رۆژی‌ 8ی‌ مارس پیرۆز بێت

کاروانی ژنان لە کوردستانی نوێ-دا بەردەوامە

10:50 - 2023-03-09
هەمەرەنگ
305 جار خوێندراوەتەوە

کاروانی خەباتی میدیایی ژنان لە کوردستانی نوێدا لە ژمارەکانی سەرەتاوە تا ئەمڕۆی سەردەمی دیجیتاڵ میدیا بەردەوامە و لەو کاروانەدا ژنان و کچان بە درێژایی 32 ساڵی رابردووی تەمەنی رۆژنامەکە شوێن پەنجەیان لە هەموو بەش و لاپەڕە و کایەکانی دیکەی تەکنیکیدا دیار و بەرچاو بووە.
جگە لەو ژن و کچانەی لە کوردستانی نوێدا وەک نووسەر و ریپۆرتەر و هەواڵساز و وێنەگر و تەکنیککار بەشداربوون لەم کاروانەدا،  ژنان پێگەی سکرتێری نووسین و ئەندامی دەستەی نووسەران و لێپرسراوی بەش و لاپەڕەیان هەبووە و هەیە.
 دیارە ئەوەش وەک بەرجەستەکردنی دید و فەلسەفەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەدیهێنانی یەکسانی و وەکیەکی لە نێوان ژنان و پیاوان و بەرپەرچدانەوەی تەرزی جیاکاریی رەگەزی لەنێو ئۆرگانەکانیدا.
بەبۆنەی 8ی مارس رۆژی دەمەزەردکردنەوەی خەباتی ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا وەک ستافی بەڕێوەبردن و دەستەی نووسەرانی کوردستانی نوێ گەرمترین پیرۆزبایی لە ژنان و کچانی ماندوونەناسی رۆژنامەکەمان و سەرجەم ژنان و کچانی ئازادیخوازی کوردستان دەکەین و هیوادارین ئەم بۆنەیە بکەنە دەرفەتێک بۆ هاوخەباتی و هاوپشتی لەگەڵ هەموو ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز بە ئامانجی گۆڕینێکی جەوهەری لە دیدگای کۆمەڵگەکەماندا سەبارەت بە رۆڵ و پێگەی ژن و دروستکردنی گوشارێکی مەدەنییانە تا حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی سیاسی و دادوەریی زیاتر بەدەنگ ژنانەوە بچن و یاسا و بڕیار و رێنمایی ئەوتۆ دەربکەن کە زامنی پاراستنی پێگە و شکۆی ژنان و کچان بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان