگەڵ ژمارەیەك لە ژنانی نووسەر و چالاكوانی عیراقی لە بوارەكانی مافەكانی ژنان، منداڵان، كۆمەڵگە و بواری دیكەی جۆراوجۆر كۆبۆوە و ستایشی رۆڵی ژنانی عیراقی كرد كە لە سەختترین قۆناغەكان و ئاڵۆزترین قەیرانەكاندا جێدەستیان لە چارەسەركردنی كێشەكاندا دیارە.
لە دیدارێكدا، خانمی یەكەم، گوێی لە بیروڕای ئامادەبووان گرت، كە ئاماژەیان بە مافی مرۆڤ، خێزان، رێكخراوەكانی ژنان، هەوڵەكان بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری و چەندین دیاردەی نەرێنیی كۆمەڵایەتی بەتایبەتی لەسەر ژنان، هەروەها ئاستەنگەكانی بەردەم نووسەران، كرد و رایانگەیاند: ئەو دیاردە و كێشانە زیان بە نەوەكانی وڵات دەگەیەنێت، كە بە پێچەوانەوە دەبێت رێگەیەكی شیاوی كۆكەرەوەی فیكری، كەلتوری و زانستییان پێ پیشانبدرێت.
لای خۆیەوە، خاتوو شاناز، جەختی لە پێویستیی هەوڵێكی گشتگیر كردەوە كە پاڵپشتی دامەزراوەیی بێت بۆ داهێنەری عیراقی، تا بتوانن بە هۆشیارییەوە بەرهەمە ئەدەبی، كەلتوری و هونەرییەكان جێبەجێبكەن و ئاستەنگەكان تێپەڕێنرێن. لەو چوارچێوەیەشدا باسی لە ئەزموونی تایبەتی خۆی كرد لەگەڵ خاتوو هێرۆ و ژمارەیەك ژن، كە باوەڕیان بە كاری مرۆیی بەكۆمەڵ هەیە و چۆن توانیویانە بەرژەوەندیی منداڵان بۆ لایەنی پەروەردەیی و راوێژكاری رابكێشن و بیگۆڕن، كە لەسایەی ئەو هەوڵانەدا ساڵانێكە لە رێگەی سەنتەرێكی گەورەی 14 بەشییەوە خزمەت بە منداڵان و گەنجان دەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان