خۆ گونجاندن لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی

08:16 - 2022-03-12
عیراق
313 جار خوێندراوەتەوە
دادگای فیدراڵی

لێدوانی بەرپرسان لە ئاڵۆزکردن و خاوکردنەوەی گرژییەکاندا رۆڵ دەبینێت، بەشێک لە بەرپرسان هەندێک لێدوان دەدەن لەجیاتی خاوکردنەوەی گرژییەکان، لایەنی بەرامبەر دەوروژێنن و زیاتر شێتگیری دەکەن، بەپێچەوانەشەوە هەندێک بەرپرس لە دۆخی زۆر ئاڵۆز و ناجێگیردا بە لێدوانێکی دیپلۆماسییانە نیگەرانیش دەردەبڕن، بەڵام گرێکوێرەکان شل دەکەنەوە ئاڵۆزییەکان خاودەکەنەوە.
هەندێک بەرپرس بەبێ شارەزایی ئەوتۆ لە دەستوور و یاسا بەناو دەکەون و لێدوانی زۆر لە قەبارەی خۆیان گەورەتر دەدەن و باجی ئەو لێدوانانەش دەکەوێتە سەر شان و قووتی هاووڵاتیان.
ناکرێت بەشێوەی گوڵبژێر هەڵسوکەوت لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدا بکرێت، چونکە هەموو شارەزایانی دەستوور و یاسا و تەنانەت بەشێک لە سەرکردە سیاسییە باڵاکانیش ئەو راستییە دەزانن کە بڕیارەکانی دادگای فیدرالی بۆ هەموو لایەک یەکلاکەرەوەیە و تانەی لێ ناگیرێت، ئیدی هیچ پێویست بە هەڵڵای میدیایی ناکات.
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە بابەتی نەوت و غازدا بە دڵی سەرۆکایەتییەکانی هەرێم نەبوو، چونکە دەسەڵاتەکانی لە سێکتەری نەوت و وزەدا ناهێڵێت، بەڵام بەشێک لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە راشکاوانە دەڵێن بڕیارەکەی دادگا سیاسییە و جێبەجێی ناکەین، لە کاتێکدا بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن: «نیگەرانین لە بڕیارەکەی دادگا بەو پێیەی رەچاوی بەرژەوەندیی و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی نەکردووە، بەڵام هیواخوازین بڕیارەکەی دادگا ببێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو کێشە هەڵواسراوانەی بواری مووچە و بودجە لە نێوان هەرێم و بەغدادا»، واتا ی.ن.ک لەوە تێگەیشتووە بڕیارەکەی دادگا یەکلاکەرەوەیە و بواری تانە لێدانی تێدا نییە، بەڵام دەشێت لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگاوە گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا دەستپێبکات بۆ چارەسەری یەکجاریی گرێکوێرەی بودجە و مووچەی هەرێم تا مووچەخۆرانی کوردستانیش لە دڵەڕاوکێی ناردن و نەناردنی بودجە رزگاریان ببێت و هاووڵاتیانی عیراقیش چیتر بەوە دەسخەڕۆ نەکرێن کە گوایە نەبوونی خزمەتگوزارییەکان لە باشوور و ناوەڕاستی عیراق پەیوەستە بەوەی هەرێم نەوتەکەی سەربەخۆ دەفرۆشێت.
هاووڵاتیانی هەرێم وەڵامی ئەوەیان دەوێت کە ئایا لەم بەرزبوونەوە چاوەڕوان نەکراوەی نەوتدا بۆچی دۆخی دارایی هەرێم باش نابێت؟ ئەی ئاخۆ دۆخی دارایی باشتر نابێت نەوت لەڕێی سۆمۆوە هەناردە بکرێت؟ ئیتر پێناچێت مووچەخۆران گوێ لە وەڵام و وەڵامکاریی نێوان بەرپرسانی بەغدا و هەرێم بگرن، تەنها وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوەیان دەوێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان