نەجاح حەفیز: هەستم بە فەخر و شانازی کرد کاتێک بیستم مام جەلال بۆتە سەرۆکی عیراق

10:15 - 2023-03-08
هەمەرەنگ
216 جار خوێندراوەتەوە

 

نەجاح حەفیز هونەرمەندێکی سورییە لە ساڵی 1966 ەوە لە بواری نواندندا کاریکردووە و بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی درامای سوری دادەنرێت لە درامای «صح النوم» بە هەردوو بەشەکەیەوە بەناوبانگ بووە و ساڵی 2017 کۆچی دوایی کردووە، لە چاوپێکەوتنێکیدا ساڵی 2008 لەگەڵ سایتی «کوللیک» کردوێتی لە بەشێکیدا باسی سەرۆک مام جەلال دەکات کاتێک لە دیمەشق نیشتەجێبووە لە گەڕەکی المزرعه‌ لە هەمان ئەو بینایەی ئەم تێیدا ژیاوە دراوسێی بووە لەو بارەیەوە دەڵێت: بەڕێکەوت جەلال تاڵەبانی لە یەکێک لە بیناکانی ئێمەدا نیشتەجێبوو، زۆر دڵخۆشبووم بەوەی دراوسێی مام جەلال بووم، من لە نهۆمی سێیەم بووم ئەو لە نهۆمی حەوت نیشتەجێبوو.

نەجاح حەفیز

لە درێژەی قسەکانیدا باس لە کەسێتی مام جەلال دەکات کە چۆن درواسێیەک بووە و دەڵێت: کاتێک دراوسێمان بوو نەماندەزانی مرۆڤێکی شۆڕشگێڕە و لەپێناوی مەسەلەیەکدا خەبات دەکات، ئێمە لە سوریا ئەو وردەکارییانەمان دەربارەی دۆخی کورد و عەرەب و عیراق نەدەزانی، بەڵام ئەوەی لەبیرمە مام جەلال کەسێکی نەرمونیان و کۆمەڵایەتی و بەڕەوشت بوو، زۆربەی کات لە سەفەر بوو، بۆیە کاتی درەنگ درەنگ رێکەوتم دەکرد، وەکو سێبەرێکی جوان دەهات و چەند رۆژێکی بەسەردەبرد و زوو بە زوو جانتای سەفەری دەپێچایەوە و دەڕۆیشت بۆ وڵاتێکی دیکە.
نەجاح دەڵێت: مام جەلال دەستودڵی باش بوو، هەروەها رەوشت بەرز بوو، هەمیشە دەم بەپێکەنین و گاڵتەو گەپی دەکرد و نوکتە لەسەر زاری ئامادە بوو، هەرگیز هەستمان نەدەکرد لەنێو هاوڕێ سورییەکانیدا غەریب بێت، هەمیشە پارێزگاری لە پەیوەندییەکی باش دەکرد لەگەڵ هەمواندا و ئەجری درواسێیەتی دەزانی و چی پێویست بوایە بۆ بینایەکە بەشداری دەکرد، هەرچەندە زۆربەی کات لەوێ نەبوو، بۆیە دراوسێکان هەموو خۆشیان دەویست و رێزی خۆی لای هەموان بەدەستهێنابوو.
ئەو هونەرمەندە دواجار دەڵێت: هەستم بە فەخر و شانازی کرد کاتێک بیستم مام جەلال بۆتە سەرۆکی عیراق، لەبیرمە چ کەشێکی خۆشی و شادی ئەو گەڕەکەی داپۆشی و بەڕێوەبەری ئۆفیسی یەکێتيی نیشتمانيی کوردستان شیرینی لەو گەڕەکە دابەشکرد و لەسەر گۆرانییە کوردییەکان کە لە بارەگای حزبەوە دەنگی بەرزکرابۆوە و ئەوەندە لە شوقەکەی مام جەلالەوە دوور نەبوو هەڵپەڕکێی کوردی دەکرا، بێگومان منیش دڵخۆش بووم ئەو دراوسێم بووە و ئێستا بۆتە سەرۆک.
ئەو هونەرمەندە کەمێکیش خەمبارە لەوەی کاتێک سەرۆک مام جەلال سەردانی سوریای کردووە ویستویانە پێشوازییەکی گەرمی لە بیناکەی خۆیاندا لێبکەن و منداڵان چەپکە گوڵ پێشکەش بە جەنابی سەرۆک مام جەلال بکەن، بەڵام بەداخەوە لەبەر چڕوپڕی بەرنامەی سەردانیکردنەکەی و سەرقاڵیی مام جەلال بوار نەبووە چاویان پێی بکەوێت.


ئا: دڵان سامان
سەرچاوە:  kulilk.com   

بابەتە پەیوەندیدارەکان