راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان ساڵ دابەش دەبێت بەسەر چوار وەرزدا، بەهار، هاوین، پایز و زستان، بە گشتی کەشوهەوا لە عیراق و هەرێمی کوردستانیش بەو شێوەیەیە، چوار وەرزە و هەر وەرزە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان هەیە و وادەکات پێویستییە سەرەکییەکان بەپێی وەرزەکان بگۆڕێت.
لە شاری کەرکوک کەشوهەوا زیاتر یان هاوینێکی وشک و گەرمە یان زستانێکی سارد و وشک ئەوەش راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە لەبەرئەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ هاووڵاتیان فەراهەم نەکراوە و بە ئاسانی نایەنە دەست، زۆربەی هاووڵاتیان بۆ ئەوەی بتوانن ژیانێکی سادەیان هەبێت دەبێت خۆیان پێداویستییەکان دابین بکەن و خۆیان لەگەڵ نەبوون و کەمی خزمەتگوزارییەکان رابهێنن.
کەشوهەوا گۆڕاوە
عومەر محەمەد تەمەن 60 ساڵ، دانیشتووی گەڕەكی موسەڵڵای شاری كەركوك باس لە دۆخی کەشوهەوای ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو دەکات و دەڵێت، ئەوكاتە ژینگە زۆر پاك و پوختە بوو زۆر بە جوانی هەستمان بە چوار وەرزەكەی ساڵ دەكرد و گەرماو سەرما چێژی تایبەتی خۆیان هەبوو، بەڵام لە دوای زۆربوونی رێژەی خەڵك و زۆربوونی دوكەڵی ئۆتۆمبێل و ئاپۆرەی ناوشار كەشی ئاو و هەوا بە رێژەیەكی زۆر گۆڕاوە، ئێستا تەنیا هەست بە دوو وەرز دەكەین ئەویش گەرمایەکی تاقەت پڕوکێن و سەرمایەکی وشک.
وتیشی، ئەوە لە کاتێکدایە هۆکارەکانی ساردکەرەوە و گەرم کەرەوە بەپێی پێویست نییە، نەبوونی کارەبا بەپێی پێویست لە هەردوو وەرزەکەدا هەروەها کەمی نەوت و گاز بۆ خۆگەرمکردنەوە ئەوەندی تر ئارەزووی ژیانی تێکداوە و بووەتە بارگرانی بەسەر هاووڵاتیانەوە.
هاوین ئەرکی کەمترە
هەرێم عەلی تەمەنی 30 ساڵە و بەگشتی حەزی لە وەرزی هاوینە و وتی، زیاتر ئارەزووی وەرزی هاوین دەكەم هەرچەندە گەرماكەی كەركوك تاقەت پڕوکێنە، بەڵام لەبەرئەوەی خەرجی کەمترە و دوورین لە نەخۆشی وەرزی و راکردن بەدوای دابینکردنی سووتەمەنی ئاسانتر بەڕێوەدەچێت، بۆیە پێم باشترە لە وەرزی زستان و سەرما.
وتیشی، هەرچەندە هاوینیش کەموکوڕی و گرفتی خۆی هەیە نەبوونی کارەبا بۆ خۆفێنک کردنەوە و کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە لە هەندێک ناوچەی شارەکە ئاستەنگ دروست دەکات، بەڵام هێشتا ئاسانتر تێدەپەڕێت لە وەرزی زستان.
باسی لەوەشكرد، باب و باپیرانمان وەک ئێستا هۆکارەکانی فێنک کەرەوەشیان نەبووە و هاوینیشیان تێپەڕاندووە بەهۆی ئەوەی ژمارەی کارگە و ئۆتۆمبێل کەمتر بووە و ژینگە پاکتر بووە و بەو رادەیەی ئێستا گەرم نەبووە.
هاوین تۆز و زستانیش قوڕ
نەشمیل مەحمود ژنی ماڵەوە وتی، هەرچەندە هەر وەرزێکی ساڵ تایبەتمەندی و خۆشی خۆی هەیە، بەڵام ژیان ئەوەندە قورس بووە هیچ چێژیان لێ نەبینین و هەر وەرزێک را بکەین بەدوای پڕکردنەوەی پێداویستییەکی ژیاندا، لە کەرکوک هەموو هاوینێک رادەکەین بەدوای ئاو و هۆکارەکانی خۆ فێنک کردنەوە، کارەبا بە موەلیدە و کارەبای نیشتمانیش وەک پێویست نییە کە دوو دڵ نەبین و بە ئیسراحەت دابنیشین، لە زستانیشدا هەر خەریکی راکەراکین بەدوای نەوت و غازدا.
وتیشی، کەمی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەولاوە بوەستێت، هاوین تۆز و خۆڵ و زستانیش قوڕ و چڵپاو ژیانی لێ تێکداوین، لە کاتێکدا ئەرکی حکومەت و لایەنی بەرپرسە ژیان و گوزەران بۆ هاووڵاتیەکانی ئاسان بکات وەک هەموو وڵاتێکی پێشکەوتوو خۆ ئێمە چیمان لەوان کەمترە و سامانێکی زۆری جۆراوجۆرمان هەیە.
سەرما و گەرما كاریگەرییان لەسەر مرۆڤ هەیە
تیشك حەمید توێژەری دەروونی وتی، لەپاڵ هەستە دەروونییەكانی تردا سەرما و گەرما رۆڵی كاریگەریان هەیە لەسەر ژیانی مرۆڤ، هەندێکجار دەبێتە هۆی دروستبوونی راڕایی و بڕیاردانی نادروست کە كاریگەری لەسەر پەیڕەو و پرۆگرامی ژیانی رۆژانە و هەندێکجار كاروبارەكانی دەوڵەتیش دەبێت.
وتیشی: بمانەوێت یان نا گەرماو سەرما کار لە دەروون و هەستی مرۆڤ دەکەن و ئەگەر کەشێکی لەبار بۆ مرۆڤ نەڕەخسێت ئەوا ناتوانێت خوێندن و ئیشكردن و هەڵسوكەوتی لەناو ماڵ و كۆمەڵگەدا بە دروستی جێبەجێ بکات.
باسی لەوەشكرد، لە عیراق حكومەتە یەك لە دوای یەكەكان لە بری ئەوەی بەپێی وەرزە جیاوازەکان پێداویستییە سەرەتایی و گرنگەکانی ژیان بۆ هاووڵاتیان دابین بکەن، بەردەوام بە نەبوونی و راکردن بەدوای پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکاندا هاووڵاتیانیان سەرقاڵکردووە.