ماریا، كوشتنی ئاوازێكی دەگمەن

10:08 - 2023-03-12
هەمەرەنگ
444 جار خوێندراوەتەوە

گەنم محەمەد

شەوی (6|7/3/2023) ساڵڕۆژی كوژرانی ماریا بوو، ساڵڕۆژەكەشی وەكو چارەنووسی كەیسی كوشتنەكەی بە بێدەنگی تێپەڕی. كەس تاقەتی یادكردنەوەشی نەبوو. ماریا یەكێكە لەو كچە خێر لەخۆ نەدیوانەی خێزان و كۆمەڵگا و حكومەت نەیانتوانی هێلانەیەكی ئارام و ئەمینی بۆ دابین بكەن، بۆیە بەشێوەیەكی دڕندانە كەوتە بەر رەحمەتی گوللەی ناحەق و چرای ژیانی كوژایەوە، تەنانەت بكوژەكەشی نەیزانی بۆچی ماریای كوشت و بۆچی ئەو ئاوازە دەگمەنەی بێدەنگ كرد. چونكە ئەویش نەخشەی گڵاوی مێشك بیمارەكانی جێبەجێكرد، كە چەندین ساڵە بە داسی بێڕەحمانە و عەقڵی ژەنگاوییان بە بیانووی پاراستنی شەرەفەوە دروێنەی كچ و ژنەكانی ئەم نیشتمانە دەكەن.

گورزێك لە گۆرانی كوردی درا
ئەگەرچی كوشتنی هەر مرۆڤێك تاوانێكی گەورەیە و هەر مرۆڤێك هەرچییەكی كردبێت شایانی كوشتن نییە، بەڵام ماریا تەنیا مرۆڤێكی ئاسایی نەبوو، بەڵكو سەرەڕای جوانی و یاخیبوونەكەی، خاوەنی دەنگێكی خۆش و رەسەن و بەهرەیەكی نایاب بوو، ئەگەر پەروەردە بكرایە و ئاوا زوو ئاوازی دەنگی كپ نەكرایە، بێگومان دەبووە یەكێك لەو هونەرمەندانەی ئاواز و گۆرانیی كوردی بەرەو پێشەوە دەبەن. بۆیە كوشتنی ماریا پێش هەموو شتێك زیانێكی گەورە بوو لە گۆرانی و مۆسیقای كوردی كەوت و گورزێكی كاریگەر بوو لە گۆرانی و مۆسیقای كوردی درا.
     
دەنگێك كە دووبارە نابێتەوە
دوای كوژرانی ماریا زۆر كەس ئەو چەند گۆرانییەی ئەویان بە شێوەی تر دووبارە كردەوە و بە شێوازی جیاواز چڕیانن، بەڵام هیچیان نەیانتوانی بە شێوازە تایبەتەكەی ماریا ئەو گۆرانیانە بچڕن و ئەو رۆحەی بە بەردا بكەن كە ماریای جوانەمەرگ كردبووی بە بەریاندا، چونكە ماریا خاوەنی دەنگێكی دەگمەن بوو  دووبارە نابێتەوە. بۆیە كوشتنی ماریا بزمارێكە لە ویژدانی ئەم كۆمەڵگا خەمساردەدا كە بە بەرچاویاوییەوە مرۆڤە دڵسۆز و بەهرەمەند و خەمخۆرەكانی دەكوژرێن و خوێنساردانە لێیان دەڕوانێت و هیچ هەڵوێستێكی نییە. لە كاتێكدا مرۆڤە دڵسۆز و بەهرەمەندەكان تەنیا موڵكی خێزانەكانی خۆیان نین و سامانێكی نیشتمانین پێویستە كۆمەڵگا بیانپارێزێت و داكۆكیان لێبكات.

كام دادگا و كام یاسا؟
لەلایەكی ترەوە رێگەگرتن لەم لافاوی تاوانە ئیشی حكومەتە كە لە رێگەی یاسای توند و دادگای جدیی و سەربەخۆوە، رێگە نەدات تاوانباران دوای تاوانەكانیان وەكو بەرزەكی بانان بۆی دەرچن و دەستی یاسایان نەگاتێ، یان كاتێ دەگیرێن لە زینداندا قەڵەویان نەكات و سزایان بدات. بەڵام ئایا لە سایەی حكومەتێكدا كە لە پایتەختەكەیدا دادگا بە كەیفی حزب و بەرپرسی حزبی بجوڵێتەوە و تاوانباران بەهێزی نایاساییەوە لەسەر شەقام بسوڕێنەوە و بێتاوانان لەودیو شیشەكانی زیندانەوە بن، یاسا و دادگای لەو شێوەیە مەحاڵ نییە؟ ئایا بكوژی ماریاكان هەمیشە بەرەو زیادبوون ناچن؟
ماوەتەوە بڵێم كوشتنی ماریا و ماریاكان پەڵەیەكی رەشە پێش هەموان بە تەوێڵی خاوەن عەقڵە ژەنگاوییەكانەوە كە پێیان وایە بە كوشتنی ژن دەتوانن شەرەف بپارێزن، دواتریش بە تەوێڵی حكومەت و كۆمەڵگاوە كە خەمساردانە سەیری دیمەنە دڵتەزێنەكان دەكەن. ئەمما ئەم لافاوی برین و خوێنە هەتا دنیا دنیایە بەردەوام نابێت، مێژوو پێمان دەڵێت، ئەوانەی جان داركی تەمەن نۆزدە ساڵیان بە زیندوویی سووتاند! ئەمڕۆ ناتوانن پشیلەیەكیش بسووتێنن.     

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان