سۆفیستاییەكان ‌و گەڕان بە دوای سوكراتدا

10:49 - 2023-03-07
کەلتور
289 جار خوێندراوەتەوە

د. صلاح عثمان
و: ئیسماعیل كوردە

هەرچەند پێگەی شوێن‌ و زەمەنی جیاواز بێت، هەروەها كەلتوور و ئایین ‌و زمان‌ و دابوونەریتەكانیش جیابن، سروشتی مرۆڤایەتی هەر یەك شتە. رووداو و رۆژگارەكانی مرۆڤ وێكدەچن‌ و پڕن لە رووداوی مێژوویی تێكەڵ بە حەز و بیرۆكە و كرداری رابردوو، بە ئامانجی ئەوەی ئێستا بە هەموو بژاردەكانییەوە بۆ ئایندە بگوازێتەوە! ئەگەر بشمانەوێت باسێكی دۆخی ئێستای جیهانی عەرەبی بكەین، دەبێ بۆ فیكری یۆنانی كۆن بگەڕێینەوە، بەتایبەت ئەو ماوەیەی سۆفیستاییەكانی تێدا بەدەركەوتوون. «بێگومان لێرەدا پێوانەكردنەكە بە پێی جیاكردنەوەی رەهەندی شارستانی هەردوو دۆخەكە دەبێت».
بیری یۆنانی كۆن
عەقڵی یۆنانی ئەو كات، گەیشتبووە قۆناغێكی گومانكردن، پێشتر ئەو دۆخەی بەخۆوە نەدیبوو: گومانكردن لەو فەلسەفەیەی نەیدەتوانی بەشێوەیەكی سەركەوتوو گوزارشت لە ناسۆری هاووڵاتیانی ئەسینا بكات‌ و شرۆڤەی گەردوون‌ و ژیان بكات. هەروەها گومانكردن لەو ئایینەی ببووە ئێختەیەك كە بۆ كەسانی بەرژەوەندییخواز‌ و ئەو قوتابیانەی پێگەی ساختەیان هەبوون. گومانكردن لەو زانستەی زانایان تێكەڵاوی ببوون، گومانكردن لەو ژیانە سیاسییەی پڕ لە شڵەژانی توند‌و ململانێ لەلایەك‌ و شۆڕشەكان لەلایەكی دیكە‌ و ئارەزووە كەسیەكان لە لای سێیەمیدا! هەروەها گومان لەو سیستمە كۆمەڵایەتیەش پەیدا ببوو، كە هیچ دادپەروەریی ‌و نرخ ‌و كەرامەت ‌و بەهایەكی تێدا نەمابوو، گومان لە هەموو شتێك هەبوو، تەنها سووربوون لەسەر سوودی تایبەت هەبوو، بەهەموو شێوەیەك هەوڵدان بۆ پەراوێزخستنی ئەویتر، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی قێزەونی كاتی‌ و ساختە و دووڕوویی لە بەرامبەر دەسەڵات‌ و پارە سەری هەڵدابوو، كەسانی خاوەن بیروبۆچوون‌ و رۆشنبیریش مایەپووچ بوون تێیدا...هتد. 
لەنێو ئەو گومانكردنەی تەواوی كۆمەڵگەی ئەسینایی گرتبووەوە، فەلسەفەی «سۆفیستاییەكان» وەك ئاوێنەیەكی راستگۆیانە بۆ ئەو ژیانە پڕ لە ئاژاوەیە بەدەركەوت، ژیانێك كە جگە لەسوودی خۆپەرستانەی تاكگەرا، دانی بەهیچ شتێك نەدەنا.
رابەرانی ئەو تەوژم‌ و رەوتە بە گوند‌ و شەقامەكاندا دەسووڕانەوەو تۆوی بەرژوەندییخوازیان بڵاودەكردەوە، خەڵكیان فێری ئەوە دەكرد چۆن راستی بە ناڕاستی بشارنەوە، چۆن گاڵتە بە عەقڵی تاكەكان بكەن‌ و لە هەموو بوارەكاندا بیانخەنە هەڵەوە، تا لە بواری سیاسەت‌ و دادوەریی و فێركردن‌ و پەرستاگاكان ‌و بازاڕەكان راستی بشارنەوە.
ئایا سوكراتێكی دیكە هەیە؟
بەدەر لەوەی ئەگەر سۆفیستایی فەلسەفەیەك بووبێت بۆ رووخاندن، یان بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ئەوەی رووخا بوو، كەسانێك هەبوون رووبەڕوویان دەبوونەوە و قسەیان دەكرد و فێركاربوون بۆ ئەوەی هەقپەرەستی لە دەمی بانگەشەكەران دەربهێنن‌ و ئەو ساختەگەرییە بە حیكمەت داپۆشراوە ئاشكرا بكەن، ئەو كەسەش سوكرات بوو، ئەو پیاوەی لەگەڵ فەلسەفەكەی ژیا لەجیاتی ئەوەی بینوسێتەوە، بە ناڕەواش بەتۆمەتی تێكدانی سەقامگیریی ‌و گەندەڵكردنی گەنجەكان حوكمدارو ژەهر خوارد كراو بەبێ دەنگی ‌و لەسەرخۆ مرد، بەڵام فەلسەفەكەی نەمرد! تا ئێستاش كاریگەری ئەو روحەی سوكرات بەسەر ئەسینا و جیهاندا ماوەتەوە كە دەڵێت: خۆت بناسە!
لە وڵاتی ئێمەشدا ئێستا سۆفیستاییەكان لە زیادبوون دان، لە لای راست ‌و چەپت، لە پێش‌ و پاشت دەیانبینی، بەدەورتەوەن‌ و عەقڵت دادەشۆرن، بەبێ ئەوەی هیچ تێڕوانینێكیان بۆ بونیادنان هەبێت، خەریكی رووخاندن. لە نیشتمانی پڕ باس‌و خواسدا رووت بەهەر لایەكدا وەردەگێڕیت، سۆفیستاییەك دەبینیت، هەڵە دەكات، نكۆڵی‌ و ساختەكاری دەكات‌ و راستی بە ناڕاستی دادەپۆشێت، سۆفیستاییەك دەبینیت لە پێشەوەی دیمەنەكەوەیە‌ و بەڵێن بە خەڵك دەدات، تەنها بەڵێنی بوغرایی بە خەڵك دەدات. ئەو كارەساتەش بەهۆی نەبوونی سوكرات ‌و دەستبەستن‌ و لە رێگەی بێومێدیەوە گەشە دەكات، ئایا بیری فەلسەفی عەرەبی لە ئێستادا هەست بەو قەیرانە دەكات كە بۆتە دیارەیەك‌ و لە نێوان خۆیی ‌و دەستكەوتی فەلسەفیانەدا هاموشۆ دەكات؟ كەواتە چۆن‌ و بە چ شێوەیەك پێویستە كوندەپەپووی مینرۆفا تەنها لە خۆرئاوا بووندا هەڵبفڕێت؟  لەكاتێكدا حیكمەت لە ساتە زۆر دەگمەنەكاندا نەبێت، نابینرێت؟ كێ ئەوەی لە دەست دێت تەماشای ئەو دۆخە بكات، تاوەكو قەیرانەكەمان تێبپەڕێنێت؟ ئایا سوكراتێكی دیكە هەیە بێتەوە، ئەگەر دواتریش بێت؟
سەرچاوە: سایتی بالعربیة‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان