کەی دەتوانێت سۆشیال میدیا بەکاربێنێت؟

10:21 - 2023-03-12
هەمەرەنگ
365 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی


لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان و لەنێو ماڵەکانماندا منداڵان مۆبایل بەکاردێنن و خاوەنی سیمکارتی خۆیانن، چونکە زۆرێک لە دایکان و باوکان بە سیمایەکی دنیای شارستانییەت و پێشکەوتن و وەک پێویستییەکی ژیانی رۆژانەی دادەنێن بۆ گەیشتن بە منداڵەکانیان لە هەر کات و لە هەر شوێنێکدا بێت، بەڵام ئەوەی جێی مەترسییە منداڵێکی شەش ساڵ بەرەو سەرەوە لەو تەمەنە زووەوە خاوەنی ئەکاونتی خۆی بێت لە پێگەیەک لە پێگەکانی سۆشیال میدیا و زۆرێک لە دایکان و باوکان درک بە مەترسیی ئەوە ناکەن چی روودەدات ئەگەر منداڵەکەیان بچێتە نێو سۆشیال میدیاوە، بە تایبەتی لەو تەمەندا کە راست و هەڵە لە یەک جیاناکاتەوە و زۆر بە ئاسانی دەکەوێتە تەڵەی ئەو کەسانەی حەزیان بە چاودێری و فریودانی منداڵان هەیە و لەڕێی سۆشیال میدیاوە رەنگە تووشی گێچەڵی سێکسی ببێتەوە و ببێتە قوربانی، کاتێکیش ئەوە رووبدات مەترسی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی منداڵەکە دەبێت و دووچاری چەندین گرێ و نەخۆشی دەروونی دەبێت، ئەگەری زۆرە تا کۆتایی ژیانی کاریگەریی بەسەر ژیانییەوە جێبێڵێت.
بەڵام باوان دەپرسن ئەی چارەسەر چییە لەم دنیای تەکنەلۆژیایەدا کە ناتوانرێت بە تەواوەتی کاریگەری تەکنەلۆژیا و سۆشیال میدیای لێ دووربخرێتەوە؟ لەو بارەیەوە گەورە پزیشکانی نەشتەرگەری د.ڤیڤیک مۆرسی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت: تەمەنی سیازدە ساڵی زۆر زووە بۆئەوەی منداڵ سۆشیال میدیا بەکاربێنێت و داوا دەکات پێوەری توندتر بۆ کردنەوەی ئەکاونت لەو پێگانە بۆ منداڵان دابنرێت پرسیاری ئەوەش دەکات ئایا تاچەند ئەو پێگانە بۆ منداڵ سەلامەتە؟
هەروەها دەڵێت: دەبێت رێوشوێنی سەلامەتی دابنرێت لەلایەن دایکان و باوکان هەروەها ئەو پێگە کۆمەڵایەتییانەوە، چونکە زۆربەیان رێگە دەدەن منداڵێک لە تەمەنی 13 ساڵیدا ئەکاونتی تایبەت بە خۆی هەبێت، هاوکات ئەو تەمەنە زۆر هەستیارە و تێیدا منداڵ لە قۆناغی گەشەپێدانی ناسنامە و بەهای خۆی و پەیوەندییەکانیدایە، بۆیە کاتێک ئاسانکاریی دەکرێت لە بەکارهێنانی ئەو پێگانەدا رەنگە زیان بە زۆرێکیان بگات.
ئەو پزیشکە دەڵێت: ئەگەر داوا لە منداڵێک بکەین بتوانێت کاتێکی دیاریکراو دابنێت بۆ مانەوە لەسەر ئەو پێگە کۆمەڵایەتییانە، ئەوە مانای وایە ئێمە منداڵیک بەرەوڕووی گەورەترین دیزاینەری بەرهەمەکان لە دنیادا دادەنێین، ئەوەش بێگومان شەڕێکی نا دادەوەرانەیە.

چەند خاڵێکی گرنگ
*منداڵ لە تەمەنی سیازدە ساڵیدا هەر بە منداڵ هەژمار دەکرێت، بۆیە چەند ساڵێکی دیکەی پێوستە تاوەکو بتوانێت سۆشیال میدیا بەکاربێنێت.
*ئەم قۆناغە قورسە، چونکە منداڵ تێیدا دەگوازرێتەوە بۆ قۆناغی هەرزەکاریی، بۆیە گۆڕانی هۆرمۆنیی زۆری تێدا روودەدات.
*لە تەمەنی سیازدە ساڵیدا شێوە و سیمای کەسێتی منداڵ لە گەشە و گۆڕاندایە، ئەوەش مانای وایە ئەو تەمەنە زۆر هەستیارە و پێویستی بە چاودێرییە.
*لەم قۆناغەدا کاتێک بەرەو هەرزەکاریی دەچێت رەنگە منداڵ تووشی یاخیبوون ببێت، بۆیە مەترسیی زیاتری لەسەرە دوای رەفتاری خراپ بکەوێت.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان