قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، رایگەیاند؛ نابێت لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوابکەوێت و پێویستە ئامادەکاری بۆ بکرێت بەشێوازێک کە بێگەرد بێت و مافی هەموو پێکهاتەکان لەبەرچاو بگیرێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ 2/28 لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر، لەگەڵ مەمەد مەولود یاکوت، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کۆبۆوە و پێکەوە باسی دواگۆڕانکارییە سیاسییەکانیان کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی پرسە و سەرەخۆشی لە کونسوڵی تورکیا کرد بەبۆنەی کارەساتی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە کە چەند شارێکی ئەو وڵاتەی گرتەوە، دواتر پێکەوە باسی پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدایان کرد.
سەبارەت بە رەوشی ناوخۆی هەرێم، جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەدا کە شاراوە نییە کێشەی سیاسی هەیە و کاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر رەوشی هەرێمی کوردستان بەگشتی. بۆ پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دا لە نێوان تیمی هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی، کە لەسەر پێشنیاز و دەستپێشخەری سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کراوە.
وتیشی: نابێت لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوابکەوێت و پێویستە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد بکرێت و مافی هەموو پێکهاتەکانیش لەبەرچاو بگیرێت.