سێکوچکەی دەردەداری

10:03 - 2023-03-12
کەلتور
764 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

مێشک و زەینی هەموان بە سێ هۆکار پیس دەبێ، یەکەم: تەماع و چاوچنۆکی (راگا)، دووەم: رق و قین و بێزاری (دۆسا)، سێیەم: وەهم و تێنەگەیشتن (موها). چاوچنۆکی و تەماع لەسەر چاکرای دووەم دەنیشێ، واتەی ئەو کاتەی چاکرای دووەم ناهاوسەنگە تووشی «راگا» دەبێ، حەزێکی بێسنووری لە کۆکردنەوە خاوندارێتی و خۆبەخاوەنزانینی شتەکان دەبێت. رق و قین و بێزاریی لەسەر چاکرای چوارەم دەنیشێت، واتە ئەو کاتەی چاکرای چوارەم ناهاوسەنگ دەبێت تووشی «دۆسا» دەبێت و وەهم و تێنەگەیشتن لەسەر چاکرای شەشەم دەنیشێت، واتە ئەو کاتەی کەسەکە ئەم چاکرایەی ناڕێک بێ دەبێ بە کەسێکی ئایدۆلۆژیی توندڕەو، یان پێی وایە لە شتەکان بە دروستی تێگەیشتووە و بەوەش ئەم چاکرایەی پیس دەبێت. ئەم سێ حاڵەتە سەرچاوەی سەرجەم پیسی و ئاڵۆزی و نەخۆشی و ناخۆشییەکانی مێشک و جەستەی مرۆڤن، کە لەوێوە پەلدەکێشن بۆ تێکدانی ژینگە و ژیانی دەورووبەری کەسەکان و سەرجەمی گۆی زەوی. مرۆڤەکان نائاگایانە راهێنانیان کردووە تا تووانیویانە میشکی خۆیان و جەستەی خۆیان بەم سێ حاڵەتە ژاراوی بکەن، بەڵام دەبێ ئاگایانە و راهێنانی ئاگایانە بکەن تا مێشک و جەستەیان لەم سێ ژارە ترسناکە رزگار بکەن.

بۆ دەردەداریت!
زەینت بەقەرا گەردوونە، چۆن؟ چونکە زەین بۆشاییە (space) و بۆشایش بێ سنوورە. کاتێ لەم راستییە تێبگەی، یەکسەر زەینت ئارام دەبێتەوە. کەچی کاتێ پەیوەستی دەکەی بە باوەڕێک، بە نەریت و خوویەک، بە خەیاڵ و وێنایەکەوە، زەینت تا ئاستی ئەو بوار و ئەو شتە بچووک دەکەیتەوە، لەم حاڵەتەدا زەینت ساتێ ئارام و ساتێ نائارامە. لەم حاڵەتەدا تێناگەی و بەردەوام پێت وایە تێگەیشتووی و دەزانی. لەم حاڵەتەدا دەبی بە یاریی بە دەست شەپۆلەکانی زەین و ناوەرۆکی زەینتەوە. کەواتە بۆ ئەوەی زەینت هەمیشە ئارام و لەسەر هەست و بە ئاگا بێ، دەبێ هەمیشە بەتاڵ بێ، واتە پەیوەستی نەکەی بە هیچ بوار و بە هیچ شتێکەوە. ئێنجا دەکرێ هەڵگری هەر بوار و هەرشتێک بی و لە هەمان کاتیشدا لێی ئازاد بی و پەیوەست نەبی پێوەی.

تێپەڕاندنی دەردەداریی
لە کاتی قەیرانەکاندا یۆگا و یۆگییەکان یان بێ خەسار یان بە کەمترین خەسار تێدەپەڕن. بۆ وێنە ئەم راستییەمان لەم دۆخی کۆرۆنادا بە باشی بۆ دەرکەوت. هۆکارەکەی چیە؟ هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی یۆگا وزەی ژیان لە مرۆڤدا پەرە پێدەدا و پەیوەندی مرۆڤ بە وزەی گەردوونی ژیانەوە راستەوخۆتر و توندوتۆڵتر دەکا. چونکە ئەو مۆڵگانەی لە مرۆڤدا وزە وەردەگرن ناهاوسەنگ کراون و ئەم جۆگەلانەی وزەکە دەگوازنەوە تا رادەیەک گیراون، کەواتە مرۆڤ تووشی نەخۆشی و ناخۆشی زۆر دەبێ. بەڵام یۆگا وەرگرەکانی وزە چالاک و هاوسەنگ دەکاتەوە و جۆگەلەکانی وزە جۆماڵ دەکا. بەمشێوەیە کەسەکە دەبێتەوە بە بەشێک لە هێزی تاک و تەنیای ژیان. نە لە کۆندا و نە لە ئێستادا و تا هەتایەش، هیچ هێزێک نابێ لە هێزی گەردوونی ژیان (پرانا) بەهێزتر بێ!

دەرکی رزگاربوون
 ئەم راهێنانە دەتوانێ یارمەتیت بدا لە چاوچنۆکی «راگا» و رق و قین «دۆسا» و وەهم و نەزانی «موها» رزگارت بێت. راهێنانەکە بریتییە لە راهێنانێکی هەناسە! بە گوێرەی ئەزمونی یۆگی و سیستەمی زانستیی یۆگا، کە لە ئێستاوە دەکرێ ئەزموونی جەنابیشت بێ، شێواز و چۆنییەتی هەناسە پەیوەندی راستەوخۆی بە حاڵەتە جیاجیاکانی لەش و زەین و ناخەوە هەیە. بۆ نمونە کاتێ هەناسە ئارام و قووڵ و هاوسەنگە لەش و مێشک و ناخ ئارام و هاوسەنگن، لەم حاڵەتەدا تۆ بە تەواوی لە ئارامی و ئاشتی ناخەکی و دەرەکیدای.
هەر لە ئێستاوە لە حالەتە جیاجیاکاندا یەکسەر چاودێری هەناسەت بکە. بۆ نمونە کاتێ نیگەرانی، هەناسەت رووکەش و خیرایە. کاتێ تووڕەی، هەناسەت کورت و بەهێزە. کاتێ غەمگینی، هەناسەت بە شێوەی ئاەەەەە... دەردەکەوێ و...هتد. لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا هەناسە ناهاوسەنگە. هەناسەت ناهاوسەنگ بێ، تووڕە و قەلەق و نائارام دەبی، بە دەست خۆت نیە. ریشەی هەموو حالەتە جیاجیاکانی بەڕێزت لەژێر کاریگەری هەناسەت دایە. کەواتە هەناسەت ئارام بکەوە. چاودێری هەناسەت بکە. هەناسەت با بە هەردوو کونە لووتت بێ، هێمن و دێژ بێ و لە کاتی هەڵمژیندا سک بەرز بکاتەوە، چەند چرکەیەک رایبگرە و لە کاتی دانەوەدا با سک بەرەو پشت بگەڕێنێتەوە. بەوە دەڵێن هەناسەی یۆگی، یانی هەناسەی سروشتی کە ئاکامەکەی لەش و مێشک و ناخێکی ئارام و هاوسەنگە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان