هەڵمەتی چاندنی یەك ملیۆن نەمام گەیشتە ناحیەی خدران

02:51 - 2023-03-06
ڕاپۆرت
339 جار خوێندراوەتەوە

لەچوارچێوەی هەڵمەتی نیشتمانی چاندنی یەك ملیۆن نەمام و سەوزكردنی كوردستان لەسەر راسپاردە و بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ هەڵمەتەكە گەیشتە ناحیەی خدران-ی سەر بە قەزای دوكان.
حسێن حەمەكەریم، نوێنەری نووسینگەی سەرۆك بافڵ لە لێدوانێكدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  PUKMEDIA  رایگەیاند، دەستی سەوزكردن گەیشتۆتە ناحیەی خدران وەك ناوچەیەكی گرنگ لەڕوی سیاسی و ئابوورییەوە، پڕۆژەی چاندنی یەك ملیۆن نەمام بەردەوامە.
وتیشی، سەوزكردنی ژینگە بەلای یەكێتییەوە گرنگی تایبەتی هەیە و سەرۆك مام جەلالیش بایەخی زۆری پێداوە، راگەیاندنی هەڵمەتی چاندنی یەك ملیۆن نەمام لە  لایەن سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی-شەوە پلانێكی دیكەی یەكێتییە بۆ ژینگەیەكی تەندروست.
هاوکات، هاوكار جەلال،  بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  PUKMEDIA رایگەیاند،  لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئاشتكردنەوەی سلێمانی و سەوزكردنی كوردستاندا، هەڵمەتی نیشتمانی چاندنی یەك ملیۆن نەمام لەسەر بڕیار و راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوامە. 
ئەوەشی راگەیاند، پڕۆژەكە گەیشتۆتە سنووری ناحیەی خدران و لە پڕۆژەی دارستانی خدران سەر بەبەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی، هەڵمەتی نەمام رواندن بەڕێوەدەچێت. 
رۆژی 28-12-2022، حسێن حەمەكەریم، نوێنەری نووسینگەی سەرۆك بافڵ و هاوكار جەلال بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دارستانی ئەزمەڕ هەڵمەتی رواندنی یەك ملیۆن نەمامیان لەسەر بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیاند و ئاماژەیان بەوە دا، كە هەڵمەتەكە بەشێكە لە پڕۆسەی ئاشتكردنەوەی سلێمانی و رواندنی یەك ملیۆن نەمام هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان دەگرێتەوە، كە هاوكاتە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا لە جیهاندا.
پێشتریش بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیدا بەڵێنی روواندنی یەك ملیۆن نەمامی داو رایگەیاند، سروشتی جوانی كوردستان و ژینگەمان لەیاد نەكردووە و دەمەوێت لێرەوە بۆ هەموولایەكی رابگەیەنم لە ئەمڕۆوە تاوەكو یادێكی تری دامەزراندنی یەكێتی، یەك ملیۆن نەمام لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دەچێنین و سەوزكردنی كوردستانمان لە ئەستۆ دەگرین.

##ئاشتکردنەوەی_سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان