لەیادی (32) ساڵەی راپەڕیندا

بیرەوەری رزگاركردنی كۆمەڵگەی بازیان

11:04 - 2023-03-07
کەلتور
541 جار خوێندراوەتەوە

عومەر ئیسماعیل مارف

ئەوێ‌ رۆژێ‌، ئێستگەی دەنگی گەلی كوردستان تاكە مینبەر و پەیكی ماندوونەناسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو بۆ گەیاندنی پەیام و بەرنامە و راسپاردەكانی حزب بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، ئەگەرچی هەر لەسەرەتای مانگی ئاداری ساڵی (1991ز)دا بە دەنگێكی زوڵاڵ و دلێرانە لەو بڵندگۆ نیشتمانییەوە، بانگەوازی زەماوەند لە رۆژی (7)ی مانگدا بە گوێی تەواوی كوردستانیان و بەتایبەت كوردانی بەشی باشور دەدرا، بەڵام هەر زوو شانە نهێنی و رێكخستنەكانی ناوشار و كۆمەڵگاكان، چەند رۆژێك پێشتر بە مۆراڵێكی بەرزەوە بە پیر بانگەوازەكەی سەركردایەتییەوە چوون و جاڕی راونانی سەرانی بەعس و دڕیان بە شەوەزەنگی تەم و تاریكی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی حكومەتدا.
لەم بارەیەوە حسێن حاجی خدر باوزێی، وەك یەكێك لە ڕێكخستنە نهێنیەكان و كەسایەتیەكی دیاری ناوچەكە، شایەدحاڵی راستەوخۆی بارودۆخ و رووداوەكانی رۆژی (6/3/1991ز)ە، بەمشێوەیە باس لەسەرەتای دەستپێكی راپەڕینی كۆمەڵگای بازیان دەكات:
ئەوكات لەگەڵ چەند خزمێكدا سەربازی داواكراوبووین، بە نهێنی چووین بۆ ناوچەی قەدەغەكراو و چەند رۆژێك لە ئەشكەوتی مێوێ‌ لە گوندی پیرانەڕەشانی پشدەر ماینەوە، كاتێك حكومەت لێبوردنی گشتی دەركرد، بڕیارماندا بگەڕێینەوە ماڵەوە. دوای ئەوەی هاتینە ناوشاری رانیە، سێ نامە لە سەركردایەتییەوە هاتبوو بۆ ماڵی كاك حاجی مەحمودی برام، داوایلێكردم لە گەڕانەوەمدا نامەكان بدەم بە كەسێك بەناوی (خدر بۆسكێنی)، فەرماندەی دەستەیەكی جاش بوو، بەڵام بە نهێنی پەیوەندی لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هەبوو، دوای بە جێگەیاندنی ئەركەكە، گەڕامەوە كۆمەڵگای بازیان.
هەتا شەو دەماینەوە
لەڕاستیدا ئەو رۆژانە بارودۆخ زۆر خراپ و مەترسیداربوو، بۆیە لەترسی گرتنمان دووبارە لەگەڵ مەحمود حاجی حەسەنی ئامۆزام هەموو رۆژێك كاتی بانگی بەیانی بەپێ‌ دەڕۆیشتین بۆ ئەشكەوتێك بە دیوی گوندی سوسێدا، هەتا شەو دەماینەوە، هەروەها لەگەڵ ئێمەشدا چەند كەسێكی دیكە دەهاتن بۆ هەمان شوێن. لەوكاتەدا رادیۆیەكی گچكەمان پێبوو، كاتێك رۆژی (5/3) لە ئێستگەی دەنگی گەلی كوردستان گوێمان لە بانگەوازی ئامادەكاری راپەڕین بوو، هەواڵیشمان پێگەیشت، لە رانیە راپەڕین دەستیپێكردووە، بۆیە ئێوارە بەپەلە گەڕاینەوە، دوای گەیشتنەوەمان بە ناو كۆمەڵگای بازیان، گەیشتینە سەرۆك جاشێك و پرسیاری دەنگوباسی لێكردین، منیش زۆر چاونەترسانە گوتم: دڵنیابە بەیانی زوو پشتیوان بە خواو هێزی پێشمەرگە و جەماوەر راپەڕین دەستپێدەكەین و سەرجەم دامودەزگاكانی حكومەتی بەعسی كوردكوژ رادەماڵین، ئەویش بەسەرسوڕمانەوە تكای كرد لە رۆژانی داهاتوودا گرەنتی پاراستنی ژیان و ماڵی لەلایەن هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ دەسەبەربكەین، بۆیە بەڵێنی سەلامەتی و دڵنیایمان پێدا.
هەمان شەو لەگەڵ هەریەكە لە ئەحمەدی برام، خدرقیتە، حاجی ئەحمەدەڕەش، محەمەدە سورەی برازام، (كە لەشاخەڕەشی شارباژێڕ سەربازبوو بەمۆڵەت گەڕابۆوە، بەڵام رێگەم نەدا بچێتەوە، گوتم: سبەی راپەڕین دەستپێدەكەین و كۆتایی بەدەسەڵاتی حكومەت دێت)، چووین بۆ ماڵی حاجی حەسەن ریشسپی و پیاوماقوڵی باوزێ‌، كۆبوونەوەیەكی نهێنیمان كرد و جاشەكانی خزمیشمان، كە سەر بەفەوجەكەی حسێن حەمەسورئاغا دەقناوەیی بوون، ئاگادارمان كردن و چەند كڵاشینكۆف و جۆرەچەكێكی دیكەیان پێداین. لە هەمان كاتدا هەواڵی ئازادكردنی خزمێكی دیكەمان بۆ هات بەناوی محەمەدەقیتە، ماوەیەك بوو بەهۆی پەیوەنی بەهێزی پێشمەرگەوە زیندانیكرابوو، چووین بۆلای ئەویش و بەرنامەی راپەڕین و پشتیوانی و ئامادەكاری هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانمان بۆ روونكردەوە و هەڵوێستمان یەكخست، پاشان چووم بۆلای كاك حەمەسوری یەكێكی دیكە لەخزمەكانمان، ئامادەكاری تەواومان كرد.
گەورە و گچكە و ژن و پیاو بەیەكەوە
رۆژی (6/3) كاتژمێر (8:00)ی بەیانی، وەك دەستپێك و ئاماژەیەك لە بەردەرگای ماڵی خۆمان بەدەمانچە چواردەخۆرەكەم چەند فیشەكێكم بەئاسماندا تەقاند، لە هەمان كاتدا هەموو خەڵكەكە لە ماڵەكانیان هاتنەدەرەوە، گەورە و گچكە و ژن و پیاو بەیەكەوە. ئەوەی لەیادمبێت لەناویاندا هەریەكە لە ئەحمەد پشدەری، كاك ئەحمەدی برام، محەمەدەقیتە، وسوو مارف، سەلام و كاوە خدرڕەش و محەمەدی كوڕم، هەروەها لەژنەكانیش زێڕین حاجی، مەلاژنەخانە، زێڕین هاوسەری حەمەسور، حاجی خاتون و هەمین پوربەڵكیسیش وەك گەنجەكان تاخم و مەخزەنی بەستبوو كڵاشینكۆفی بەشانەوە بوو. جگەلەوە، لە هاووڵاتیانی گوندی كانیتووش، هەریەكە لە شۆڕش و حەمەئەمین دەورێكی باش و بەرچاویان هەبوو، لەیەك كاتدا و بەیەكەوە پەلاماری بنكەی پۆلیسی بازیانماندا، دوای ماوەیەك بەرگری ئەفسەرێك بەناوی مولازم ئەحمەد، دەستمانبەسەر بنكەكەدا گرت و بەزوویی پاكمانكردەوە، دواتر رۆیشتین بۆ گوندی تەیناڵ، كە چەند بارەگاو دامودەزگایەكی بەعسی لێبوو، نزیك كاتژمێر (11:00) توانیمان دەستبەسەر بارەگاكانی ئەوێشدابگرین.
دوانیوڕۆ نزیكەی سی بۆ چل كەسی خەڵكی باوزێ‌، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە هەڵوێست و كاردانەوەی حسێن حەمەسور سەردانی بارەگای فەوجەكەمان كرد لە كۆمەڵگای باینجانی دوو، لەوكاتەدا هێزەكەی لەناومزگەوتێكدا كۆكردبۆوە و دەربارەی راپەڕین قسەی بۆ دەكردن، كە چاوی بەئێمە كەوت، (لەبەرئەوەی دایكی یەكێك لەهاوسەرەكانی باوزێی بوو، بۆیە بەئێمەی دەگوت خاڵە)، وتی: فەرمون خاڵەكانم چیتانكردووە؟ هەواڵمان پێدا كۆمەڵگای بازیان و تەیناڵمان رزگاركردووە، پرسیاری (2) سەرۆك جاشی هاوڕێی كرد، بەڵام بەداخەوە ئەوان چووبوونەوە ناو حكومەت. لە بەرامبەردا حسێن حەمەسور زۆر كوردانە و مەردانە بڕیاری هەموو پشتیوانی و هاوكاریەكیداو گوتی: هەتا ئێستا چەندین شەڕم بۆ حكومەتی عێراق كردووە، ئەم شەڕەش بۆ خاڵەكانی خۆم دەكەم.
ورەمان بەرزە و بڕیارمانداوە
دوای ئەوەی گەڕاینەوە بازیان، كاك ئەحمەدی برام و محەمەدە قیتە هەواڵیان پێدام، هێزەكانی حكومەت بەڕێگا گشتییەكەی كەركوك - سلێمانیدا هێرشی پێچەوانەیان دەستپێكردووە بۆسەر بازیان، بینیمان (3) ئیڤای سەربازی و لاندكرۆزەرێك و چەند تانكێك بوون، هەروەها (2) هێلیكۆپتەریش بەچڕی بۆردومانی رێگاكەیان دەكرد، هێزەكە بەبێ‌ وەستان بەرەو تەیناڵ پێشڕەوی دەكرد، بەوهۆیەوە زۆربەی دانیشتوانی بازیان لەترسی گرتن و كوشتن، بەپێ‌ ملیاننایە شاخەكەی پشتی گوندی كەڵاشكەران و لەماوەیەكی كەمدا چۆڵەوانی باڵی بەسەركۆمەڵگاكەدا كێشا. دوای ئەوەی لاندكرۆزەرەكە بەكۆمەڵێك چەكداری جاشەوە هات بۆ بازیان، لە ئاسمانیش كۆپتەرەكان بۆردومانیاندەكرد، لەوكاتە ناهەموارەدا ژنێكی بەتەمەن پرسیاریكرد ئاخۆ ئێمەی جەماوەری راپەڕیوو چیدەكەین؟ لەوەڵامدا وتمان: متمانەت پێمان هەبێت و شەڕێكی مامەڕیشانە دەكەین، كە بینی ورەمان بەرزە و بڕیارمانداوە ئازایانە رووبەڕووی هێزەكەی حكومەت ببینەوە، وتی: ئێوە خەڵكی كوێن؟ گوتمان هەموومان باوزێین، زۆر دڵخۆشبوو خۆی بەقوربانمانكرد. دوای ئەوەی لە ناحیەی بازیان چەند ئاڕپیجیەك گیرایە كۆپتەرەكان، هێزەكە بەرەو كەركوك گەڕایەوە، ئێمەش بە خێرایی گەیشتینە سەر رێگا گشتیەكەی نێوان كەركوك - سلێمانی و لەماوەی تەنها (10) خولەكداو بە بەردو دار رێگاكەمانگرت بۆئەوەی هێزی حكومەت نەتوانێت بەرەوشاری سلێمانی پێشڕەوی بكات.
لەكاتی ئێوارەدا، مریەم خان هاوسەری مەحمود عەبدوڵڵاقیتە داوایكردم بۆ ماڵەوە، چەند ساڵێك بوو بەیادگاری ئاڕپیجی كاك مەحمودی كۆچكردوی بە (4) گولەوە پاراستبوو، وەك شێرەژنێك دایەدەستمان، منیش سەلام خدرڕەشم راسپارد، وەك ئاماژەی سەركەوتن و پاككردنەوەی تەواوی كۆمەڵگای بازیان گولەیەك بەئاسماندا بتەقێنێت، كە هەواڵیشمان پێگەیشت هێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتیی نزیكبوون و چەكێكی زۆریان ناردوە، ئامادەكاریمانكرد بۆ رۆژی (7/3)، واتا زەماوەندە گەورەكە و رزگاركردنی شاری سلێمانی.

 

حسێن حاجی خدر باوزێی

بابەتە پەیوەندیدارەکان